ئەو منداڵە تەمەن 3 بۆ 4 ساڵەی ماوەی 20 ڕۆژبوو جێهێڵرابوو، ئەمڕۆ دووشەممە ڕادەستی دایکی کرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە لەسەر بڕیاری دادوەر وێنەی (هەناسە رێباز)ی تەمەن (3 بۆ4) ساڵمان بڵاوکردەوە و بەهەوڵی هەموو لایەک توانرا دایکی ئەم منداڵە بدۆزرێتەوە.
ڕاشیگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە دایکی ( هەناسە رێباز) پەیوەندی بە نووسینگەی قەڵای بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخرا و رەوانەی بەردەم دادوەر کرا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هەروەها ڕوونی کردەوە کە "لەبەر ئەوەی بڕیاری ئامادەکردنی هەبوو بەپێی ماددەی (383) لە یاسای سزادانی عێراقی، داوەر بڕیاری دا بە دەستەبەری ئازاد بکرێت و منداڵەکەی پێ بدرێتەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامە کە بەڵێن بدات ئەم منداڵە ژیانی پارێزراو بێت.
هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە لەسەر هەمان دۆسیەش دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ باوکی (هەناسە رێباز) بەپێی هەمان ماددەی (383) دەرکرد.
جەختیشی کردۆتەوە کە ئێستا منداڵەکە لای دایکیەتی و ژیانی پارێزراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دووپاتیشی کردەوە کە بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەم کەیسە دەکرێت تاوەکو لە ژیان و پارێزراوی ئەم منداڵە دڵنیابن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.