وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن رایگەیاند کە لە ژێر رۆشنایی ئەو بەڵگانەی کە بەدەستیان کەتووە، ھێزەکانی سوپای رووسیا "تاوانی جەنگ"یان لە ئۆکراینا ئەنجامداوە.
ئانتۆنی بڵینکن لەبارەی زیانی گیانی لە ئۆکراینا و ھێرشەکانی رووسیا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان ھەر لەسەرەتاوە چاودێری ھێرشەکانی رووسیا بۆسەر خەڵکی سڤیل لە ئۆکراینا دەکەن و ئەو ھێرشانەیان بە دۆکیومێنت کردووە و گوتیشی: "بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل تاوانی جەنگە".
ئانتۆنی بڵینکن، بۆردەمانکردنی نەخۆشخانە و ھۆڵی شانۆی لە شاری ماریوپۆل بە نموونە ھێنایەوە و گوتی: "ھێزەکانی رووسیا ئەم تاکتیکەیان بەمەبەستی شکاندنی بەرخودانی خەڵک و چڕکردنەوەی بۆردومانەکان، لە گرۆزنی و حەلەب بەکارھێنابوو".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایشی کرد کە لە رێگەی سەرچاوەکانی ھەواڵگریی و سەرچاوە ئاشکراکانی دیکەوە چاودێری بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیلیان لەلایەن رووسیا لە ئۆکراینا کردووە و ھەموو ئەمانەیان بە دۆکیومێنت کردووە.
رۆژی 24ی شوباتی رابردوو، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.
رووسیا کۆتاییھێنانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی ئۆکراینا لە پلانی ئەندامبوونی لە ناتۆ و پابەندبوونی بە بێلایەنیی تەواو، لە بەرامبەردا ئۆکراینا ئەم داوایەی رووسیا بە دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.