وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی پێشھاتە سیاسیی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردەوە، فوئاد حوسێن لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئانتاڵیا لەگەڵ محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا، چۆنێتی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و قەتەر کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی ھەردوو وڵات بکات تاوتوێ کراوە، بەتایبەتیش کاراترکردنی لیژنەی ھاوبەشی عێراقی-قەتەری بەجۆرێک رەنگدانەوەی ھەبێت لەسەر کەرتەکانی وەبەرھێنان، گەشەپێدان و ھاریکاری.
باسی لەوەش کردووە لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها لەبارەی پێشھاتە سیاسیی و ئەمنییەکانی ناوچەکە گفتوگۆکراوە و بیروڕاش لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەیش داوە کە وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە، قەتەر پابەندە کە رۆڵێکی کارا بگێرێت لە پڕۆسەی دووبارەئاوەدانکردنەوەی عێراق و گوتوویەتی، پاڵپشتی لە گەلی عێراق و یەکھەڵوێستی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە عێراق دەکەین و ئومێد دەکەین لە ماوەکانی داھاتوودا، حکوومەتی نوێی عێراق پێکبھێندرێت.
دوێنێ ھەینی بە بەشداری ژمارەیەک سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەورووپا و عەرەبی، کۆڕبەندی دیپلۆماتیی ئانتاڵیا دەستی پێ کرد کە تا رۆژی 13ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.