وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و ڕایگەیاند، ساڵی 2024 لەسەر ئاسمانی هەولێر ساڵی کوردی دەگۆڕدرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گەورەترین نەورۆزی جیهانی لەو ساڵەدا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و تێیدا هاتووە "بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەریساڵی کوردییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و جوانترین چەپکە نێرگز دەکەینە دیاری بۆ سەرجەم گەلی کوردستان و تەواوی گەلانی جیهان بەگشتی و ئەو گەلانەشی نەورۆز دەگرن بەتایبەتی."
ئەوەشی خستەڕوو "نەورۆز چەندین ڕەهەندی جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت، لەهەموی گرنگتر ژیاندۆستی و ئازادیخوازی و تەبایی نێوان مرۆڤەکانە، گەلی کوردستان یەکێک لە کۆنترین ئەو گەلانەیە کە لەناو دڵی زاگرۆسدا نەورۆزی وەک جەژن ناساندووە و سەریساڵی نوێی بەستووەتەوە بەو جەژنەوە، هەر بۆیە دەبینین لەچاو گەلانی دیکە پڕ جۆش و خرۆشتر ئەم یادە دەکاتەوە."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە "نەورۆز لەمڕۆدا وەک کەلتوورێکی نێودەوڵەتی لێ هاتووە، لەسەر ئاستی ڕێکخراوە جیهانییەکان پیرۆزبایی لەو یادە دەکرێت."
وەزارەتی ڕۆشنبیری هەروەها ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە ئەم یادە بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت بەچەندین چالاکی جۆراوجۆر، لەوەش گرنگتر ئەوەیە بەپێی پێوانە گەردوونی و ئەستێرە ناسییەکان و ئاژانسەکانی بۆشایی ناسای جیهانی، ساڵی 2024 لەسەر ئاسمانی هەولێر ساڵی کوردی دەگۆڕدرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گەورەترین نەورۆزی جیهانی لەو ساڵەدا لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لە ئامادەسازیدایە.
ئاماژەی بەوەشدا کە نەورۆز هێمای خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەلی ئێمەیە. جەختیشی کردەوە کە ئەوەی جێگەی داخە هەندێک ناشارەزا لە مێژوو لە هەوڵی ئەوەدان کورد و نەورۆز لێک داببڕن بە بیانووی بێ بنەما، هاوکات هەندێک پیاوی ئایینی لەمبارەیەوە فتوای ناڕاست و چیرۆکی بێ بنەما بەگوێی خەڵکیدا دەدەن.
دووپاتیشی کردەوە کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕێگە بەهیچ کەس و لایەک نادات کە بیەوێت سیمای جوانی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان بشێوێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.