Erbil 38°C چوارشەممە 06 ئایار 00:06

دوای‌ ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆكی حكوومه‌ت.. گرێبه‌ستی به‌شی سێیه‌می پڕۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری واژوو كرا

کوردستان TV
100%

دوای ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرێبەستی بەشی سێیەمی پرۆژی شەقامی 150 مەتریی شاری هەولێر واژوو كرا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگه‌یاند كه‌ تێچووی ئەم بەشەی شەقامەكە زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلارە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی كۆمپانیای هێمن گرووپ و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، گرێبەستی بەشی سێیەمی پرۆژەی شەقامی 150 مەتری هەولێر لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار واژوو كرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كاتی واژووكردنی گرێبەستەكەدا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە كە تێیدا دەستكەوتێكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەش بە كوردستان و پایتەخی كوردستان دەكرێت، ئەویش واژووكردنی گرێبەستی بەشی سێیەمیی پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی بازانەیی هەولێرە كە ڕێگەی هەولێر-بەحركە و بەستانەوەی ئەو دوو پارچەیە بە ڕێگەی هەولێر-گۆپاڵەوە بە درێژایی زیاتر لە شەش كیلۆمەتر لەخۆ دەگرێت.

گوتیشی: تێچووی ئەم بەشەی پرۆژەكە زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلارە و تەواوكەری هەردوو پارچەكەی تری پرۆژەی شەقامی بازنەیی 150 مەتریی هەولێرە. لەبارەی گرنگیشی گوتی: دەبێتە پرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ خزمەتكردنی پایتەختی هەرێم و دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی.

هه‌روه‌ها گوتی: ئەم بەشەی پرۆژەكە جگە لە شەقامە سەرەكییەكانی، شەقامی خزمەتگوزاری و پەرژینبەندی خۆپارێزی و سیستەمی ئاوەڕۆی هەیە، ئەم پرۆژەیە بەڵێنێكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ بەردەوامبوون لە خزمەتكردن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە خەڵكی كوردستان و خاڵێكی ترە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە هەموو جارێك جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕژدییەوە جەخت لە هەموو دامودەزگەكانی حكوومەت دەكات بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە كارە خزمەتگوزارییەكان.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی كرد و ڕایگه‌یاند: بە خۆشحاڵییەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی شاری هەولێر دەكەم كە بەشێكی تر لەو پرۆژە ستراتیژییە گەورەیە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و هیوادارین كۆمپانیای هێمن گرووپ بە كوالیتییەكی بەرز و پێش وادەی دیاریكراوی خۆی تەواوی بكات.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.