وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاند، سوپای رووسیا کە هێرشی سەر وڵاتەکە دەکات، 353 تانک و 57 فڕۆکە و 83 هێلێکۆپتەری لەدەستداوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماری زیانەکانی سوپای رووسیای لەماوەی نێوان 24ی شوباتی رابردوو تاوەکو 11ی ئادار بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە هەر لە هەمان ماوەدا، زیاتر لە 12 هەزار سەربازی رووسی لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆسەر ئۆکراینا کوژراون.
ئەوەش روونکراوەتەوە، سوپای ئۆکراینا 57 فڕۆکە، 83 هێلێکۆپتەر، 353 تانک، هەزار و 165 زرێپۆش، 125 تۆپهاوێژ، 58 راجیمە، 31 سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەربە سوپای رووسیای تێکشکاندووە.
وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەشکردووە کە سوپای رووسیا لە ماوەی ئەو 16 رۆژەدا هەروەها 558 ئۆتۆمبێلی سەربازیی، سێ بەلەم، 60 تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنیی، حەوت فڕۆکەی بێفڕکەوانی لە ئۆکراینا لەدەستداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.