Erbil 38°C چوارشەممە 06 ئایار 03:08

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران: لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا سبه‌ی ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ بكرێت.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی پوختەیەکی دەربارەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەرچوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 28 ی شوباتی 2022 سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کە تایبەت بوو بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی پێچەوانەی دەستوورە و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە، هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی دەکات، لە هەمانکاتدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور.

لە بڕگە‌ی دووە‌می کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و ڕسومات و كرێی ئە‌و خزمە‌تگوزارییانە‌ی لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان وە‌ردە‌گیرێن، خرایە‌روو، لە ‌راپۆرتە‌كەدا‌ چۆنییە‌تی ڕێكخستنە‌وە‌ی كۆكردنە‌وە‌ی ڕسومات ڕوونكرایە‌وە‌ بە‌ جۆرێك كە‌ ئە‌و داهاتانە دواتر بخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتییان. ھە‌روە‌ھا ڕاپۆرتە‌كە‌ ئە‌وە‌ی لە‌خۆگرتووە‌ كە‌ ڕسوماتە‌كان بەجۆرێک رێك دە‌خرێنە‌وە‌ كە‌ ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی و ئابووری هاووڵاتییان دە‌كرێت.

لە گرینگترین پێشنیارەکانی راپۆرتە‌كە‌ پێداچوونەوەیە‌ بە یاسا وڕێنماییە بەرکارەکان و بایەخی برەودان و پێشخستنی سیستمی ئەلیکترۆنی لە‌چوارچێوە‌ی پڕۆژە‌ی خزمە‌ت و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە‌ڕێی پۆرتاڵی خزمە‌ت (https://services.gov.krd) كە‌ بناغە‌یە‌كە‌ بۆ بە‌دیجیتاڵكردنی حكوومە‌ت و سە‌رپێخستنی سیستە‌می یە‌ك پە‌نجە‌رە‌یی كە‌ ئامانج لێی نە‌ھێشتنی رووتین و ڕووبەڕووبوونەوەی گە‌ندە‌ڵییە‌ لە‌گە‌ڵ باشتر پێشكە‌شكردنی خزمە‌تگوزارییە‌كان‌ بە‌ كە‌سی خزمە‌تخواز لە ڕووی کوالیتی وکەمکردنەوەی کات و ئەڵقەکانی پرۆسەی مامەڵەکان.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا وەزارەتی دارایی وئابووری لە سبەینێ پێنجشەممەوە دەست بکات بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات.

پاشان کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە سەر هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان و گەنم خستەڕوو کە لە چەند ڕاسپاردە و پێشنیارێک پێکهاتبوو، لە چوارچێوەی ستراتیجیەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان کردووەتە پێشەنگی ئامانجەکانی، لەو پێناوەشدا چەندین پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن، دواتریش بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی لەسەر هەمان بابەت خستەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ئامادەسازیی پێویست بۆ هەر ئەگەرێک و بڕیاریشدرا بە ڕاسپاردنی وەزیری ناوخۆ و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامییەت و ئاسایشی بازرگانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بۆ چاودێریکردنی بازاڕەکان و نابێ ڕێگە بدەن ئەو دۆخە بقۆزرێتەوە و نرخەکان گران بکرێت و بارگرانی لە سەر هاووڵاتییانی هەرێم دروست بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کرد، بەتایبەتی بەخشینی دەرماڵەی گرانی و پێدانی ئاسانکاریی بانکی لە پێدانی پێشینە و قەرز بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەتی پارێزگاکان و بەدەرکردنی هەرێمی کوردستان لەو بڕیارانە، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق سەرەڕای کەمکردنەوە و داشکاندنی ڕاستەوخۆی پابەندییە نەوتیی و داراییەکانی هەرێم بە پێی یاسای بودجە، بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵیی تا ئێستا بڕی ئەو 200 ملیار دینارەشی نەناردووە کە شایستەی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی 2020ەوە تا ئێستا (14) مانگ شایستەی هەرێمی نەناردووە، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران حکوومەتی فیدڕاڵیی بە بەرپرسیاری خەرجنەکردنی شایستەکانی هەرێم دەزانێت و جیاوازییکردن و بەدەرکردنی هەرێمی کوردستان لەو ئیمتیازاتانە و شایستە داراییەکانی بە ناڕەوا و ستەمکردن دەزانێت.

ئینجا کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی خستەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی ڕاسپارد لە پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕەشنووسی یاسای نوێی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا ئەو یاسایانەی ئێستا کاریان پێدەکرێت زۆر کۆنن، هەروەها پەلەکردن لە تەواوکردنی ڕێنماییەکانی هێنانی دەستی کاری بیانی، بە ئاراستەی ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ دەستی کاری خۆماڵی و هاوتاکردنی ماف و شایستە و خانەنشینی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە کەرتی گشتی.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری دا بە بەردەوامبوونی داشکاندنی ڕێژەی 15٪ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا لە 10ی ئاداری ساڵی 2022ەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تا 31ی مانگی ئایاری 2022 بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.