Erbil 38°C شەممە 07 ئازار 19:21

یه‌كێتی ئه‌ورووپا پشتگیری خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌

کوردستان TV
100%


سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌.

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/3/15  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌  ڤیلله‌ ڤاریۆلا باڵیۆزى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و خاتوو ئان مێسكانه‌ن سه‌رۆكى نێرده‌ى ڕاوێژكاریى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ عیراق كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى عیراق و ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌مى، هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر، هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى عیراق، ئاماده‌یى و ڕۆڵ و چالاكیى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ بواره‌ جیاكاندا له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاریكاریى نێوانیان، پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران و مافى مرۆڤ و ئازاد‌ییه‌كان، دۆخى شه‌ڕ له‌ ئۆكرانیا و كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى، تاوتوێ كران.
 باڵیۆزى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ عیراق پوخته‌یه‌كى له‌ كار و چالاكییه‌كانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و دامه‌زراوه‌كانى له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و پلانى داهاتوویان پێشكه‌ش كرد و جه‌ختى له‌ خواستى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان و یارمه‌تیدانیان بۆ به‌هێزكردنى دامه‌زراوه‌كان، به‌ڕێوه‌بردن، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، كه‌رتى وه‌به‌رهێنان و سیستمى بانكى‌، دووپات كرده‌وه‌.
 نێرده‌ى ڕاوێژكاریى یه‌كێتیى ئه‌ورووپاش هه‌موو ئاماده‌یى و پشتگیرییه‌كى نێرده‌كه‌یانى بۆ پێشكه‌شكردنى هاریكارى و پشتگیرى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان نیشان دا تا له‌ بواره‌ مه‌ده‌نییه‌كاندا یارمه‌تیده‌ر بن و هه‌رێمى كوردستانیش بتوانێت سوودمه‌ند بێت له‌ به‌رنامه‌كانى نێرده‌ى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و كاركردنى له‌سه‌ر‌ چاكسازى له‌ كه‌رتى سڤیلدا كه‌ بواره‌كانى تایبه‌ت به‌ تاوانى ڕێكخراو، كۆچى نایاسایى، پاراستنى شوێنه‌واره‌كان، به‌ڕێوه‌بردنى قه‌یرانه‌كان، بابه‌ته‌كانى جێنده‌ر، دادوه‌رى و چه‌ند بوارێكى دیكه‌، ده‌گرێته‌وه‌.
لاى خۆیه‌وه‌  نێچیرڤان بارزانى سوپاسى هه‌ڵوێستى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى ده‌رباره‌ى هێرشى مووشه‌كیى بۆ سه‌ر هه‌ولێر كرد و جه‌ختى له‌ گرنگیى ئاماده‌یى و ڕۆڵى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و دامه‌زاروه‌كانى له‌‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌توانن له‌ بواره‌ جیاكاندا یارمه‌تیده‌ر بن، به‌تایبه‌تى له‌ بواره‌كانى دیموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ و چاكسازى و دادوه‌رى و گه‌لێك بوارى دیكه‌دا كه‌ بۆ ئێستا و داهاتووى عیراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.