Erbil 38°C شەممە 07 ئازار 16:26

ئەنجوومەنی وەزیران چەند پرسێکی گرنگی تاوتوێ کرد

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی گفتوگۆی لەبارەی پرسەکانی تایبەت بە بەرزڕاگرتنی ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بە پارێزگاکردنی، هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، چارەسەرکردنی کێشە و ناڕەزایی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و مووچە کرد.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن کۆبووەوە.

ڕاشیگەیاند: لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا کە تایبەت بوو بە بەرزڕاگرتنی یادی سی و چوارەمین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لەلایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارەیەک پێشنیار و داواکاری  پارێزگای هەڵەبجە خرانەڕوو لە بوارە جیاجیاکانی تەواوکردنی هەیکەلیەتی ئیداریی پارێزگاکە و پڕکردنەوەی پێداویستی میلاک و دامەزراندن بۆ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بوودجەی پارێزگاکە و پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریی گشتی و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا و پێدانی تایبەتمەندێتی بە پارێزگا لەڕووی ئیداریی و داراییەوە وەک پارێزگایەکی نوێ، هەروەها بابەتی تێستی دی ئێن ئەی ( DNA) بۆ منداڵە ونبووەکان و چەند داواکاریی وپێشنیارێکی دیکە کە لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرابوون، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە پێویستی خزمەتکردنی هەڵەبجە وەک ئەرکی لە پێشینەی حکوومەت بە شێوەیەک شایستەی هەڵەبجە بێت، دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکی لەپێشینەی حکوومەتە کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکات.

هەروەها ڕایگەیاند: دوای گفتوگۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا، لێژنەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕابسپێرێت بۆ بەدواداچوونی خێرا و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو یاداشتە بە ئاراستەی خزمەتی زیاتری پارێزگای هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی ئەم پارێزگایە، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و دەستووریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانییانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ هەروەک لە ماددەی 132ی دەستوور ئەم بەرپرسیاریەتیيە بە ئاشکرا خراوەتە ئەستۆی دەسەڵاتە فیدڕاڵیيەکان.

لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەوە هەروەها ئەوەش هاتووە "بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی هێرشە مووشەکیەکەی سەر شوێنی نیشتەجیبوونی هاووڵاتییانی هەولێر لە بەرەبەیانی ڕۆژی 2022-3-13 و بەسەرکردنەوەی شوێنەکە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و شاندی یاوەری."

ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە هێرشە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەروەری عێراق و پێویستە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگری لەم جۆرە هێرش و دەستدرێژیانە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.

هەروەها ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە ئەو تۆمەت و بوختانانەی دەدرێنە پاڵ هەرێمی کوردستان، هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە. بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانیشەوە وێڕای دووبارە بەتوندی سەرکۆنەکردنی ئەو هێرش و پەلامارە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەولێر، ئەنجوومەنی وەزیران داوای کرد، لێژنەیەکی نێودەوڵەتیش کە لە نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان.

ڕاشیگەیاند: لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕابسپێرێت کە پێویستە لە ئێستا زیاتر بەپێی تایبەتمەندێیتیان بەرپرسیاریەتی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ناڕەزایی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگرنە ئەستۆ، بەپێی تایبەتمەندێیتی هەر وەزارەتێک و لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵات وبەرپرسیاریەتیان، کە ئەمە ئەرکی وەزارەتەکانە نەک تەنها ئەنجوومەنی وەزیران، لەم ڕووەشەوە وەزارەتەکان پلانی خۆیان دەخەنەڕوو لەڕووی پێدانی دەسەڵاتی پێویست پێیان و برەودان بە میکانیزمیی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بە شێوەیەک پێویستە چاڵاکتر لە ئێستا بە دەنگ داواکاریی و پێداویستیەکانی هاووڵاتییانەوە بچن، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانی وەزارەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەتیسنەکردنی دەسەڵات لە دیوانی وەزارەتەکان.

ئاماژەی بەوەش دا کە لە دوابڕگەشدا ئەنجوومەنی وەزیران دڵنیایی بە مووچەخۆران دا کە پارەی پێویست دابینکراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و وەزارەتی دارایی وئابووری لە ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزیشدا بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.