به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی 150 مه‌تری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، به‌شی دووه‌می قۆناخی یه‌كه‌می شه‌قامی 150 مەترى بەمزووانە دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێگەی خێرای بازنه‌یی 150 مه‌تری له شاری هه‌ولێر، یه‌كێكه له پڕۆژه گرنگ و ستراتیژییەکان كه حکوومەتى هەرێم لە ڕێگەى کەرتى تایبەتەوە لە پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامى دەدات.
ڕاشیگەیاند: ئەم ڕێگەیە له پێنج قۆناخ پێك دێت و ده‌روازه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێتەوە و ئه‌وه‌ش ئاسانكارییه‌كی ته‌واو بۆ هاووڵاتییان ده‌كات و ئه‌و قه‌ره‌باڵخییه زۆره‌ی كه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی دیکەی هه‌ولێر هه‌یه به تایبه‌تی له ده‌روازه‌كانی شار كه‌م ده‌كاته‌وه.
ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی 150 مه‌تری لەبارەی كاره‌كانى پڕۆژەکە گوتی: له‌م شه‌قامه ئه‌و به‌شه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری كه دروست ده‌كرێت له ڕێگه‌ی هه‌ولێر - كۆیه تا هه‌ولێر - شه‌قڵاوه درێژ دەبێتەوە و بە به‌شی دووه‌می قۆناخی یه‌كه‌م هەژمار دەکرێت، به‌شی یه‌كه‌مى ئەم قۆناخە کە ڕێگەى نێوان هه‌ولێر - شه‌قڵاوه تا ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر - به‌حركه درێژ دەبێتەوە ساڵى پار تەواو کراوە. ئه‌و به‌شه‌ی ئێستا له مانگی 9ی ساڵی 2021ى زایینى ده‌ستمان به كاركردن كرد و ئێستا له كۆتا قۆناخه‌كانی كاركردنین.
گوتیشی: درێژی ئه‌و به‌شه جادەى 150 مەترى، 7.6 كیلۆمه‌تره و 60%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه و ئه‌وه‌ی كه ماوه‌ته‌وه له نزیكترین كاتدا ته‌واو دەبێت، چونكه بڕگه سه‌ره‌كییه‌كانی ته‌واو بووه.
ده‌رباره‌ی پێكهاته‌ی ئه‌م به‌شه‌یان به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه هەروەها ڕوونی کردەوە كه "ئه‌م به‌شه‌ی شه‌قامه‌کە دوو پردی سووڕانه‌وه‌ی تێدایه كه به گشت بڕگه‌كانییه‌وه ته‌واو كراون، پردی سه‌ره‌كی هه‌ولێر كۆیه له قۆناغی كۆتایی كاركردنین تیایدا ، بڕگه‌كانی دیواری پاڵپشت و خۆڵكارییەکەى ته‌واو كراوه و نزیكه‌ی 5 كیلۆمه‌تر له ته‌واوی درێژی ڕێگاكه به هه‌ردوو چین قیر كراوه و ته‌نها 2.6 كیلۆمه‌تری ماوه و به گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی كه بۆمان داناوه بەم نزیکانە ئه‌م به‌شه‌شی ته‌واو ده‌كرێت، هه‌روه‌ها باسى لەوەش کرد کە گوژمه‌ی خه‌مڵێنراو بۆ ئه‌و به‌شه‌یان 87 ملیۆن دۆلاره."
ڕوونیشی کردەوە کە "ڕێگەی 150 مه‌تری هەولێرى پایتەخت، لە سەرجەم ڕێگاكانی دیکەى شارەکە و هەرێمى کوردستان جیاوازە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پانییه‌كی یه‌كجار زۆری هه‌یه، چونكه ئه‌و شه‌قامه دوو ڕێگه‌ی خزمه‌تگوزاری و ڕێگای سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت."
ئه‌ندازیار ئه‌میر عه‌بدولخالق ده‌رباره‌ی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كار له‌م پڕۆژه‌یه‌دا ده‌كه‌ن هەروەها گوتی: زۆربه‌ی كاته‌كان نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س بە 400 ئامێرەوە به‌رده‌وام كار له‌م شه‌قامه ده‌كه‌ن".
ئاماژەی بەوەش دا کە "شه‌قامی 150 مه‌تری دوا بازنه‌ی ڕێگای خێرایه له شاری هه‌ولێر و گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه به تایبه‌تی ئه‌و به‌شانه‌ی كه ئێستا كاری تێدا ده‌كرێت، بۆ نموونه ئه‌و به‌شه‌ی ڕێگەی هه‌ولێر ـ دهۆك بۆ هه‌ولێر ـ كۆیه، بە به‌ستانه‌وه‌ی ڕێگەی سه‌ره‌كی ده‌روازه‌ی هه‌ولێر ـ دهۆك به ده‌روازه‌ی هه‌ولێر ـ چۆمان ـ حاجی ئۆمه‌ران به ده‌روازه‌ی هه‌ولێر ـ سلێمانی، ئاسانكارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان ده‌كات و وا ده‌كات ئۆتۆمبێله بارهه‌ڵگره‌كان كه له‌و ڕێگەیانه هاتووچۆ ده‌كه‌ن نه‌یێنه نێو شه‌قامه‌كانی 120 مه‌تری و 100 مه‌تری و له لایه‌كی تریشه‌وه بە چوونى خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و ڕێگەیانه، ناوچەکانى سەریان دەبووژێنەوە و بەمەش شوێنی نیشته‌جێبوونی تێدا زیاتر پەرە دەسێنێت و پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانیی لێ ئه‌نجام دەدرێت کە ئەمەش هەم ڕێوشوێنەکانى ژیان ئاسان دەکات و هەمیش بوارى هەلى کار بۆ هاووڵاتیانى ناوچەکە فەراهەم دەکات."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.