لەو رۆژەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەستی پێکردووە تا ئێستا، شەش رۆژنامەنووسی بیانی کە لەو وڵاتە کاریان کردووە لە ئەنجامی هێرشی رووسیا گیانیان لەدەستداوە.
کەمپینی راگەیاندنی ئەمبلێم (PEC)، کە ناوەندەکەی لە جنێڤە و لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و مافی یاسایی رۆژنامەنووسان لە جیهاندا کار دەکات، لە ماڵپەڕەکەیدا راپۆرتێکی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی جەنگی رووسیا - ئۆکراینا لەسەر رۆژنامەنووسانی ناوچەکە، بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، دامەزراوە میدیاییە ئۆکراینییەکان لەو ناوچانەی شەڕ و پێکدادان چڕبووەتەوە، نووسینگەکانیان داخستووە و زۆرێک لە میدیاکاران دەستیانکردووە بە کڕینی جلوبەرگ و پێداویستی پاراستنی ئاسایش یان جانتای پێداویستی چارەسەری سەرەتایی.
لە کاتێکدا لە ئۆکراینادا نزیکەی سێ هەزار رۆژنامەنووسی بیانی کار دەکەن، تا ئێستا شەش کەسیان لە هێرشەکانی رووسیادا گیانیان لەدەستداوە.
لە هەمان ئەو هێرشانەدا هەشت رۆژنامەنووسی بیانی برینداربوون، دوو رۆژنامەنووس لەلایەن یەکەکانی رووسیاوە رفێندراون.
لە راپۆرتەکەدا زانیاری سەبارەت بە زیانی رۆژنامەنووسانی ئۆکراینی بڵاونەکراوەتەوە.
هەروەها لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە هاککەرانی رووسی لە رۆژانی 2،3 و 17ی ئادار، هێرشی ئەلیکترۆنیان کردووەتە سەر ماڵپەڕەکانی سەربە میدیای ئۆکراینا.
ئاماژە بەوەیش دەکرێت کە، مووشەکەکانی رووسیا لە رۆژانی 1، 2 ، 14 ، 16ی ئاداردا لە شەش ناوچەی جیای ئۆکراینا تاوەری تەلەڤیزیۆنەکانی ئۆکراینایان کردووەتە ئامانج.
لە راپۆرتەکەدا لێدوانی نوێنەری PEC لە ئۆکراینا، ئاندری لانیتس خراوەتەڕوو، باس لەوە دەکات کە، ئەو رۆژنامەنووسانەی لە ناوچەکەدا کار دەکەن کێشەی ئەمنییان هەیە و، رایگەیاند: رۆژنامەنووسان لە ئۆکراینا پێویستیان بە زرێپۆش، کڵاوی خۆپارێزی، بێ تەل و پێداویستی هاوکاری سەرەتایی هەیە.
لانیتس باسی لەوەیشکرد کە ئەو دوو رۆژنامەنووسەی رفێندراون لە باشووری ئۆکراینا و لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی رووسیادان کاریان کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.