بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەمریکا دژ بە هێرشی حووسییەکانی یەمەن کە ئێران پشتیوانیان دەکات، مانگی رابردوو ژمارەیەکی زۆر پاتری سیستهمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆتی رەوانەی سعوودیە کردووە.
بەرپرسانی باڵای ئەمریکا کە بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکا دواون و نەیانویستووە ناویان بڵاوبکرێتەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو گواستنەوەیە مانگی رابردوو ئەنجامدراوە.
بەرپرسەکان باسیان لەوە کردووە کە، حکوومەتی ریاز ماوەیەکی زۆرە دژ بە هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی حووسییەکان داوای سیستهمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆتی لە ئەمریکا کردووە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە بە هۆی پڕۆتۆکۆڵە ئەمنییەکانەوە نەتوانراوە داواکاریەکە جێبەجێ بکرێت.
وردەکاری نییە لە بارەی ژمارە و کات و شێوازی رادەستکردنی پاترییەکانی پاتریۆت بە سعوودیە.
دوای هاتنه سەر دەسەڵاتی حکوومەتەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، ناو بە ناو پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سعوودیە کێشەیان تێدەکەوێت، دوایین جاریش مانگی رابردوو بوو کە شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان بانگەشەی ئەوەی کردبوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بایدن ئەنجامنەداوە، بەڵام کۆشکی سپی ئەو بانگەشەیەی بە درۆخستەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.