Erbil 38°C ھەینی 15 تشرینی دووەم 09:38

زێلێنسكی كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی دانوستانه‌كانی ئۆكراینای له‌گه‌ڵ رووسیا راگه‌یاند

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی ئۆكراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی رایگه‌یاند، كاری له‌ پێشینه‌ی دانوستانه‌كانی ئۆكراینا له‌گه‌ڵ رووسیا كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕ و پێكدادان، دڵنیاییدانی ئه‌منی و پاراستنی سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی ئۆكراینایه‌.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا كه‌ شه‌و بڵاو كرایه‌وه‌ رایگەیاند كه‌ كاری له‌ پێشینه‌یان پاراستنی ده‌وڵه‌تی ئۆكراینایه‌ و گوتی: "كاره‌ له‌پێشینه‌كانمان له‌ دانوستانه‌كاندا روونن؛ كۆتایی هێنان به‌ شه‌ڕ و پێكدادان، دڵنیاییدانی ئه‌منی، پاراستنی سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی ئۆكراینا و دڵنیاییدان و پاراستنی وڵاته‌كه‌مان به‌ڕاستی".

سه‌رۆكی ئۆكراینا داوای له‌ سه‌ربازانی رووسیا كرد كه‌ باشتره‌ چه‌كه‌كانیان دابنێن، نه‌ك له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا بكوژرێن.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه‌ كه‌ فڕۆكه‌كانی رووسیا به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌و باڵه‌خانه‌یان لە ماریۆپول گه‌مارۆدا و بۆردومان كرد كه‌ سه‌دان كه‌س له‌وێ خۆیان حه‌شار داوه‌ و له‌ ئاكامی بۆردومانه‌كه‌دا باڵه‌خانه‌كه‌ رووخاوه‌ و گوتی: "هێشتا ژماره‌ی كوژراوان نه‌زاندراوه‌. دڵم وه‌خته‌ شه‌ق ده‌بێت به‌هۆی ئه‌و شتانه‌ی رووسیا به‌سه‌ر ماریۆپول و ناوچه‌ی دۆنێتسك ده‌هێنێت. جیاوازیی چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی کە ئێستا خراوه‌ته‌ سه‌ر شاری ماریۆپول و گه‌مارۆدانی شاری لینینگراد له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی دووه‌مدا؟.

سه‌رۆكی ئۆكراینا به‌ پێویستی زانی وڵاتان سزای زیاتر به‌سه‌ر رووسیادا بسه‌پێنن و زیاتریش هاوكاری وڵاتەکەی بكه‌ن.

ناوبراو تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ دۆستانی وڵاته‌كه‌ی سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و سه‌رۆكوه‌زیرانی كه‌نه‌دا، جه‌ستن ترودۆ ئه‌نجام داوه‌ و له‌ میانی په‌یوه‌ندییه‌كاندا له‌سه‌ر هه‌نگاونانی نوێ بۆ هێنانه‌دی ئاشتی له‌ ئۆكراینا گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و سوپاسی ئه‌ردۆغان و ترودۆی كرد بۆ ئه‌و پشتیوانییه‌ی له‌ ئۆكراینای ده‌كه‌ن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.