جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا، ئایرینا ڤێریچۆک رایگەیاند کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا لەڕێگەی دوو رێرەوی مرۆییەوە، حەوت هەزار و 331 هاووڵاتی ئۆکراینا گواستراونەتەوە.
ئایرینا ڤێریچۆک لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، لەڕێگەی دوو رێرەوی مرۆیییەوە لە شاری ماریۆپول شەش هەزار و 800 هاووڵاتی و لە شاری مێلیتوپۆڵ 531 هاووڵاتی دیکە بۆ شاری زاپۆریژییا گواستراونەتەوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا جەختی لەوەش کردەوە، بەدەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ گەیاندنی کاروانی هاوکاریی مرۆیی بە هاووڵاتییان و لەم چوارچێوەیەشدا 80 تۆن خۆراک، پێداویستی پزیشکی و پێداویستی سەرەکییان گەیاندووەتە خەڵکی شارەکانی بێردیانسک و مێلیتوپۆڵ.
ئایرینا ڤێریچۆک ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆش، بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییان لەو ناوچانەی شەڕوپێکدادان تێیاندا بەردەوامە. لەم چوارچێوەیەشدا دیداروکۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسان بەردەوام دەبێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچەکانی کیێڤ، ماریوپۆڵ و لوهانسک.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.