هاتووچۆی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە مەبەستی دابینکردنی کەشێکی ئارام و هاتووچۆیەکی سەلامەت بۆ هاووڵاتییان پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ ڕۆژانی نەورۆز خستەڕوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا پلانی بۆ ڕۆژانی نەورۆز بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "بەمەبەستی دابینکردنی کەشێکی ئارام وهاتووچۆیەکی سەلامەت بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر پلانێکی ئامادەکردووە کە چەند بڕیار و ڕێنوێنییەک دەگرێتەوە، بە یارمەتی هێزە ئەمنییەکانی دیکە لە پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی جێبەجێ دەکرێت."
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوەکەدا پلانی بۆ ڕۆژانی نەورۆز بەمشێوەیە خستۆتەڕوو:-
1- لە سەرجەم ئەو ڕێگەیانەی کە بۆسەیرانگەکان دەچن بڵاوە بەئەفسەر و کارمەندانی هاتووچۆ دەکرێت بۆ ڕێکخستنی هاتووچۆ کە ئەوانیش (ڕێگەی هەولێر- کەسنەزان - دەربەند) (هەولێر- بەستۆرە - هەنارە)(هەولێر – بەستۆرە - شێخ توراب)(هەولێر- بێستانە)(هەولێر - خەبات)(هەولێر- مەخمور)، هەر ڕێگەیەکی دیکە کە ئەگەر هەبێت هاووڵاتییان ڕووی تێبکەن بۆسەیران، سەرباری ڕێگە سەرەکییەکانی ناوشار و چواریانەکان.
2- سەرجەم ڕێگەیەکان کراوە دەبن بۆ چوون و هاتنەوە، هیچ ڕێگەیەک ناکرێت بە چوون بە تەنها، یان گەڕانەوە بە تەنها.
3- هاتووچۆکردنی بارهەڵگرەکان کە کێشی هەڵگرتنییان لە 4 تەن بەرەو سەرەوە بێت قەدەخەیە بۆ سەیرانگەکان، لە دەروازەکانی شار ڕادەگیرێن.
4- قەدەخەکردنی ماتۆڕسکیلی دووتایە بۆ چوون بۆ سەیران بە هەموو شێوەیەک، تەنها ڕێگە دەدرێت بە جووڵەکردنی ماتۆڕسکیلی سێتایە، چونکە خەڵکانێکی زۆر بۆکاسبیکردن یان وەکو شوێنگرەوەی ئۆتۆمبێل بەکاریان دەهێنن بۆ چوونە سەیران.
5- سەرجەم مەفرەزەکان ئامێری پشکنینی مەینۆشیان لادەبێت و پشکنین بۆ هەر شوفێرێک دەکەن کەگومانی مەیخواردنی لێ بکرێت.
6- لە سەرجەم ڕێگەکان کامێرای چاودێری تیژڕۆیی گەڕۆک دادەنرێت، سەرباری کامێرا جێگیرەکان کە ئەو هەنگاوە بۆ ڕێگریکردنە لە دیاردەی تیژڕۆیی و پێشبڕکێکردن.
7- بەدرێژایی ڕۆژ لە ڕێگەی ڕادیۆی هاتووچۆی هەولێر هاووڵاتیان و شوفێران لە دۆخی شەقام و ڕێگەوبانەکان ئاگادار دەکرێنەوە.
8- هێڵی گەرمی هاتووچۆ بە بەردەوام لە خزمەتی هاووڵاتییان دەبێت کە ژمارەکەی (440) و دەتوانن هاووڵاتییان لە کاتی پێویست و وبۆ بەهاناوەچون پەیوەندی پێوەبکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووچۆی هەولێر پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات بەبۆنەی نەورۆزەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.