سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رفاندنی سەرۆکی شارەوانی شاری مێلیتۆپۆڵ باشووری ئەو وڵاتە لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە بە "تاوانی دژبە دیموکراسی" وەسف کرد.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و لە بارەی جەنگی رووسیا دژبە ئۆکراینا، روونکردنەوەی خستەڕوو و ئاماژەی بە رفاندنی سەرۆکی شارەوانی شاری مێلیتۆپۆڵ، ئیڤان فێدۆرۆڤ کرد و رایگەیاند:
رفاندنی سەرۆکی شارەوانی شاری مێلیتۆپۆڵ، تاوانێکە نەک تەنها دژبە گەل و شارەکانی ئۆکراینا بەڵکو دژبە دیموکراسیش.
سەرۆکی ئۆکراینا باسیشی لە قۆناغی گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی وڵاتەکەی کرد و گوتی: هەرچەندە یەکەکانی رووسیا، ئاستەنگ بۆ رێڕەوەکانی تایبەت بە هاوکارییە مرۆییەکان دروست دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ لە شارەکانی ئەنەرهۆدار، بووچا، هۆستۆمێل و کۆزارۆڤیچ، حەوت هەزار و 144 هاووڵاتی مەدەنی گواستراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان. لە رۆژانی داهاتووشدا کار بۆ گواستنەوەی دانیشتوانی ناوچە گەمارۆدراوەکان دەکەین.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش دا کە شاری ماریۆپول لەلایەن سەربازانی رووسیاوە گەمارۆدراوە و رایگەیاند، سەربازە رووسەکان، رێگەیان نەدا هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە شاری ماریۆپول و بەردەوامن لە ئەشکەنجەدانی دانیشتوانی شارەکە.
سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ژمارەی ئەو سەربازە رووسیانەی لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە کوژراون، 12 هەزاری تێپەڕاندوە و هەزاران سەربازی دیکەش بەدیل گیراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.