وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ بازرگانانی بواری هاوردەکردنی جۆرەکانی خۆراک و خواردنەوە ژمارەیەک ڕێنمایی ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی کرد.
لە نووسراوێکدا کە واژۆی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستانی لەسەرە تێیدا هاتووە "بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ بازرگانانی بواری هاوردەکردنی جۆرەکانی خۆراک و خواردن و خواردنەوەکان و ڕێگەگرتن لەهەر هەوڵێکی گرانکردنی نرخی کاڵا و شتومەک و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆراک و خواردن و خواردنەوەکان، بە بەڕێزتان ڕادەگەیەنین کەوا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و تاقیگەکانی پشکنین و کۆنتڕۆڵکردن و لە ناو شار و دەروازە سنوورییەکان ڕادەسپێرین بۆ ئاسانکاریکردن بۆ پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردن و هێنانی ئەم بابەتانە بەتایبەتی بابەتە سەرەکی و پێویستییەکان."
لە نووسراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە پێویستە لە هێنانی جۆرەکانی کاڵا، شتومەک، خۆراک، خواردن و خواردنەوەکان ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:-
1- ڕەچاوی کۆنتڕۆڵی جۆری و پێوەرەکانی ڕێگەپێدراو بکرێت کە مەترسی لەلایەنی تەندروستی و ژیانی مرۆڤ نەبێت.
2- ڕەچاوی دەرەنجامی پشکنینەکانی تاقیگەیی بکرێت بۆ شیاوبوون بۆ بەکارهێنانی بۆ خواردن و خواردنەوە.
3- پەیڕەوی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان بکرێت.
ئەم نووسراوەی وەزارەتی تەندروستی لەکاتێکدایە کە نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن تیمەکانی حکوومەتەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ڕێکاری توندی یاسایی بۆ ڕێگەگرتن لە گرانکردنی نرخی خۆراک و شتومەک گیراوەتەبەر.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.