Erbil 38°C چوارشەممە 04 ئازار 23:28

نێچیرڤان بارزانی: ‏كلیلى ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدایه‌

کوردستان TV
100%


به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/3/30 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌  ژان ئه‌سیلبۆرن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوكسه‌مبوورگ ‏كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسیى عێراق له‌ سه‌روبه‌ندى ‏دانیشتنى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان، دۆخى ئێزدییان و ناوچه‌ى شه‌نگال و پێكهاته‌كان له‌ ‏ده‌شتى نه‌ینه‌وا و دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.‏

ده‌رباره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ‏كلیلى ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى ‏كوردستان و حكوومه‌تى فیدرالیى عیراقه‌ و هه‌ردوولا ده‌بێ به گفتوگۆ و له‌سه‌ر ‏بنه‌ماى ده‌ستوور، ڕێگه‌چاره‌ بۆ نه‌هێشتنى كێشه‌كان بدۆزنه‌وه‌.‏

لاى خۆیه‌وه‌  وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لوكسه‌مبوورگ، وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ سه‌ختى و ‏ته‌حه‌دییه‌كانى سه‌رده‌مى شه‌ڕى دژى داعش له‌ هه‌رێمى كوردستان، پشتگیرى ‏وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئه‌ورووپا بۆ هه‌رێمى كوردستان و بایه‌خدانى وڵاته‌كه‌ى به‌ ‏پرسى پێكهاته‌كان و دۆخى ئێزدییان به‌تایبه‌تى دووپات كرده‌وه‌ و باسى له‌ پلانى ‏خۆى بۆ سه‌ردانى كه‌مپه‌كانیان كرد.‏

كاریگه‌رییه‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراینا ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، تیایدا  ‏نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ ‌كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو لایه‌ك زیاتر ‏هه‌ست به‌ ئازارى شه‌ڕ و ئاواره‌یى و نه‌هامه‌تییه‌كانى جه‌نگ ده‌كات، بۆیه‌ هاوسۆزى ‏خه‌ڵكى ئۆكراینا و قوربانییه‌كانه‌ و هیوا ده‌خوازێت كۆتایى به‌ جه‌نگ بێت و ‏لایه‌نه‌كان ئاشتیانه‌ له‌ ڕێگه‌ى گفتوگۆوه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.‏‏ ‏

گفتوگۆكانى ڤیه‌ننا و دۆسییه‌ى ئه‌تۆمى، دۆخى سووریا و لێكه‌وته‌كانى و دوایین ‏پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.