بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئەمشەو هەینی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ دەستیان بەسەر بڕێک ماددەی هۆشبەردا گرتووە.
لە ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتییەکە هاتووە "لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری ناحییەی چوارقوڕنە لە جۆری پێکدادان کە دوای کەوتنەوەی برینداربوون لە ڕووداوەکە لە ئۆتۆمبێلی جۆری (نیسان سەنی) بڕێک ماددەی هۆشبەر دۆزرایەوە."
ئەوەشی خستەڕوو "ئەمەش لەکاتێکدابوو کە هەریەک لە شوفێر و سەرنشینانی ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان سەنی بەناوەکانی (ح. ا. خ.) لە ڕەگەزی نێر لەدایکبووی ساڵی 2000، (ی. ش. ع.) لەدایکبووی ساڵی 1998 لە ڕەگەزی نێر، (ا. ح. م.) لە ڕەگەزی نێر لەدایکبووی ساڵی 1990، (ا. ع. غ.) لەدایکبووی ساڵی 1999 ڕەگەز نێر، سەرجەمیان بە ڕەگەز عەرەبن و دانیشتووی بەغدادن."
جەختیشی کردەوە کە سەرجەم ناوبراوانی سەرەوە لە پۆلیسی دووکان دواکراو بوون بە یاسای ماددە هۆشبەرەکان، دوای ئەوەی لەلایەن بنکەی پۆلیسی بیتوێن لە ناحییەی چوارقوڕنە مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوی هاتووچۆکە کرایەوە و دەستیان بە پشکنینی ئۆتۆمبێلەکە کرد و بڕێک ماددەی هۆشبەر لە ناو ئۆتۆمبێلەکە دۆزرایەوە و لەلایەن پۆلیس دەستی بەسەردا گیرا.
پۆلسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشدا "هاوکات دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکە هەندێک کارتی نشینگە لەناو ئۆتۆمبێلەکە دۆزرایەوە کە گومانی ساختە کردنیان لێدەکرا. بۆ ئەو مەبەستەش بە بڕیاری دادوەر ناردران بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بەمەبەستی دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی کارتی نشینگەکان."
ڕوونیشی کردەوە کە سەرەڕای کردنەوەی مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوی هاتووچۆکە، مەلەفی لێکۆڵینەوەش بەپێی یاسای ماددە هۆشەبەرەکان بۆ شوفێر و سەرنشینانی ڕووداوەکە کرایەوە، هەروەها بە بڕیاری دادوەر بۆ پۆلیسی دووکان نێردران، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە بەپێی یاسای مادەهۆشبەرەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.