Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 14:44

شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ئه‌ورووپایه‌ بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد لەسەر ئاستی جیهان

کوردستان TV
100%

ماوەی دوو ھەفتەیە شاندێکی لیژنەی کاروباری شەھیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپایان کردووە، سەرۆکی شاندەکەش دەڵێت، لەگەڵ پەرلەمانتارانی وڵاتانی زلھێزی جیھان کار دەکەین بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد لەسەر ئاستی وڵاتەکانیان.

ژیان تاھر زێوەیی، سەرۆکی شاندەکە،بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: بە مەبەستی ناساندنی جینۆسایدی کورد لەسەر ئاستی وڵاتان شاندێکی لیژنەکەمان سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپامان کردووە، سەرەتا سەردانی وڵاتی فەڕەنسامان کرد بۆ ئەوەی ھۆکاری ڕەتکردنەوەی ئەو پرۆژە یاسایەی کە لەبارەی جینۆساید ڕەتکرایەوە بزانین و کاری بۆ بکەین، ھەروەھا سەردانی وڵاتی بەلجیکامان کرد و لەوێش چاومان بە چوار پەرلەمانتاری ئەوروپا کەوت داوامان کرد سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی تاوانەکان بەچاوی خۆیان ببینن و بەڵگەکانیان پێشکەش بکەین، پاشانیش سەردانی پەرلەمانی بەلجیکاشمان کرد و چاومان بە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتەش کەوت و لەوێش باسمان لەوەکرد کە بەیەکەوە پرۆژەیەک ئامادەبکەین لەبارەی جینۆسایدی کورد، ئێستاش لە ئەڵمانیاین بڕیارە ژمارەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدەین.

ژیان تاھر کە جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری شەھیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستانیشە لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان گوتیشی: ئامانج لەسەردانەکەمان بۆ ئەو وڵاتانە ئەوەیە ناساندنی جینۆساید لە سنووری ھەرێمی کوردستان ببەینە دەرەوە و، ئەو ئێش و ئازاری گەلی ئێمە تووشی ھاتووە لە جینۆساید و ئەنفاڵ و کیمیاباران و وێرانکردنی گوندەکان لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بە بەڵگە و دۆکیومێنت بگەینینە وڵاتانی جیھان بە تایبەت وڵاتانی زلھێزی جیھان بۆ ئەوەی ئەوانیش بە فەرمی بیناسێنین.

ژیان زێوەیی ده‌شڵێت: لە بەرنامەمانە لەداھاتوو سەردانی وڵاتانی تریش بکەین بۆ ھەمان مەبەست کاردەکەین بۆ ئەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ پەرلەمانتارانی وڵاتانی زڵھێز بەھێز بکەین، ناوبراو باسی لەوەشکرد، دوو پەرتووک کە بەزمانی ئینگلیزی لەبارەی جینۆساید نووسراوە و، بەڵگەی پێویستی تێدایە پێشکەش بە پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتانەیان کردووە و داوایان لێیان کرد سەردانی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی ئێش و ئازاری گەلی کورد بە چاوی خۆیان ببینن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.