Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 05:46

په‌یامێك له‌ د.کەمال کەرکوکی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکوك -گەرمیانه‌وه‌

کوردستان TV
100%


د. کەمال کەرکوکی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکوك -گەرمیان له‌ ساڵیادی ڕۆژی 14 ى 3 ى 1991 رۆژی ئازاد كردنی شاره‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

پێشەکی سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفالکراو

سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان 

سلاو بۆ جەماوەری  مەرد و سەربەرزی بادینان کە لە 14-3 -1991 ھەموو ھەڵۆ ئاسا و شان بەشان پێشمەرگە قەرەمانەکانی لقی یەکی سەربەرز  ھەڵمەتیان بردە  سەر داگیرکەران وگشت بادینان ئازاد کرا.

سلاو بۆ رۆحی پاکی ئەستێرە بەرزو گەشەکانی  ئاسمانی کوردایەتی بارزانی مستەفا و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زندوو و گشت شەھیدەکانمان.

سەرەڕای سەختی و دژواریی بارودۆخی ئەو سەردەمەی کوردستان، بە چۆڵکردنی شریتی سنووری کوردستانی باشوور لەگەڵ سنوورەکانی تورکیا و ئێران و، پرۆسەی نەنگی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان و، کۆتاییھاتنی شەڕی عێراق و ئێران و، لەخۆباییبوونی ڕژێمی دیکتاتۆری بەغدا، پێش داگیرکردنی کوەیت، لە لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان  لەسەر ڕێنمای و فەرمانی ڕێزدار جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیارمان دا بچینەوە ناو کوردستان و بە شێوەی پارتیزانی لەسەر خاکی کوردستانی داگیرکراو دەس بە نوێژەنکردنەوەی ڕێکخستنەکانی سیاسی و سەربازی بکەین و ھەڵمەت بەرینە سەر ھێزەکانی داگیرکەران لە سنووری لقی یەکی پارتیمان لە بادینان و، ناوچەکەیان لێ پاك بکەینەوە.

دوای ماوەیەک کارکردن بە باوەڕی تەواو بە خۆ و، بە ڕەوایەتیی پرسی کوردستان و، باوەڕ بە سەرکەوتن، توانیمان ڕێکخستنی زۆر باش و بەھێز لە پارێزگای دھۆك  و قەزا و ناحیەو گوندەکانی دابمەزرێنین و، پەیوەندی باشیش لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پێشووی ناوەوەی پارتیمان دروست بکەینەوە و، ھێڵی پەیوەندی دابنێین و، لەگەڵ کەسایەتی و سەرۆك عەشیرەتەکانی ناوچەکەش پەیوەندیەکی باش دابنێین و، ئەوانەشی کە لەو کاتەدا چەکداری ڕژیم بوون بۆ لای خۆمانیان ڕابکێشین و دژ بە ڕژێم ڕۆڵیان  ھەبێت.

پێشمەرگە ھەڵۆکانی لقی یەکی پارتیمانیش لە ھەموو شوێنێك زۆر ئازایانە و مەردانە دەستیان لە داگیرکەران دەوەشاند.

دوای کۆتا ھاتنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، عێراق بووبووە خاوەن سوپایەکی زۆر و پڕچەك کە ئەگەری هەبوو ببێت بە هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر حوکمڕانییەکەی بەعسی دیکتاتۆر، بۆیە دەبوو ڕژیم خۆی لێ ڕزگار بکات و ژمارەیان  کەم بکاتەوە و چەکیان بکات، یا تووشی شەڕێکی دیکەی ھەرێمییان بکات. ئەوە بوو لە 2-8 بە فەرمانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس کوەیت لە لایەن سوپای عێراق داگیر کرا و، بەمەیش زەمینە بۆ ڕزگارکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان لە داگیرکەران گونجاوتر بوو.

لەو کاتەشدا بەرەی کوردستانی لە گشت لایەنە سیاسیەکانی ناو کوردستان پێك ھاتبوو و، زوڵمی ڕژێمی بەعس و سەدامی دیکتاتۆر بووبووە ھۆی ئەوەی ھەموو دڵسۆزێکی ئەم نیشتمانە ئارەزوی نەمانی ئەو ڕژیمە و سەدامی دیکتاتۆر  بکەن  و، باوەڕی تەواویان بە پێشمەرگە و سەرکردایەتیی شۆڕش ھەبێت.

ئەو کاتە ڕێزدار مسعود بارزانی  سەرۆکایەتیی بەرەی کوردستانی و سەرپەرەشتیی سەرھەڵدانی لە ناوەوەی کوردستان دەکرد و ڕێزدار خوالێخۆشبوو مام جەلالیش لە دەرەوەی وڵات کاری دیبلۆماسیی دەکرد.
ئێمەش لە لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر بە ئەمری ڕێزدار جەنابی سەرۆك بارزانی چوبوینەوە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان لە ناوچەی بادینان.
پلانی ڕزگارکردنی  دھۆك و گشت ناوچەی بادینانمان  داڕشت و ڕۆژی ھاتنە دنیای سەرۆکی نەتەوەیی کورد نەمر مستەفا بارزانی- مان بۆ ئەو مەبەستە دیاری کرد، کە لە 14-3 -1991لەو ڕۆژەدا بادینان بەتەواوەتی ڕزگار بکەین. بە ناردنی مەفرەزەکانی پێشمەرگەی پارتیزان و جێگیرکردنیان بە پشتوانی و ھەماھەنگیی ڕێکخستنەکانی ناو شاری دھۆك و قەزا و ناحیەکان بەھێز کردنی مەفرەزەکانی پێشوی ناو شارەکان و زەمینەمان ئامادە کرد و، پاشان بە لادانی چەند سوپا و فەوجێکی سەربازیی ڕژێم لە سەر ڕێگای ھێزی لقی یەك، لە چەم جوو  و ئەترافی کە ھەبوون ئەوش لە 13-3- لە لایەن پێشمەرگە سەربەرزەکانی لقی1ی تێکۆشەر دەستگیر کران و، لە ھەمان کاتدا جولاندنی ھێزی چەکدارو ڕێکستنەکانمان لە ناو زاخۆ و ناردنی مفارزی زیاتری ھێزەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ ناو شارەکان بەتایبەت بۆ دھۆك و، دیاریکردنی کات ژمێری  سفر بۆیان بۆ دەسپێکی ھەڵمەت ، لە 14-3 -1991 ، کە دەکاتە ڕۆژی ھاتنە دنیای نەمر سەرۆكی ڕۆحی نەتەوه‌ییمان مستەفا بارزانی ، لەگەڵ ھەڵمەتی پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتی بۆ سەر داگیرکەران، دەنگی گولە و ئارپیجی وەکو بڵێسەیەک بوو بۆ ھەڵمەتی ھێزی لەبننەھاتووی گەلی کوردستان لە ھەموو بادینان، ھەمو کچ و کوڕ و پێشمەرگە و ھاووڵاتی بە شادی دامودەزگاکانی ڕژیمیان لەبن ھەڵتەکاندو دھۆك و زاخۆ و گشت بادینان بەتەواوەتی ئازد کران.
لێرەدا سوپاسی ڕادیوی دەنگی کوردستان دەکەین کە ڕۆڵێکی یەکجار زۆریان ھەبوو لە گەیاندنی دەنگی ھەق و ھەواڵە دروستەکان بە جەماوەری سەربەرزی کوردستان.
پیرۆز بێت یادی ڕزگار کردنی دھۆك و زاخۆ و گشت بادینان .
سلاو لە ڕۆحی  پاکی باوکی  نەتەوەیی  کورد مستەفا بارزانی 
کە لەڕۆژی ھاتنی بۆ دنیا بادینان بەتەواوەتی ڕزگار کرا.

دکتۆر کەمال کەرکوکی 
 سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی 
کەرکوك -گەرمیان 
 

کوردستان هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.