نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، تا ئێستا ھەزار و 81 کەسی مەدەنی لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە، ھەزار و 707 کەس برینداربوون و سێ ملیۆن و 725 ھەزار پەنابەر روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراینا.
کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR)، لە راگەیەندراوێکدا ئاماری قەیرانی پەنابەرانی ئۆکراینای بڵاو كردهوه کە لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بەدەستی ھێناوە.
بەپێی ئامارەکان، لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ٢٤ ئادار سێ ملیۆن و ٧٢٥ ھەزار و ٨٠٦ پەنابەر لە ئۆکرایناوە روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە.
ئەوەش ئاشکراکراوە کە زۆرینەی ئۆکراینییەکان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێی وەکو پۆڵەندا بە (دوو ملیۆن و 206 ھەزار و119) پەنابەر، رۆمانیا (572 ھەزار و 745) پەنابەر و مۆڵدۆڤا (376 ھەزار و 748) پەنابەر. ھاوکات لە 21-23ی شوبات 113 ھەزار کەس لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوھانسکهوه چوونەتە ناو خاکی رووسیا.
ئەوەش دەزانرێت کە سەدان ھەزار لەو پەنابەرانەی لە ئۆکرایناوە پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، لەوێوە بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەورووپا رۆیشتوون.
لەلایەکی دیکەوە لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە (OHCHR) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا-ئۆکرایناوە تا ئێستا لانیکەم ھەزار و 81 کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ھەزار و707 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.