بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە 23مین رۆژی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، پێشڕەوی سوپای رووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو پەکیکەوتووە.
ئەو بەرپرسە راگەیەندراوێکی لە بارەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، ئەمڕۆ 23مین رۆژی داگیرکاری رووسیایە بۆسەر ئۆکراینا لە سەرتاسەری ئۆکراینادا پێشڕەوی سوپای رووسیا بەشێوەیەکی بەرچاو پەکی کەوتووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە باکوور و باکووری رۆژئاوای کیێڤ، سوپای رووسیا بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆی تۆمار نەکردوە و لە رۆژهەڵاتی شارەکەش هیچ جموجۆڵێکی نەبووە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە سوپای ئۆکراینا خۆڕاگرییەکی بێوێنەی نواندووە و یەکەکانی رووسیا لە نزیک شارەکانی چەرنیهیڤ و خارکێڤ هیچ پێشڕەوییەکیان نەکردووە.
باسی لەوەش کردووە کە هێزەکانی رووسیا تا ئێستا لە نزیک شاری میکۆلاییڤ-ن، بەڵام ئۆکرایناییەکان بەردەوامن لە بەرگریکردن لە شارەکە، جەختی لەوەش کردەوە کە سوپای رووسیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی چڕی شاری ماریۆپول.
دەربارەی کایەی ئاسمانیی ئۆکرایناش بەرپرسە ئەمریکییەکە نووسیویەتی: هێزە ئاسمانییەکانی ئۆکراینا بەردەوامن لە بەکارهێنانی فڕۆکەکان و بەکارهێنانی توانای سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و مووشەک. رووسیا لە دەستپێکی جەنگەکەوە تا ئێستا هەزار و 80 مووشەکی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە ناوچەی دەریای رەش رووینەداوە، بەڵام دەورووبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لڤیڤ مووشەکباران کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.