Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 11:10

كەم ژیا بەڵام هونەرێكی گەورەی پێبەخشین

کوردستان TV
100%

هونه‌رمه‌ندێكی دەنگ زوڵاڵ و ده‌نگ به‌سۆز،  لەناوگەلی  كورد دا گەلێك كه‌سایه‌تی لە ڕێگەی دەنگە خۆش و هونه‌ره‌ بەرزەكە یانەوه‌ توانیانە بگەنە لوتكە، گەر ئاورێك لەمێژوی هونە رو ئاوازو گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بده‌ینه‌وه‌ ئەڕاستیە خۆی دەسەپێنێ‌ ، ئەوكەسایەتیانە خۆڕسك و  بەبێ‌ بوونی قوتابخانەیەكی ئەكادیمی هونەری خۆیان دروست كردو خۆیان پێگه‌یاند لە مەیدانی هونەری مۆسیقاو گۆرانی كوردیدا و ، ڕۆڵێكی زۆر باڵاو  كاریگه‌رییان بەرجەستە كردووە، نموونەی ئەو هونەرمەندە خۆڕسكانە كە ئێستاشی لەسەر بێت چێژ و خۆشیی و ئارامیی به‌جه‌سته‌و ده‌روونی گوێگر و بیسه‌ر ده‌به‌خشن ، هونه‌رمه‌ندانی هه‌میشه‌ زیندووی وه‌ك  (سێوە ، سەیدعەلی ئەسغەری كوردستانی ، مەلا كەریم ، محەمەد عارف جزیری  ، ئەحەی ناسر ، تالیب مەجید ، عەلی مەردان ، حەسەن جەزراوی ، تایەر تۆفیق ، حەسەن زیرەك ،محەمەدی ماملێ‌ ، ڕەسوڵ گەردی ، حمە صالح دیلان ، ڕەفیق چالاك ، قادر دیلان ، كەریم كابان ، دایكی جەمال ،گوڵبه‌هار، محه‌مه‌د شێخۆ ، حسێن عەلی ، ئایشەشان ، نەسرین شیروان ، خوداداد عەلی ، فوئاد ئەحمەد ، شەماڵ صائیب ، تەحسین تەها، ئه‌یاز زاخۆیی و چەندینی تر ) هونه‌ره‌كه‌یان جێگەی خۆشحاڵی و ڕێزو ستایش و به‌رزنرخاندنه‌ ، كە هونەری ئەو هونەرمەندانە بەردەوام بۆ بەرزڕاگرتنی موزیك و گۆرانی كوردی خۆبەخشانە كاریان كردووە و بەهرەو هونەرەكەیان پێشكەش بەنەتەوەكەمان كردووە و هۆكارێكن بۆ سەربەرزی و مانەوەی زمان و ئەدەب و فەرهەنگی نەتەوەییمان.یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی وڵات و هونه‌ره‌ پاك و بێگه‌رده‌كه‌ی تێكۆشا  ئەویش هونەرمەندی شەهید ( قادر كابان ) ە ، هونەرمەند قادر كابان یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە كەم ژیا بەڵام هونەرێكی گەورەی پێبەخشین و گیانی خۆی لەپێناو بە دیهێنانی مافه‌ڕه‌واكانی گەلە ستەمدیدەو چەوساوەكەی و بەرزی هونەرەكەی بەخت كرد.

شه‌هید قادر كابان بەیەكێك لەو هونەرمەندە دەنگخۆش و نەمرانە دێتە ئەژمار كە بۆ هەمیشە وەك ئەستێرەیەكی پرشنگدار لە دنیای هونەرو مۆسیقا و گۆرانی كوردی دا دەدرەوشێتەوەو به‌گه‌شاوه‌یی له‌نێو دنیا جوانه‌كه‌ی هونه‌ر دا ماوه‌ته‌وه‌ و، بۆ هەمیشە دەنگە زوڵاڵەكەی لەگەڵماندایەو زیندووە ، شه‌هید قادر كابان وەك هونەرمەندێكی دەنگخۆش و بەتوانا لەسەردەمی خۆیدا  توانی جێ‌ پەنجەی خۆی دیاری بكات و گەشە بە هونەری مۆسیقا و گۆرانی بدات ، هۆكاری زیندوویی و مانەوەی بەرهەمەكانی شه‌هید(  قادر كابان ) جگە لە دەنگخۆشیەكەی هەڵبژاردنی هۆنراوەی شاعیران و ئاوازە بەسۆزەكانیەتی كە بۆ هەمیشە دەنگ و ئاوازە بەسۆزەكانی لە گوێماندا بەكۆمەڵێك بەرهەمی ناوازە دەزرینگێتەوە ،له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و هاوڕێی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید ، هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) ده‌ڵێت ( ده‌نگێكی زۆر به‌رزو جوانی هه‌بوو ، كاتێكیش كه‌شیعری هه‌ڵده‌بژارد زۆر به‌سه‌لیقه‌بووله‌هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی ئه‌و شیعره‌ كه‌پڕمانابوو، هه‌روه‌ها ئه‌و ئاوازه‌ی له‌لایه‌ن تیپه‌كه‌وه‌ یان هونه‌رمه‌ند ( كه‌ریم كابان) ه‌وه‌ بۆی داده‌نرا زۆرباش وه‌ریگرتووه‌و جوانكاریشی تێداكردووه‌ ) (1) .

بەداخەوە بەرهەمەكانی هەرچەندە كەمن به‌ڵام پوخت و به‌رزن ، بەنرخی و سەنگینی هونه‌رمه‌ندی شه‌هیده‌ توانیویه‌تی لەڕێگەی دەنگە خۆش و زوڵاڵەكەیەوە جێگە لەناو دڵی عاشقان و هەوادارانی دەنگە بەسۆزكەی بكاتەوە و بۆ هەمیشە ناو و ناوبانگی بەنەمری و پیرۆزی بمێنێتەوە، نووسه‌ر و ڕۆشنبیر ( خه‌لیل عه‌بدوڵڵا)  ‌ به‌وشێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ند شه‌هیدقادر كابان كردووه‌ :

(  قادر كابان هونەرمەندێكی بەسەلیقە‌و ناسك بووە‌و شیعری وەسف‌و جوانی شاعیرانی وەك گۆران‌و وەلی دیوانەی كردووە بەگۆرانی‌و گۆرانییەكانی هێندە جوان‌و هەست بزوێنن ئێستاش خەڵك بەتاسەوە گوێیان لێئەگرێ. هونەرمەند هەرچەند خاوەنی چەند گۆرانییەكی كەمە، بەڵام چونكە خاوەن دەنگێكی رەسەن‌و ئەفسوناوی بووە، بەو گۆرانیانە وەك هونەرمەندێكی گەورە ناسراوه‌) (2)

بیبلۆگرافیای هونەرمەندی شەهید قادر كابان.

  هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان لەگەڕەكە دێرینەكەی مەڵكەندی شاری سلێمانی لەساڵی ( 1937)  لەخێزانێكی ئاینی و هونەری بە دنیا هاتووە ، ناوی تەواوی هونەرمەند ( قادر جەلال مەحمود )ە ،  باوكی یەكێك بووە لەكەسایەتیە ناودارەكانی شاری سلێمانی و هەروەها یەكێك بووە لە دەنگخۆش و دەفژه‌نه‌كان، لەو سەردەمەدا لەشاری سلێمانی ( جەلال مەحمود )  لەزۆربەی مه‌راسیم و سرووته‌ ئایینیەكان و خوێندنەوەی مەولودنامەی ( پێغەمبەر ) بەدەنگە خۆش و لێهاتوویی  له‌ ده‌فژه‌نین دا بەشداری كردووە لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاوڕێیانی خۆیی كە گروپێكیان دروست كردووە، دەكرێت بڵێین باوكیان كاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر چاندنی هونەرلەناخی ( كەریم كابان و قادر كابان ) تەواوی خانەوادەكەیان و بەهرەی دنگخۆشی و نزیكبوونەوەیان لەدنیای جوانی هونەر  ، باوكیان زۆر جاران لەگەڵ ئەو گروپەی هاوكاری بوون لەماڵی ئەوان كۆبوونەتەوە  بەمەبەستی پرۆڤەكردن و ژەنینی دەف و خوێندنی سرووته‌ ئاینییەكان ،زۆربەی كات  شیعری  تەسەوفیان  لەسەر بنەما و ڕێچكه‌وگۆشه‌ی مەقامەكان خوێندووە و پاشان گۆرانی سۆزداریشیان لەپاڵدا خوێندوە، ئەمانیش لەو سەردەمەدا منداڵ بوون و بەردەوام لەو كۆڕو كۆبوونەوانەدا، كەلەماڵی ئەوان سازكراوە بوونیان هەبووە و بەحەزێكی زۆرەوە گوێڕایەڵی ئەو هەموو ئاوازە خۆشانە بوون ، و كاریگەری لەسەر داناون ، كەواتە لەكەش و هەوایەكی ئاینی و هونەریدا پەروەردە  و گەورەبوون ،شه‌هید قادر كابان خاوەنی سێ‌ براو سێ‌ خوشكە ، لەبراكانی جگە لە هونەرمەندی گەورە كەریم كابان ، خواڵخۆشبوو ( جەمال كابان) ی برای كەئەویش دەنگخۆش و موزیكژەن و ئەندامێكی كارای تیپی موزیكای سلێمانی بوو ، هەروەها ( بەهادین كابان ) ئەویش دەنگخۆشێكی تری بنەماڵەی كابانە ، هونەرمەند لەساڵی ( 1967) ژیانی هاوسەری  لەگەڵ خاتوو ( نەسرین كەریم حه‌مه‌ سوور )  پێكهێناوه‌ و خاوەنی (3) جگه‌رگۆشه‌بوون، واتە دووكوڕو كچێك بەناوەكانی ( كاروان ، كاوان و كوێستان )، كاك كاروان یه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌نده‌ شێوه‌كاره‌ ده‌ست و فڵچه‌ ڕه‌نگین و ناوداره‌كانی بواری هونه‌ری شێوه‌كاری.

سەرەتای كاری هونەری شەهید قادر كابان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی و خولیای هونەری تیادا بەرجەستەبووە ، ئەگەر لەتەواوی هونەرمەندانی سەدەی پێشوو بڕوانین، دەگەینە ئەو ڕاستیە  كە بەهۆی ناهەمواری و سەختی ژیانیان و دابینكردنی بژێوی ژیان ، زۆرینەیان نەیان توانیوە درێژە بەخوێندن بدەن ، هونەرمەندی شەهیدیش وەك ئەو هونەرمەندانەی سەردەمی خۆیی و پێش خۆی ، توانی تاپۆلی شەشەمی سەرەتایی بخوێنێ‌ ، بەڵام لەپاڵ  خوێندنەكەیدا چۆتە بەركاركردن و بۆتە شاگرد سەرتاش ، سەرەتا لەلای وەستا ( عەلی )  لەبەرحەوزە وشكەكەی ناوبازاری شاری سلێمانی ، ماوەیەك لەلای وەستا عەلی دەمێنێتەوە و پاشان شوێنی كارەكەی دەگوازێتەوە بۆ لای وەستا سەلامی سەرتاش لەتەنیشت سینەمای ڕەشید نزیك بەردەركی سەرا،ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له‌لای وه‌ستا سه‌لام وه‌ك خه‌لفه‌( وه‌ستای سه‌رتاشین) كارده‌كات له‌ ساڵی ( 1954 تا 1960) .

لەبەربەردەوام بوون لەپیشەی سەرتاشین هونەرمەند دەست بەرداری خوێندن دەبێت ،لەدوای شۆڕشی14ی ته‌مموزی ساڵی ( 1958)  شه‌هید قادر كابان دەستی بەكاری هونەری كردووە ، چەندین گۆرانی خوێندووە ، وه‌ك كوردێكی دڵسۆز بۆ خاك و نیشتمان و زمان و فه‌رهه‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی و  هه‌ست كردن  به‌ چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ، هونه‌رمه‌ندی شه‌هید لەساڵی ( 1960) چەند سروودێكی نیشتمانی خوێندووە ، لەبەرهەمە ناودارەكانی كە تۆماری كردوون بریتیە لە ( دەربەدەری ، شەم ، بەجارێ‌ ماڵی وێرانم ، لەدرزی پەچەوە ( ئەم گۆرانیە زیاتر بەجادەچۆڵ و سێبەربوو ناسراوە ) ، فریشتە ، چاوەڕوانی بێهودە ، بۆكچێكی شۆخ ، لەڕێی دڵداریدا  و گوڵی سوور )

هونەرمەند لەدوای ئەو بەرهەمانە گەلێك بەرهەمی تر ئامادەدەكات بەمەبەستی تۆماركرن ، بەڵام مەخابن دەستی ڕەشی چەپەڵی دیوەزمەكانی بەعسی فاشیست ، بوونە لەمپەر و ڕێگەیان نەدا ئەو  حه‌زو ئاواتانەی هونەرمەند بێتەدی و ڕاپێچی ژووره‌ تاریكه‌كانی زیندانیان كرد.

كەسایەتی ئەم هونەرمەندە شەهیدە ، كەسایەتیەكی زۆر هێمن وڕۆحسوك و نەرم و نیان و هەست ناسك و عاشق ، عاشقی هونەرو مۆسیقا ، عاشقی نیشتمان و سروشتە جوانەكەی كوردستان ، مرۆڤ دۆست و سه‌ر ڕاست و ڕاستگۆ له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌یی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا، قسه‌ خۆش و خاوه‌نی هه‌ستێكی به‌رزی نیشتمان په‌روه‌ر بووه‌، باوكێكی میهرەبان بۆ منداڵەكانی و هەمیشە هانی منداڵەكانی داوە كە بەردەوام بن لە خوێندن و درێژە بەخوێندن بدەن و سەرقاڵی كاری هونەری بن ، ئەو هەموو خەسڵەتە جوانانە  لەم مرۆڤە هونەرمەندە دا بەدی دەكرا ، هونەرمەند لەكارەكەیدا زۆر كارامەو دەست ڕەنگین و سەركەوتووبوو سەرتاشێكی چاك و بەئەزموون و بەتوانابوو، كه‌سێكی دڵ و ده‌روون و ناخ پاك بووه‌، به‌ردوام شوێنی كاره‌كه‌ی سه‌رتاشخانه‌ی ( ده‌رسیم) جیا له‌ پیشه‌كه‌ی شوێنی كۆبوونه‌و به‌یه‌كگه‌یشتن و دیداری ئازیزان و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی و ئه‌دیب و ڕۆشنبیران بووه‌.

هونه‌رمه‌ندی شه‌هید زۆر سەرسام بوو بە هۆنراوەی شاعیرانی نەتەوەكەی بەتایبەت شاعیری وەصف و جوانی مامۆستا ( گۆران ) و( وەلی دێوانە ) و ( ئه‌حمه‌د هه‌ردی ) و شاعیره‌ ناوداره‌كانی دیكه‌ ، هەروەكو لەسەرەتادا ئاماژەم پێدا هونەرمەند خۆڕسك بار هاتبوو خۆی خۆی پێگەیاند و لاسایی هیچ كام لە هونەرمەندانی پێش خۆی نەكردۆتەوە ، بەڵكو هەندێك لە هونەرمەندان گۆرانیەكانی شەهید قادر كابان یان خوێندۆته‌وه‌ و، یەكێك لەو هونەرمەندانەی كە گۆرانی شه‌هید قادركابانی خوێندووە ، هونەرمەند ی بەڕێز ( ناسری ڕەزازی ) یە، له‌به‌ر كاریگه‌ری ده‌نگ و میلۆدییی خۆشی  گۆرانییه‌كه‌و تێكسته‌ به‌رزه‌كه‌ی مامۆستا گۆران ،ئه‌ویش گۆرانی ( لەدرزی پەچەوە)  یه‌ ، هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی لەساڵی (1975) لەشاری سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان  لەگەڵ گروپێكی ڕۆژئاوایی بەسەرپەرشتی هونەرمەندە میوزیك ژەن ( ئیقبالی حاجبی ) تۆماركردووە ئەوكاسێتەی هونەرمەند بەناوی ئەو گۆرانیەوە ( جادە چۆڵ و سێبەربوو ) بڵاوبۆوە و دەنگی دایەوە ، ناسری ڕەزازی توانی ئەو گۆرانیە لەڕووی دەنگ و ئاوازەوە زۆر بەچاكی بخوێنێ‌.

هێدی هێدی خولیای ئاوازو گۆرانی لەلای هونەرمەندی شەهید قادر كابان پەرە دەسێنێ‌ و هەوڵ دەدات ئاواز لەسەر هۆنراوەی شاعیران دابنێ‌، هەركاتێك ئاوازێكی دانابێ‌ بۆ پەسەندكردنی ئاوازەكە هانای بۆ هونەرمەند كەریم كابانی برا گه‌وره‌ی  بردووە و ئاوازەكەی بەدەنگی خۆی بۆ خوێندووە و كەریم كابان یش زۆرپه‌سه‌ند و هانیداوە كه‌به‌رده‌وام بێـت، ئاشكرایە كە كاریگەری هونەرمەند كەریم كابان بەسەر كارە هونەرییەكانی قادر كابانەوە ڕوون و ئاشكرایە ، چونكە هەردوكیان زادەی یەك خانەوادەی ئاینی و هونەری و دەنگخۆش بوون ، كەریم كابان زۆر هانی قادری برای داوە كەبەردەوام بێت و ئاوازیشی بۆ داناوە ، بۆ نموونە هۆنراوەی ( لەدرزی پەچەوە ) ی مامۆستا ( گۆران)  ، كەریم كابان  ئەو ئاوازەی بۆ خۆی داناوە ، بۆ قادری برای دەخوێنێ‌ و بزانێ‌ ئەو ئاوازە چۆنە به‌لایه‌وه‌، ئەویش زۆری ئەو ئاوازە پێ‌ خۆش دەبێت ،

تیپی موزیكای سلێمانی لەهۆڵی( سانەوەی سلێمانی )ئاهەنگێك سازده‌كه‌ن و شەهید قادر كابان یش یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی ئاهه‌نگه‌كه‌، و مۆڵەت لە هونەرمەند كەریم كابانی برای وەردەگرێت كە ئەو گۆرانیە بخوێنێ‌ ،( لەدرزی پەچەوە ) ، مامۆستاوهونه‌رمه‌ندی گەورە ( ئەنوەر قەرەداخی ) ئەركی دابەشكردنی مۆسیقای ئەو گۆرانیە دەخاتە ئەستۆی خۆی، هەروەكو خودی هونەرمەند ( كەریم كابان ) دەڵێت( من تازە لەباشووری ئێراقەوە گەڕابوومەوە سلێمانی وەك میوان لەو ئاهەنگەدا بەشداربووم ، قادری برام لەسەر شانۆ بۆ یەكەم جار ئەو گۆرانیەی خوێند ، ئەوەندە بەسۆزو جوان خوێندی ، لەدوای ئەو ئاهەنگەوە ئەو گۆرانیەم دابە قادری برام) (3)

 دەتوانین بڵێین گۆرانی لەدرزی پەچەوە  یەكێكە لەشاكارە جوانەكانی هونەرمەندی شەهید قادر كابان ، هەر ئەو گۆرانیە شه‌هید قادر كابان لەساڵی ( 1972) لەگەڵ تیپی موزیكای سلێمانی لەتەلەفیزیۆنی كەركوك به‌دابەشكردنێكی باشتر تۆماری كردەوە و بڵاوبۆوە، جگە لەو ئاوازە هونەرمەند كەریم كابان دووئاوازی تری بۆ شه‌هید قادركابانی برای داناوە لەسەر شیعری شاعیران وەك ( بۆ كچێكی شۆخ ) لە هۆنراوەی مامۆستا گۆران ، و (لەڕێی دڵداریدا)  لە هۆنراوەی ( شێخ ئەحمەدی شێخ غه‌نی ) ناسراو بە ( فەوزی ) .

هونەرمەندی شەهید  قادر كابان ، لەبواری هونەریدا هەمیشە خولیای بووە گەشە بكات و درێژە بەكاری هونەری بدات ، بەڵام لایەنە نەتەوەیەكەشی فەرامۆش نەكردووە بەردەوام لەگەڵ ئازارو ئەندێشەكانی نەتەوەكەیدا ژیاوە و خوازیاری سەرخستن و سەركەوتنی نەتەوەكەی بووە لە تێكۆشان و خەبات و ڕزگاربوونی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی.

به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی شه‌هید قادر كابان ...!

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) ده‌ڵێت ( كاتێك ‌ ده‌ستمان به‌كاری هونه‌ری كرد له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی ، دركمان به‌وه‌كرد كه‌ هونه‌رمه‌ند قادر كابان توانایه‌كی باشی هه‌یه‌ ، بۆیه‌ داوامان لێكرد له‌گه‌ڵماندا كاربكات ، هه‌ربۆیه‌ له‌زۆربه‌ی كارو ئاهه‌نگه‌كاندا له‌گه‌ڵماندا به‌شداریه‌كی چالاكانه‌ی هه‌بوو) (4)

 به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند هه‌رچه‌نده‌ كه‌من به‌ڵام پوخت و لێوانلێون له‌جوانی هونه‌ری له‌ڕووی گوتن و میلۆدی و تێكسته‌وه‌، كه‌ تائێستا به‌زیندوویی و چێژبه‌خشی ماونه‌ته‌وه‌، هونه‌رمه‌ندی شه‌هید زۆر به‌ووریایی و كارامه‌یه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی تێكستداكردووه‌و ، جوانترین و به‌چێژترین میلۆدی به‌باڵای هۆنراوه‌ی شاعیراندا به‌خشیوه‌ و، به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانیدا دیاره‌ كه‌ هه‌رهۆنراوه‌یه‌ك نه‌یزانیبێ له‌گه‌ڵ ئه‌داو توانای ده‌نگیدا ناگونجێ‌ خۆی له‌قه‌ره‌ی نه‌داوه‌ ، گۆرانییه‌كانی شایه‌تحاڵن ، وه‌هه‌روه‌ها كاركردنی له‌گه‌ڵ تیپه‌ مۆسیقییه‌كانی وه‌ك تیپی مۆسیقای ( سلێمانی و مه‌وله‌وی و تیپی هونه‌ری هه‌ولێر) له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیانه‌دا زۆر به‌ لێهاتوویی كاری له‌گه‌ڵدا كردوون و هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌ست و په‌نجه‌ گه‌وهه‌رییانه‌ی ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیانه‌ زۆر به‌دڵسۆزانه‌و خه‌مخۆرانه‌ هاوكارو پشتیوانی بوون، شه‌هید قادر كابان جیا له‌وبه‌رهه‌مانه‌ی له‌گه‌ڵ تیپه‌مۆسیقیه‌كان ئه‌نجامی داون ، له‌ فیستڤاڵه‌ هونه‌رییه‌كانیش به‌ده‌نگه‌ ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی به‌شداریكردووه‌ و سه‌رنجی ئاماده‌بووانی بۆلای ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ڕاكێشاوه‌و  له‌ئه‌نجامدا خه‌لاتیش كراوه‌ ، هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان ، له‌ میهره‌جانی هونه‌ری كوردی یه‌كه‌م ، كه‌له‌ساڵی (1974) له‌شاری به‌غداد ئه‌نجامدراوه‌ ، له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌گۆرانی ( عومری شیرین) ..

( به‌جارێ ماڵی وێرانم به‌سه‌رچوو وه‌عده‌ی ژینم

به‌ناكامی له‌دنیادا به‌باچوو عومری شیرینم ) (5) 

له‌ئاوازی خودی هونه‌رمه‌ند  و هۆنراوه‌ی( ئه‌خۆل) ، ئه‌م كاره‌ هونه‌رییه‌ ئاماده‌و دابه‌شكردنی له‌لایه‌ن مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( خالید سه‌ركار) ه‌وه‌ بۆی ئه‌نجامدراوه‌،

هه‌روه‌ها له‌میهره‌جانی مۆسیقای جیهانی چواره‌م، له‌ڕێكه‌وتی ( 10 _12/10/1978) كه‌له‌باخچه‌ی مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری زانكۆی سلێمانی سازكراوه‌، له‌ومیهره‌جانه‌دا كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیارو ئاوازدانه‌ر و گۆرانیبێژ كه‌له‌ساڵی (1950 بۆ 1960) كاری هونه‌رییان ئه‌نجامداوه‌و تێكۆشان له‌پێناو به‌رزڕاگرتنی هونه‌ر، خه‌ڵات ده‌كرێن و هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان یه‌كێك بووه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ خه‌ڵاتی پێ به‌خشراوه‌.

_یه‌كێكی تر له‌شاكاره‌ ناوازه‌كانی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید ، گۆرانی ( شه‌می شه‌وان) ه‌

( هه‌ی شه‌می شه‌وان ، هه‌ی شه‌می به‌شه‌وق چلچرای شه‌وان

هه‌ی ژیانی من ، هه‌ی ڕۆحی ڕه‌وان، هه‌ی گلێنه‌كه‌ی دیده‌ی بێ خه‌وان)  ، له‌هۆنراوه‌ی ( وه‌لی دێوانه‌) ، له‌ئاوازی خودی هونه‌رمه‌ند و، ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) بووه‌.

_گۆرانی( گوڵی سوور ) له‌هۆنراوه‌ی ( كامه‌ران موكری ) ئاوازو ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی مۆسیقا له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ولیه‌م یوحه‌ننا) بووه‌.

_ گۆرانی ( فریشته‌ )

( ڕوومه‌تی وه‌ك گوڵی بێگه‌رد ، قژی خاو ئاوریشمێكی زه‌رد

چاوی كاڵ ، ئه‌گه‌رچی نه‌رمه‌ ، به‌ڵام نیگای ئێجگار گه‌رمه‌) ( 6) ، له‌هۆنراوه‌ی ( كامه‌ران موكری ) ، له‌ئاوازی خودی هونه‌رمه‌ند و، ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) بووه‌.

_ گۆرانی ( له‌درزی په‌چه‌وه‌)

( جاده‌چۆڵ و سێبه‌ربوو كاتی به‌یانی،

 ئه‌ڕۆیشتم خه‌یاڵاوی ئه‌مڕوانی

بۆ سه‌وزایی ده‌وروپشتم بۆئاسمان

بۆشاخی به‌رز،خانووی تازه‌ دنیای جوان) (7)

له‌هۆنراوه‌ی ( عه‌بدولڵا گۆران) ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( كه‌ریم كابان) و ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) بووه‌،

سه‌باره‌ت به‌م گۆرانییه‌ هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان ده‌ڵێت، دوای خوێندنی ئه‌و گۆرانییه‌ به‌و سۆزو ئه‌داخۆشه‌ی شه‌هید قادری برام و زۆرم به‌دڵ بوو، منیش گۆرانییه‌كه‌م دا به‌ شه‌هید قادر ، دواتر پێش هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول ،ساڵی (1974)  ، شه‌هید قادری برام له‌گه‌ڵ  ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك به‌شێوه‌ی ( ڕه‌ش و سپی) ئه‌و گۆرانییه‌یان تۆماركرد) (8)

_ گۆرانی ( له‌ڕێی دڵداری ) دا

( دڵێ گیرۆده‌ی زوڵف و خاڵ نه‌بێ

شێواوی عیشوه‌ی چاوی كاڵ نه‌بێ) ، هۆنراوه‌ی ( شێخ ئه‌حمه‌د شێخ غه‌نی ، ناسراو به‌  ( فه‌وزی)  ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( كه‌ریم كابان).

له‌گه‌ڵ تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نایاب و لێوان لێو له‌سۆز و شاكاره‌ به‌رزانه‌ له‌هه‌موو پێكهاته‌كانی گۆرانی وه‌ك ( میلۆدی ، تێكست و ده‌نگ) هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رییانه‌ له‌ كاره‌كانی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كاباندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌وسه‌رده‌مه‌دا به‌شێك  له‌هونه‌رمه‌ندان ڕاو بۆچوونیان وابووه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندی شه‌هید كاریگه‌ری میلۆدی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ده‌نگ و كاره‌ هونه‌رییه‌كانیدا هه‌یه‌؟!

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) له‌دیدارێكدا ده‌ڵێت ( له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه‌مێك كاریگه‌ری ئاوازی عه‌ره‌بی له‌سه‌ربووه‌ ، ئه‌گه‌رچی وه‌ك تیپی مۆسیقای سلێمانی سه‌رنجی خۆمان پێوتووه‌) (9)

هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان هه‌واری هونه‌ری ده‌گوازێته‌وه‌ و ڕوو له‌شاری هه‌ولێر ده‌كات ،  ئه‌ندامانی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر ، پێشوازی لێده‌كه‌ن و دوو به‌رهه‌می ناوازه‌ی بۆتۆمارده‌كه‌ن، وه‌ك ( چاوه‌ڕوانی بێ هوده‌  و بۆكچێكی شۆخ)

بۆزانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به‌و دووبه‌رهه‌مه‌ی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان له‌ساڵی (1978) له‌شاری هه‌ولێر ، ڕووی پرسیارم كرده‌ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریا ئه‌حمه‌د).

( ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌له‌تیپی هونه‌ری هه‌ولێر كارمان ده‌كرد، پێشتر ئاشنابووین به‌ كاره‌هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان،  هونه‌رمه‌ندێكی باش و لێهاتوو بوو، له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا به‌ده‌رده‌كه‌وت كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی وریا و به‌سه‌لیقه‌و خاوه‌نی هه‌ستێكی هونه‌ری به‌رزه‌ له‌ڕووی هه‌ڵبژاردنی هۆنراوه‌ و ئاوازه‌وه‌، كه‌ هاته‌ هه‌ولێر و بۆلامان هات وه‌ك تیپی هونه‌ری هه‌ولێر زۆر پێشوازی گه‌رممان لێكردو خۆشحاڵ بووین ، هونه‌رمه‌ندی شه‌هید یادی به‌خێر باسی كاری هونه‌ری كرد، كه‌ دوو به‌رهه‌می ئاماده‌یه‌ بۆ تۆماركردن ، هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه‌ی بۆ خوێندین ، گۆرانی ( بۆكچێكی شۆخ) من و برای هونه‌رمه‌ندم ڕزگار خۆشناو پێكه‌وه‌ كاری ئاماده‌كردنی مۆسیقامان گرته‌ ئه‌ستۆ.

وتم مامۆستا بۆ هه‌ردووكتان كاری ئاماده‌كردنی ئه‌و به‌رهه‌متان گرته‌ ئه‌ستۆ ؟ مامۆستا وریا : له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌م هونه‌رمه‌ندی شه‌هید خۆشه‌ویست بوو له‌لامان  و ئاوازه‌كه‌ش زۆر خۆش و كاریگه‌ربوو ، هه‌ردوكمان پێمان خۆشبوو به‌یه‌كه‌وه‌ كارێكی زۆر جوانی هونه‌ری بۆ ئه‌نجام بده‌ین، به‌ڵێ ئه‌وكاره‌مانكردوو هونه‌رمه‌ند قادر كابانیش به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی به‌وشێوه‌ی كه‌ئێستا هه‌یه‌  خوێندی و به‌زوویی بڵاوبۆوه‌و بووه‌ جێی په‌سه‌ند و ڕه‌زامه‌ندی هه‌وادارانی هونه‌ری كوردی) (10)

گۆرانی ( بۆكچێكی شۆخ)

( زۆر قژی زه‌رد سه‌رنجی ڕاكێشاوم ، زۆر چاوی شین داویه‌ پرشنگ له‌چاوم ) له‌هۆنراوه‌ی ( گۆران) و ئاوازی هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان)

سه‌باره‌ت به‌گۆرانی دووه‌م ( چاوه‌ڕوانی بێ هووده‌ ) له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند(جان تۆماس)  مان دوواند وله‌باره‌ی ئه‌و گۆرانیه‌وه‌ وتی ( به‌ڵێ ئه‌و گۆرانییه‌ مۆسیقاكه‌ی له‌ئاماده‌كردنی منه‌ ، كاتێك هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان هات بۆ تیپی هونه‌ری هه‌ولێر ، بۆئێمه‌ جێی خۆشحاڵی بوو كه‌ كار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانا و ده‌نگخۆش بكه‌ین ، من و كاك وریا و كاك ڕزگار خۆشناو له‌ماوه‌ی (3) سێ رۆژدا كاره‌ هونه‌رییه‌كانمان بۆته‌واوكردو ، هه‌رله‌ستۆدیۆی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر بۆمان تۆماركرد، دواتر له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك به‌شێوه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ هه‌ردوو گۆرانی هونه‌رمه‌ندقادر كابان تۆماركراو بڵاوبۆوه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم كاتێك هونه‌رمه‌ند قادر كابان هاته‌ هه‌ولێر و ڕووی له‌ئێمه‌ ناو  ئێمه‌ش زۆر خۆشحاڵبووین، هه‌رگیز ئه‌وه‌م له‌یادناچێت هونه‌رمه‌ند كه‌مێك نیگه‌ران بوو ، وتی له‌سلێمانی پێیان وتووم كه‌ ئاوازه‌كانم كاریگه‌ری عه‌ره‌بی یان له‌سه‌ره‌، به‌هه‌رحاڵ بۆئێمه‌ جێی خۆشحاڵی بووكه‌ توانیمان ئه‌و كاره‌ جوانانه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان تۆماربكه‌ین و ئه‌و مێژووه‌ بۆخۆمان و هونه‌رمه‌ند درووست بكه‌ین) (11)

‌گۆرانی دووه‌م ( چاوه‌ڕوانی بێ هووده‌ )

( هه‌موو ڕۆژێ له‌به‌ر سه‌یری بتی ئه‌و به‌ژن و باڵایه‌

له‌سه‌ر ڕێ یه‌ ئه‌وه‌ستم هه‌تاكو ئاوی پێم دایه‌ ) ، هۆنراوه‌ی ( ئه‌حمه‌د هه‌ردی) و له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادركابان.

 بۆئه‌وه‌ی كات و ڕێكه‌وتی ئه‌و دووبه‌رهه‌مه‌به‌دروستی بزانرێت كه‌له‌شاری هه‌ولێر  تۆماركرا، هونه‌ردۆست و ئه‌رشیفپارێز( جیهانبه‌خش كۆیی) له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ پێی ڕاگه‌یاندم كه‌ له‌مانگی (6) ی ساڵی (1978) هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان ئه‌و دوو گۆرانییه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر تۆماركردووه‌ ) (12)

دوای  (40) ساڵ  تێپه‌ڕبوون له‌سه‌ر بێسه‌روشوێنكردنی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆزو خاك و هونه‌ر خۆشه‌ویسته‌ ، له‌مانگی (4) ی ساڵی (2021) گۆرانییه‌كی نه‌بیستراوی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید ، به‌بێ مۆسیقا  به‌ناوی ( شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ) هۆنراوه‌ به‌رزه‌كه‌ی ( وه‌فایی) له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌سته كانی سه‌ده‌ی پێشوو خوێندوویه‌تی ، له‌لایه‌ن به‌ڕێز ( شوان عه‌بدولڕه‌حمان خه‌فاف) خاوه‌نی تۆمارگای ( ئۆسكار) بڵاوكرایه‌وه‌.

دوارۆژه‌كانی ئاوابوونی خۆری ته‌مه‌ن و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند قادر كابان...؟!

   هونەرمەندی شه‌هید وەك نەریتی ڕۆژانەیی و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماڵیان نزیك بازاڕبووه‌، هەموو نیوەڕۆیەك بۆنان خواردن و كەمێك پشوودان گەڕاوەتەوە ماڵ پاشان گەڕاوەتەوە دوكانەكەی و درێژەی بەكاری سه‌رتاشین داوە ، بەڵام ڕێكەوتی ( 28/2/1981) ئەو ڕۆژە ، ڕۆژێكی شووم و جیاواز لەڕۆژانی ڕابردوو، كاتژمێر (2) ی پاش نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە هونەرمەند دەگەڕێتەوە دوكانەكەی ،  چەتەوڵەكانی حیزبی بەعس لەبۆسەدا دەبن بۆی لە دوكانەكەی قۆڵ بەستی دەكەن و ڕاپێچی زیندانی ئەمنی سلێمانی دەكەن ، بەداخەوە هەرو ڕاپێچكردنە بوو چیتر ئەو هونەرمەندە ئازیزو هەست ناسكە نەگەڕایەوە ، حیزبی بەعس وەك نەریتێكی شۆڤێنیانەیان هەمیشە سڵیان لە جوانی هونەرو هونەرمەند و كەسایەتی و بەهرەمەند كردۆتەوە ، كەسایەتی ئەم هونەرمەندەیان بەمەترسی لە قەڵەم داوە ، چونكە پیلانی دەستگیركردنی قادركابان لەبەڕێوەبەرایەتی ئەمنی كەركوكەوە داڕێژرابوو و داوا لە ئەمنی سلێمانی دەكات بەزووترین كات دەستگیری بكەن ، دوای گرتنی تەنها بۆماوەی دوو ڕۆژ لەئەمنی سلێمانی دەیهێڵنەوە و ڕەوانەی ئەمنی كەركوكی دەكەن ،بەداخەوە مەرگ وزیندانە تاریك و ڕەشەكانی بەعس مەودای نەدا درێژە بەكاری هونەری بدات ، ئەگەر لەژیاندا بمابایه‌ بێگومان بەرهەمی باشتر و ناوازە تری بۆ دەخوڵقاندین ، هەرچەندە ئێستاش بەرهەمەكانی بۆ هەمیشە بەنەمری دەمێننەوە ، چونكە دەنگ و بەرهەمەكانی بوونەتە شێوازێكی هونه‌ری تایبه‌ت به‌شه‌هید قادر كابان. دوای دەستگیركردن و سەرنگومكردنی قادركابان بەبڕیارێكی فەرمی لەلایەن حیزبی بەعسی دیكتاتۆرەوە، هەموو بەرهەمە تۆماركراوەكانی لەتەلەفزیۆنی كەركوك ڕادەگیرێن و چیتر بڵاوناكرێنەوە.

 جێی داخ و په‌ژاره‌یه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندی سه‌رنگومكراو قادر كابان له‌و ڕۆژه‌وه‌ی له‌ دوكانه‌كه‌ی قۆڵبه‌ست ده‌كرێت ، تائێستاش هیچ زانیاریی و شوێنه‌وارێك له‌ گڵكۆی بوونی نییه‌ ، خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ی كابان ماوه‌ی زیاتر له‌ (10)  ساڵ له‌ده‌رگای ( ئه‌من و مخابه‌رات و ئیستخیبارات و هه‌موو زیندانه‌كانی به‌عس یان دا ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بێ هووده‌بوو ، هه‌ر زیندانیه‌كی سیاسی وله‌هه‌رشوێنكێك ئازاد بكرایه‌ ، خاتوو ( نه‌سرین) ی هاوسه‌ری و خانه‌واده‌كه‌ی خۆیان گه‌یاندۆتێ به‌ڵكو سۆراخێكیان چنگ كه‌وێت ، له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس و ده‌ستكه‌وتنی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌و ده‌زگا سه‌ركوتكه‌رانه‌، كه‌وتنه‌ به‌رده‌ستی خه‌ڵك و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، ته‌نها وه‌فاتنامه‌یه‌ك به‌رده‌ست كه‌وتووه‌ كه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌له‌سێداره‌دانی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید  ده‌دات له‌ڕێكه‌وتی ( 1/7/1981)  واته‌ دوای چه‌ند مانگێك له‌ئازار و ئه‌شكه‌نجه به‌داخه‌وه‌‌ له‌سێداره‌یان داوه‌.

هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی هونەرمەندی شەهید و ڕوحی شاد و  بەرزی و نەمری بۆ كەسایەتی و هونەرەكەی ،یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان هه‌موو كات به‌رزو به‌ڕێز بێت.

به‌پێویستی ده‌زانم رۆڵ و ماندووبونی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری تیپەكانی ( سلێمانی و مەولەوی و هەولێر ) به‌رزبنرخێنین و سوپاسگوزاریان بین، كەلەگەڵ هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كاباندا كاری هونه‌رییان ئه‌نجامداوه‌و، دەست خۆشیان لێبكرێت و دەستی ماندووبونیان بەڕێزو حورمەتەوە بگوشرێن، چونكە ئەو تیپە موزیكانە گەورەترین خزمەتیان بە هونەرو هونەرمەندانی گەلەكەمان كردووە  و بۆ هەمیشە جێگەی شانازین،

له‌یادی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كاباندا، به‌پێویستی ده‌زانم كه‌ ئاماژه‌ به‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ جوانه‌ی هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رتاش ( زاهیر صدیق)  بده‌م ،لەرێگەی هونه‌رمه‌ند (نەهرۆی ساڵح دەلۆیی) و بە سپۆنسەری ( ئازاد عەبدوڵڵا حەملان) لە وڵاتی سوید. دیواربه‌ندی بۆ هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادركابان دروستکرد،  ئه‌وه‌ كاره‌ شیوازیکی هونەری نوێ بوو كه‌له‌ساڵی (1999) له‌به‌رده‌م هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان له‌مه‌راسیمێكی شایسته‌دا په‌رده‌ له‌سه‌ر ئه‌و دیواربه‌ندییه‌ی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید قادر كابان لادرا.

 جه‌مالی ده‌لاك 20/9/2021

سه‌رچاوه‌ : (1 و 4 و 9) سایتی خاك ،، شه‌هێن سابیر ،، 19/7/2016

(2 )  چراكانی نیشتمان ،، 9/4/2018 ،،، ئه‌كاونتی به‌ڕێز خه‌لیل عه‌بدوڵڵا،  فه‌یسبوك

(3 و 8) به‌رنامه‌ی چراكان ، كه‌ریم كابان ، ئاماده‌وپێشكه‌شكردنی (ئه‌میر عومه‌ر) كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس (2006)

(5) هۆنراوه‌ی ( عومری شیرین) دیوانی ئه‌خۆل ، لاپه‌ڕه‌ (108)

(6)  هۆنراوه‌ی ( فریشته‌) دیوانی كامه‌ران موكری  ،، سه‌رپه‌رشتیكردنی ( حسێن به‌فرین) لاپه‌ڕه‌ (345)

(7) هۆنراوه‌ی ( له‌درزی په‌چه‌وه‌) ،، دیوانی گۆران ، سه‌رجه‌م شیعره‌كانی عه‌بدولڵا گۆران، كۆكردنه‌وه‌و پێشه‌كی ( محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم) لاپه‌ڕه‌ (58)

(10) دیدارم له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریا ئه‌حمه‌د) كتێبخانه‌ی ئاشتی ، بازاڕی (داون تاون) ڕێكه‌وتی (16/9/2021)

(11) له‌ڕێكه‌وتی ڕۆژی شه‌ممه‌ (18/9/2021) له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ ئه‌و زانیارییانه‌م له‌هونه‌رمه‌ند و مامۆستا( جان تۆماس ) وه‌رگرتووه‌.

(12) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ( جیهانبه‌خش كۆیی) شه‌ممه‌ 18/9/2021)

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.