وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕوونکردنەوە لەبارەی دەنگۆی لێبڕین لە مووچەی بەشێک لە شەهیدان و ئەنفالکراوان بڵاو دەکاتەوە، ڕەتی دەکاتەوە هیچ بڕە پارەیەک لە مووچەی کەسوکاری شەهیدان بڕابێت.
وەزارەتەکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هاتووە "سەبارەت بە بڵاونەوەی دەنگۆی لێبڕین لە مووچەی هەندێک لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕایدەگەیەنین کە بەهیچ جۆرێک هیچ بڕەپارەیەک لە مووچەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان نەبڕاوە، بەڵکوو ساڵانە لەسەرەتای ساڵدا هەندێ ڕێکاری ئیداری و دارایی دەگیرێتەبەر بۆ هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک."
لە ڕوونکردنەوەکەدا ئەو ڕێكارە ئیداری و داراییانەشی خراوەتەڕوو کە نوێکردنەوەی ليستی مووچە و دەرماڵەی هاوسەرداری و مناڵ دەگرێتەوە. جەختیشی کردۆتەوە کە ئەوەش نەبڕاوە بەڵکو هێمایان لەسەر دانراوە تا تەواوکردنی مامەڵەی دەرماڵەکانیان و هێنانی پشتگیری بۆ نوێکردنەوەیان.
وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە لە مانگی داهاتووشدا ئەو دەرماڵانە وەکوو پێشتر بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان بێ هیچ گرفتێک خەرج دەکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.