سیاستمەدار و سەرۆکى دەزگەی ئایندە لە واشنتۆنەوە لەبارەی پەیوەندیکردنی حەشدی شەعبی بە سوپای ڕووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکراینا هۆشداری دەدات، ڕایگەیاند کە ئەمە پێچەوانەی دەستووری عێراقە و لە بەرژەوەندی وڵاتەکە نییە.
ئینتفاز قەنبەر سیاستمەدار و سەرۆکى دەزگەی ئایندە لە واشنتۆن لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: بەرپرسانی ڕووسیا ڕایانگەیاندووە کە 16 هەزار خۆبەخش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەتایبەت لە عێراق و سووریا لەژێر ناوەکانی حەشدی شەعبی و کۆمەڵەی عەلەوییەکان لە سووریا و حزبوڵای لوبنانی خۆبەخشانە لەپاڵ سوپای ڕووسیا دژ بە ئۆکراینا شەڕ دەکەن.
ڕاشیگەیاند:پەیوەندیمان بە سووریا و لوبنان نییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە سەدان عێراقی لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی لەو شەڕەدا لەپاڵ سوپای ڕووسیا بەشدارن، ئەمە پرسێکی مەترسیدارە و پێویستە وەک عێراقییەکان هەڵوێستی بێلایەنمان لەو شەڕەدا هەبووایە و بە هەموو ئەگەر و تواناکانمان یارمەتیدەر بوواین بۆ ئەوەی شەڕەکە کۆتایی پێ بهێنرێت.
قەنبەر ڕوونیشی کردەوە کە لە بەرژەوەندی ڕووسیا و ئۆکراینا و جیهانیش نییە ئەم شەڕە بەردەوام بێت، ئێستا ئۆکراینا هەناردەکردنی گەنمی بۆ چەندین وڵات ڕاگرتووە کە لەنێویاندا عێراقیشی تێدایە. جەختیشی کردەوە کە عێراق دژی ئەم شەڕەیە، چونکە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە.
ئینتفاز قەنبەر هەروەها گوتی: بەشداریکردن لەمشەڕەدا دژی دەستووری عێراقە و پێموایە هیچ سوودێک لە بردنەوەی ڕووسیا یان ئۆکراینا وەرناگرین.
ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بەوەشدا کە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە لە هیچ ململانێیەکدا تێوەگلان بکەین، پێچەوانەی ڕژێمی پێشوو، چونکە ئەم سەردەمە تێپەڕی و پێویستە عێراق بێلایەن و ئاشتیخواز بێت، لەپێناو ئەوەی مەترسی لەسەر عێراق دووربخرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.