وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە پلان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز خستەڕوو.
وەزارەتی تەندروستی لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتەکەی کردووە ڕایگەیاندووە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆز ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت:-
1- دانانی لێژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی و نەخۆشخانەکان.
2- بۆ هەر کارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێلی گەرمی پەیوەندی هەبێت.
3-لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان.
4-پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشگری.
5-هاتنە ژوورەوەی ڕاگەیاندن تەنها لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەبێت.
6-ئاماری ڕۆژانە دەبێت لەماوەی 24 کاتژمێر لە ڕێگەی پەیوەندی مۆبایلەوە لە 08:00ی بەیانی تاوەکو 08:00 بەیانی ڕۆژی دواتر ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
7-ڕۆژانە فۆڕمی تایبەت بە ئامارەکان ڕەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
8-ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.
9-بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراک بکرێت.
10- هێلەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت، وەڵام بدرێتەوە.
11-نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکەن.
12-سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
13-سەنتەرەکانی شووشتنی گورچیلە و پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوەبێت.
14-تیمەکانی فریاگوزاری و هێلی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرک و کارەکانیان بەشێوەی 24 کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی گەشتیاری.
15-تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.
16-پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام دەبێت.
17-بەردەوام بوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پشکنینی کۆڕۆنا و چارەسەری.
18-دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ پێدانی ڤاکسین لە ڕۆژانی پشوو.


کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.