Erbil 38°C ھەینی 15 تشرینی دووەم 14:38

ئەمریکا: چەند ئاستەنگێک لە بەردەم داواکاریی پۆڵەندا بۆ پێدانی فڕۆکە جەنگییەکانی بە ئۆکراینا ھەیە

کوردستان TV
100%


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن رایگەیاند، ناردنی چەک و فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکراینا بڕیاری خودی وڵاتەکانە و رایگەیاند "چەند ئاستەنگێک ھەیە لەبەردەم داواکاریی پۆڵەندا بۆ ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی بخاتە ژێر فەرمانی ئەمریکا بەمەبەستی ناردنی بۆ ئۆکراینا.

دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵیی ئانتۆنی بڵینکن لەگەڵ ھاوتا بەریتانییەکەی ئێلیزابێس ترەس، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامدا.

بڵینکن جەختی لەوە کردەوە کە لە پرسی ناردنی چەک و فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکراینا، ھەر وڵاته‌ و بریاری خۆی دەدات.

لەبارەی راگەیاندنی پۆڵەندا لەسەر پێدانی فڕۆکە جەنگییەکانی لە جۆری میگ-٢٩ بە ئۆکراینا و ناردنی ئەو فڕۆکانە بۆ بنکەی ئاسمانیی رامستێنی ئەمریکا لە ئەڵمانیا و ئامادەبوونی بۆ ئەوەی ئەو فڕۆکانە بخاتە ژێر فەرمانی ئەمریکا، گوتی: داواکارییەکەی پۆڵەندا چەند ئاستەنگێک لەخۆدەگرێت. کاتێک بابەتەکە سەبارەت بە ھاوکاریی ئەمنی بێت ئەوا ناچارین ھەموو شتێک بە شێوەیەکی راست ئەنجام بدەین.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا لە پرسی ھاوکاریی ئەمنیی ئۆکراینا بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دیکە و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە وڵاته‌كه‌ی به‌ بڕی نزیکەی 6،5 ملیار دۆلار ھاوکاریی ئەمنی بۆ ئۆکراینا دابین کردووە.


ئانتۆنی بڵینکن ئاشكرایكرد، رووسیا تاکو ئێستا لە پلانی سەربازییدا لە ئۆکراینا تووشی چەندین شکست بووەتەوە و گوتی: خەڵکی ئۆکراینا مانەوەی ھێزەکانی رووسیا لە ئۆکراینا و دامەزراندنی رژێمێکی کارتۆنی قبوڵ ناکەن. لەم دۆخەدا شەڕەکە درێژ، خوێناوی و ماندووکەر دەبێت و بەردەوام دەبێت لە ئازاردانی رووسیا.

بڵینکن جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ خەڵکی ئۆکراینا کردەوە کە بە ھۆی ھێرشەکانی رووسیاوە ئازار دەکێشن و گوتی: لەوە دڵنیام کە پوتین شکست دەھێنێت و لە ماوەیەکی کورتدا قازانجە تاکتیکییەکانی ھەرچییەک بێت، رووسیا لە ئۆکراینا دووچاری شکستێکی ستراتیژی دەبێتەوە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.