یانه‌ی ڕیال مه‌درید گه‌یشته قۆناغی چاره‌گی كۆتایی خولی تۆپی پێی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، له گه‌ڕی هاتنی قۆناغی شازده‌ی خوله‌كه‌دا، ڕیال مه‌درید به ڕیمۆنتاداو به سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به گۆڵێك له یانه‌ی پاریس سانجێرمانی میوانی برده‌وه.
له گێمی یه‌كه‌مدا، پاریس سانجێرمان به گۆڵێك پێشكه‌وت، گۆڵه‌كه‌ش كلیان مباپێی فه‌ڕه‌نسی و ئه‌ستێره‌ی لاوی تیپه پاریسیه‌كه له خوله‌كی سیی و نۆ تۆماری كرد.
له گێمی دووه‌میش یاریزانانی ڕیال به ڕابه‌رایه‌تی كه‌ریم بێنزیمای فه‌ڕه‌نسی ئه‌م دواكه‌وتنه‌یان بۆ سه‌ركه‌وتن گۆڕی، له خوله‌كی شه‌ستویه‌كدا، بێنزیما گۆڵی به‌رامبه‌ری یانه‌ی شاهانه‌ی به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، پاشان هێرشبه‌ره فه‌ڕه‌نسیه‌كه گۆڵی دووه‌می خۆی و تیپه‌كه‌ی له خوله‌كی حه‌فتاوشه‌ش تۆماركرد، هێنده‌ی نه‌بردو دوو خولهك دواتر بێنزیما گۆڵی سێیه‌می خۆی و میوانداره‌كانی به‌ده‌ستهێناو بووه هاتریكی یاری.
هاوكات ئه‌م یاریزانه كۆی گۆڵه‌كانی له ڕیزی میرێنگی گه‌یانده سێسهدونۆ گۆڵ و له پله‌ی سێیه‌می ڕیزبه‌ندی گۆڵكارانی مێژوویی تیپه‌كه‌ی دێت له‌دوای هه‌ریه‌ك له ڕائول گۆنزالێس و كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، به‌م بردنه‌وه‌ش ڕیال مه‌درید له كۆی هه‌ردوو گه‌ڕی چوون و هاتنی قۆناغی شازده، به سێ گۆڵ به‌رامبه‌ر به دوو گۆڵ پێش پاریس سانجێرمان كه‌وت و گه‌یشته قۆناغی هه‌شت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.