هه‌ڵبژارده‌ی مه‌كسیك گه‌یشته كۆتاییه‌كانی مۆندیالی دووهه‌زار و بیست و دووی قه‌ته‌ر بۆ تۆپی پێ، له گه‌ڕی چوارده‌م و كۆتایی دوایین قۆناغی پاڵاوتنی كۆنكاكاف، هه‌ڵبژارده‌ی مه‌كسیك به دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له هه‌ڵبژارده‌ی سه‌لڤادۆری میوانی برده‌وه، یاریزانانی مه‌كسیك به شێوه‌یه‌كی به‌هێز ده‌ستیان به ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كه كرد و له خوله‌كی حه‌ڤده‌دا، یاریزان كارلۆس ئه‌نتۆنا گۆڵێكی بۆ میوانداره‌كان تۆماركرد.
دوای ئه‌م گۆڵه‌ش هێرشه‌كانی مه‌كسیك بۆ سه‌ر گۆڵی سه‌لڤادۆر درێژه‌ی هه‌بوو، یه‌كێك له هێرشه‌كانیش لێدانێكی سزای لێكه‌وته‌وه‌و له جێبه‌جێ كردنی لێدانه‌كه‌دا، یاریزان ڕائول خیمینێز گۆڵی دووه‌می مه‌كسیكی له خوله‌كی چل و سێ به‌ده‌ستهێناو یاریه‌كه به‌م ئه‌نجامه كۆتایی هات، به‌م بردنه‌وه‌ش كۆی خاڵه‌كانی مه‌كسیك له پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی پاڵاوتنی كۆنكاكاف بۆ بیستوهه‌شت خاڵ به‌رزبووه‌وه و بۆ حه‌ڤده‌مین جار له مێژووی خۆی گه‌یشته كۆتاییه‌كانی جامی جیهان، هه‌ڵبژارده‌ی كه‌نه‌داش به هه‌مان ژماره‌ی خاڵه‌كان و به جیاوازی گۆڵ له پله‌ی یه‌كه‌می ڕیزبه‌ند دێت و به شێوه‌ی پێشوه‌خت گه‌یشتنی بۆ كۆتاییه‌كانی مۆندیال مسۆگه‌ركردبوو .
مه‌كسیك گه‌یشته كۆتاییه‌كانی مۆندیالی2022ی قه‌ته‌ر

100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.