رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی كردهوه، تا ئێستا 726 کەسی مەدەنی لە شەڕی رووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە، ھەزار و 174 کەس برینداربوون و سێ ملیۆن و 63 ھەزار پەنابەر روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراینا.
کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR)، لە راگەیەندراوێکدا ئاماری قەیرانی پەنابەرانی ئۆکراینا کە لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بەدەستی ھێناوە، بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە 24ی شوباتەوە بۆ 15 ئادار سێ ملیۆن و 63 ھەزار و 95 پەنابەر لە ئۆکرایناوە روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە.
ئەوەش ئاشکراکراوە کە یەک ملیۆن و 875 ھەزار و 45 پەنابەر روویان کردووەتە پۆڵەندا، 467 ھەزار و 703 پەنابەر چوونەتە رۆمانیا، 344 ھەزار و 454 پەنابەر پەنایان بۆ مۆڵدۆڤا بردووە، 272 ھەزار و 943 پەنابەر بۆ ھەنگاریا، 220 ھەزار و 977 پەنابەر بۆ سلۆڤاکیا، 155 ھەزار و 841 پەنابەر چوونەتە رووسیا و ھەزار و ٨١٦ پەنابەر روویان کردوەتە بێلاڕووس. ھاوکات لە 18-23ی شوبات 96 ھەزار کەس لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوھانسک-هوە چوونەتە ناو خاکی رووسیا.
ئەوەش دەزانرێت کە سەدان ھەزار لەو پەنابەرانەی لە ئۆکرایناوە پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، لەوێوە بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەورووپا رۆیشتوون.
لەلایەکی دیکەوە لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکانهوه (OHCHR) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە 24ی شوباتەوە بۆ 15ی ئادار لانیکەم 726 کەسی مەدەنی بەھۆی شەڕی نێوان رووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە و ھەزار و 174 کەسی دیکەش برینداربوون.
لە راگەیەندراوەکەدا، جارێكی دیكه ھۆشداریی لەوە دراوه کە ئەگەری ھەیە ژمارەی کوژراو و برینداران له ریزی خەڵکی مەدەنیدا زۆر لەو ژمارەیە زیاتر بێت کە تۆمار کراوە.
نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئۆکراینا تەنھا ژمارەی ئەو قوربانییە مەدەنییانە رادەگەیهنێت کە پشتڕاستکراونەتەوە. بەپێی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئۆکراینا ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان بە ھەزاران کەس ھەژمار دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.