Erbil 38°C شەممە 07 ئازار 14:43

وه‌زاره‌تی دارایی وه‌ڵامی سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌م سه‌باره‌ت به‌ دیارنه‌مانی داهاتی پارێزگای سلێمانی و نه‌بوونی پاره‌ بۆ مووچه‌ و خزمه‌تگوزاری، به‌ نووسراوێكی چوارخاڵی وه‌ڵامی سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی دایه‌وه‌.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت: ئێوارەى (14/3/2022) لە چاوپێکەتنێکدا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (دكتۆر عیزەت سابیر) سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، هێرشێكی ناڕەوایی كردە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری كە گوایە "وەزارەتی دارایی بانكەكانی سلێمانی ناچار دەكات كە هەرچی داهاتیان هەیە بیدەن بە مووچە بۆیە پارەیان نامێنێت بۆ خزمەتگوزاری".

وه‌زاره‌تی دارایی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ زانیارییه‌كانی ئه‌م ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نادروسته‌ و به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك دادی چارەسەری كێشەكان پارێزگای سلێمانی نادات.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ بە درێژایی ساڵی 2021 بانكی ناوەندی هەرێم-سلێمانی ڕێنماییەكانى ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی جێبەجێ نەكردووە، تایبەت بە چۆنییەتی دابەشكردنی سیوولە و ئەولەوییەتى مووچە و سەربەخۆ ڕەفتاری كردووە، سەرئەنجام كێشەیەكی گەورەی سیوولەی دروستكردووە و تەنانەت دەستی بردووە بۆ ئەو سیوولانەش كە هی هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەتن.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بە گرینگ و پێویستمانزانى ئەم ڕوونکردنەوە بدەین بۆ ئەوەى ڕاستییەکان وەک خۆى و بە شەفافانە بەهەموو لایەک بگات:-

1- وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هیچ شێوەیەك هیچ بانكێكی سلێمانی و بانكی ناوەندی هەرێم - سلێمانی ئیجبار نەكردووە هەموو داهاتی ناوخۆ بدات بە مووچە، بەڵکو ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى ئەولەوییەتى داوە بە دابەشکردنى مووچە و باقییاتى کە دەمێنێتەوە. مانگانە هەبووە و لەبەردەست بووە بۆ پێداویستییەکانى تر، بەڵام بە پێچەوانەوە بە درێژایی ساڵی 2021 بانكی ناوەندی هەرێم-سلێمانی ڕێنماییەكانى ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی جێبەجێ نەكردووە، تایبەت بە چۆنییەتی دابەشكردنی سیوولە و ئەولەوییەتى مووچە و سەربەخۆ ڕەفتاری كردووە. سەرئەنجام كێشەیەكی گەورەی سیوولەی دروستكردووە و تەنانەت دەستی بردووە بۆ ئەو سیوولانەش كە هی هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی حكوومەتن و لە ژمارە حیسابی خۆیاندا بووە و کە یاسا ڕێگە بە دەستكارییان نادات.

2- پرۆسەی نەوت لە دەرهێنانی تا فرۆشتنی لەو ساڵانەدا بووە كە د. عیزەت سابیر پەرلەمانتار و سەرۆكی لیژنەی دارایی بووە و حیزبەكەشی بەشداربووە لە حكوومەتدا و هەرچی تایبەتە بە پرۆسەی نەوت بێئاگاداری تیمی(یەكێتی) نەبووە لە كابینەی پێشوو و ئێستاش. ئەگەر هەڵەیەك هەبووبێت لەوێوە دەستی پێكردووە. نەك لە كابینەی نۆیەم و وەزارەتی دارایی ئێستا.

3- وەزارەتی دارایی تەنیا بەرپرس و ئاگادارە لەو بڕە داهاتەی نەوت كە مانگانە دەگاتە ئەژمێری وەزارەتی دارایی و بەس. پرۆسەی فرۆشتن لە هیچ كابینەیەكدا كاری وەزارەتی دارایی نەبووە و ئێستاش كاری وەزارەتی دارایی نییە. تەنیا بۆ زانیاری و سەلماندن بۆ ئەم دوو مانگەی دوایی بڕی داهاتی نەوت كە هاتۆتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی و لێی ئاگادارە بۆ مانگى (1) 486 و مانگى(2) 488 ملیۆن دۆلار بووە و بەس. ئەگەر دكتۆر داوای شەفافییەت دەكات حەقبوو پێش ئاماژەكردن بۆ وەزارەتی دارایی لەگەڵ تیمی یەكێتی بەشدار لە حكوومەتدا ئەم پرسەی تاوتوێ بكردایە، چونكە بە ژمارەی وەزیر و پێگەیان لە پێشەوەن.

4- زانیارى نادروست دادی چارەسەری كێشەكان نادات. بانكی ناوەندی هەرێم- سلێمانی هەرچۆن دەستی بردووە بۆ ئەژمێری كەسی و تایبەتی و فەرمانگەكانی حكوومەت، كێشەی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و دەرمانیش هەر لەوێوە سەرچاوەی گرتووە.

وه‌زاره‌تی دارایی له‌ كۆتاییدا وه‌ك تێبینی ئاشكرای ده‌كات كه‌ تێكڕای داهاتی ناوخۆی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ شەش مانگی كۆتایی ساڵی 2021 نزیكەی 120 ملیار دینار بووە مانگانە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.