سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز ئەمڕۆ دووشەممە لە پەیامێکدا بە زمانی کوردی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کورد کرد.
جەستن ترۆدۆ لە پەیامەکەیدا بەبۆنەی نەورۆز ڕایگەیاند: ئەمڕۆ زیاتر لە 300 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان کە پێکهاتوون لە کورد، ئێران، ئەفغان،، زەردەشتت، بەهایی، ئاسیای ناوەڕاست و ئیسماعیلییەکان ئەم جەژنە بەرز ڕادەگرن.
راشیگەیاند: نەورۆز مانای ڕۆژێکی نوێ دەگەیەنێت، یەکەم ڕۆژی بەهارە و سەرەتای ساڵی تازەیە، نوێبوونەوەیە و دەستپێکێکی نوێیە و دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە لە سەختییەکانی ساڵی ڕابردوو بەتایبەت ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
لە پەیامەکەیدا هەروەها نووسیویەتی "هیوا و ئاواتی گەشبین بۆ ساڵی داهاتوو دەخوازین."
دەشڵێت: ئەمڕۆ خێزانەکان لەسەر مێزێکدا کۆدەبنەوە بۆ خواردنی ژەمی جەژن و چێژ وەرگرتن لە میوزیک و دیاری، هەروەها بۆ بەرجەستکردنی بەها جەوهەرییەکانی ئاشتی و ڕەزامەندی.
لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: بۆ هەموو کەنەدییەکان نەورۆز دەرفەتێکە بۆ ناسینەوەی ئەو کۆمەڵانەی لە وڵاتەکەماندا دەژین و یادی ئەم ڕۆژە دەکەنەوە، هەروەها ئەو یارمەتیانەی ئەوان بە وڵاتەکەمانیان بەخشیوە. جەختیشی کردۆتەوە کە هەمەجۆری هێزی وڵاتەکەیانە و پێکەوە بەردەوام دەبن بۆ بنیانتانی کەنەدایەکی بەهێزتر.
لە پەیامەکەیدا هەروەها نووسیویەتی "بەناوی هەموو کەنەدییەکان هیوای ئاهەنگێکی تەندروست و خۆشی و خۆشگوزەرانیتان لە ساڵی نوێ بۆ دەخوازم.
لە کۆتاییشدا بە زمانی کوردی نووسیویەتی "هەموو ڕۆژێکتان نەورۆز و نەورۆزتان پیرۆز."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.