Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 14:53

پارێزگای هەولێر؛ پلان و ئامادەکارییەکانی نەورۆز بەسەرکەوتوویی جێبەجێکران

کوردستان TV
100%

نووسینەگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، پلان و ئامادەکارییەکانی ڕۆژانی نەورۆز بەسەرکەوتوویی جێبەجێکران.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری هەولێر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەو ئامارانەی بڵاوکردەوە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی گەشتوگوزاری هەولێر، هاتووچۆی هەولێر، پۆلیسی هەولێر و بەرگری شارستانی خسترابوونەڕوو، جەختیشی کردۆتەوە کە پلان و بەرنامەکانیان بەسەرکەوتوویی جێبەجێکراوە.

دەقی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری هەولێر:-

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز کە لەلایەن پارێزگای هەولێر و لێژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر ئامادەکرابوو، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، هەروەها دابینکردنی هاتووچۆیەکی ئاسودە و سەلامەت لە چوونە سەیران و پابەندبونی هاووڵاتییان بە پاراستنی ژینگە لە سەیرانگە و شوێنە گشتییەکان، ڕۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:- 

یەکەم/ گەشتوگوزار:-

لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ڕووی گەشتیاران، وەکو پێکهێنانی چەند لێژنەیەک بە مەبەستی پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە دەروازەکانی هەولێر، هەروەها چاودێریکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاری لە سەیرانگەکان و شوێنە گەشتیارییەکان و چاودێریکردنی میوانخانە و چێشتخانەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەواو بەگەشتیاران، ئەمە جگە لە ڕاسپاردنی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان بۆ ئاگادارکردنەوەی چێشتخانەکان بۆ ئەوەی لەڕۆژانی جەژنی نەورۆز کراوەبن. لە ماوەی 10ڕۆژی ڕابردوودا لە 3/15 تاوەکو 3/25، (100686) سەد هەزار و شەش سەد و ھەشتا و شەش گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە. 

دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:-

پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک لە شەقامەکان و سەیرانگەکان جێبەجێکران، بەمشێوەیەش بەخۆشحاڵییەوە هاووڵاتییان لە کاتی چوون و گەڕانەوەیان لە سەیرانگەکان تووشی ئاستەنگی هاتووچۆی گەورە نەبوون، وە تەنها قەرەباڵخییەکی ئاسایی لەسەر ڕێگەیەکان بەهۆی زۆری ژمارەی سەیرانکاران پەیدابوو، سەبارەت بە ڕووداوەکان لە 3 ڕۆژی جەژنی نەورۆز بەداخەوە (6) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا کە لە ئەنجامیاندا بەداخەوە (8) کەس برینداربوون و (1) منداڵ گیانی لەدەستدا.

سێیەم/ پۆلیسی هەولێر:-

سەبارەت بە پلانی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ئامادەباشی هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبێ گیروگرفت تەواوی بڕگەکانی جێبەجێکران و سەرکەوتوو بوو، لەهەر سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز ئاماری تاوانەکان بەمشیوەیەی بوو، (21) تاوان تۆمارکراوە، (19) تاوان ئاشکرا کراوە و تاوانباران دەستگیرکراون، (2) تاوانیش لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.

چوارەم/ بەرگریی شارستانی:-

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز لە ئەرکدا بوون، لەو ماویەشدا (3) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتەکان لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

وێڕای دەستخۆشیمان لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا، لێرەوەش جارێکی تر وەکو پارێزگای هەولێر هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بە پشتبەستن بە توانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکانی ناوەخۆ، شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەروماڵتان و دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها دەستخۆشى لە پۆلیسى دارستان و تیمەکانی شارەوانی لە سەرجەم قەزا و ناحییەکان دەکەین  کە لە سێ ڕۆژەی جەژنی نەورۆز لەپێناو پاراستن و هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان بۆ پاکڕاگرتن و پاراستنی ژینگە و شوێنە گشتییەکان لە ئەرکدا بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.