ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکدا دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاند و وهك تهحهدایهك ماوەی 40 ڕۆژی تەواو بە سێیەکی پەکخەر دا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەدەر لە بەشداربوونی ڕەوتەکەی خۆی.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێکدا نووسیویەتی "سوپاسگوزاری و بەخشندەیی خودایە کە ئەو توانایەی بە من و هەمووان بەخشی سەرکەوتنێکی بێ هاوتا بەدەستبهێنین و بتوانین گەورەترین هاوپەیمانی دروست بکەین."
هەروەها نووسیویەتی "بۆ یەکەمجار توانیمان سەرکەوتووبین لە پێکهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی نیشتمانی (ڕزگاركردنی نیشتمان) و بەربژێرکردنی سەرۆک وەزیرانێک کە لەلایەن هەمووانەوە پەسەندکراو بوو."
سەدر هەروەها دەڵێت: ئەو هاوپەیمانێتییانەی کە ناڕەحەتبوون و بەردەوامبوون لە ڕێگریکردن لە بەردەممان بۆ ئەوەی عێراق بەبێ حکوومەت بمێنێتەوە و ڕەوشی ئەمنی و ئابووری و خزمەتگوزاری بەرەو خراپتر بڕوات، ئێستا من دەرفەتێک دەدەم بۆ گفتوگۆکردن بە سێیەکی پەکخەر بەبێ جیاوازی بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
دەشڵێت: ئەمە دەرفەتێکە بۆ هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی لە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان تاوەکو ڕۆژی 9ی شەوال ئەم دەرفەتە کراوەیە و تاوەکو ئەو ڕۆژەش دوعای خێرتان بۆ دەکەم خودا پەرستشەکانتان قەبووڵ بکات.
ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە کۆتایی تویتەکەیدا ئاماژەی بەوەش دا کە "داوا لە هەموو خۆشەویستانی ڕەوتەکە دەکەم بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان لەم بابەتەدا نەکەن، بەمەش ئەستۆپاکی خۆم لەبەرامبەر هەمووان دەسەلمێنم."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.