کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر هەڵکشانەکانی توندوتیژی و کوشتن دژ بە ئافرەتان دەربڕی و ڕایگەیاند، پێویستە کوشتن لەسەر شەرەف وەڵامدانەوەیەکی یاسایی بەدوادابێت و ئەنجامدەرانیان بەرپرسیار بکرێن.
ئەمڕۆ هەینی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ڕاگەیەنراوێکی لەسەر کوشتنی ئیمان سامی(ماریا) هەڵکشانی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ىڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هاوبەشی پەرۆشی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەکات دەربارەی هەڵکشانەکانی بەم دواییانەی توندوتیژی و کوشتن و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و پێکهاتە پەراوێز خراوەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان."
ڕاشیگەیاند: دەبێت ئەوەی پێی دەوترێت کوشتن لەسەر شەرەف وەکو کوشتنەکانی بەمدواییانەی ئیمان (ماریا) سامی مەغدید و مریەم یەعقوب و عەیدێ محەمەد لێکۆڵینەوە دەربارەیان ئەنجامبدرێت و وەڵامدانەوەیەکی یاسایی بەدوادابێت و ئەنجامدەرانیان بەرپرسیاربکرێن.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە هانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدەین بۆ بەردەوام بوون لەسەر هەنگاونانی مانادار بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و پارێزراوی و پاراستنی مافەکانی هەموو هاووڵاتییان و هەروەها ئێمە بۆ هاوکاری ئامادەین."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.