Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 11:32

ئازاد ساڵح شنروێ .. ئه‌و هونه‌رمه‌ندە‌ ژه‌نیاره‌ی خه‌می هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی شارێکی له‌کۆڵ گرتووه‌ 

کوردستان TV
100%

هونه‌ر به‌گشتی گوڵستانێکه‌ که‌ لێوڕێژه‌ له‌ گوڵی گه‌شاوه‌ی جوان و بۆنخۆش ، هه‌ریه‌که‌یان بۆن و به‌رامه‌یه‌کی تایبه‌ت ده‌به‌خشن، میلله‌تانی سه‌ر ڕووی ئه‌م زه‌مینه‌ هه‌ریه‌که‌یان له‌و پێگه‌ جواگرافیایه‌ی خۆیاندا شانازی  به‌هونه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌کانیانه‌وه‌ ده‌که‌ن ، ئێمه‌ش وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست و بێ ده‌وڵه‌ت مافی خۆمانه‌ که‌ شانازیی به‌ هونه‌رمه‌ندانی خۆمانه‌وه‌ بکه‌ین ، چونکه‌ له‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ هونه‌رمه‌ندان  له‌هه‌موو بواره‌کانی  هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌رمه‌ندانی بواری مۆسیقا و گۆرانی پێگه‌یه‌کی به‌رزو به‌نرخیان هه‌یه‌، چونکه‌ هه‌ریه‌که‌یان له‌ژێر سایه‌ی زوڵم و سته‌می داگیرکه‌ران ، بوێرانه‌و خۆنه‌ویستانه‌ له‌دوای هه‌وڵ و کۆششێکی زۆر خۆیان دروست کردووەمێژوویه‌کی بایه‌خدارییان نه‌خشاندووه‌‌،  هونه‌رمه‌ندان زیاتر له‌نیوه‌ی ته‌مه‌نیان بێ دابڕان به‌ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌که‌یان به‌خشیوه‌.
به‌شێک له‌و هونه‌رمه‌نده‌ مۆسیقا ژه‌نانه‌ ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌کانن و، هه‌ندێکیشیان به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌رچووی هیچ ئه‌کادیمیایه‌کی مۆسیقا بن ، دڵسۆزانه‌ و به‌خولیاو حه‌زێکی زۆره‌وه‌  خۆڕسک فێری ئامێره‌کانی مۆسیقا بوون و ، ژیانیان له‌وپێناوه‌دا به‌ختکردوه‌و  ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ هونه‌رمه‌ندێکی ناودار و مامۆستا و وانه‌ی مۆسیقا به‌ قوتابیه‌کانیان ده‌ڵێنه‌وه‌ جێ په‌نجه‌و ماندوبوونیان دیاره‌.
یه‌کێک له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیارانه‌ی له‌شارێکه‌وه‌خۆی دروست کردو ئه‌و خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ی خسته‌ سه‌رشانی و به‌ڵێنی به‌خۆیی و شاری ئه‌دیبان و ڕۆشنبیران و شاعیران وهونه‌رمه‌ندان ( هه‌ڵه‌بجه‌) دا، که‌ تادواساته‌کانی ژیانی له‌خزمه‌تی پێشکه‌وتنی هونه‌ر و مۆسیقا و گۆرانیدا بێت، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار که‌ ماوه‌ی نیوسه‌ده‌یه‌ بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ژیاوه‌ ئێستا بۆته‌ پێشه‌نگی بواری هونه‌ری مۆسیقا و ئاڵای مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌رزکردۆته‌وه‌ ،  ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( ئازاد ساڵح مه‌لا سابیر )   ناسراو به‌  ( ئازاد ساڵح شنروێ) . 
هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح مه‌لاسابیر ، له‌یه‌کێک له‌گه‌ڕه‌که‌ کۆنه‌کانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ، گه‌ڕه‌کی جوله‌کان له‌ خانه‌واده‌یه‌کی مام ناوه‌ندی و ڕۆشنبیر، له‌ساڵی (1955) چاوی به‌ژیان و شاره‌ له‌دڵاشیرینه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ڵهێناوه‌، ته‌نانه‌ت دایکی خاتوو ( به‌دری حسێن بانه‌یی)  و باوکیشی( ساڵح مه‌لا سابیر)  هه‌رله‌وگه‌ڕه‌که‌ ( جوله‌کان) له‌دایکبوون.
هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح شنروێ ، براگه‌وره‌ی (4) خوشک و (3) برایه‌ .
هونه‌رمه‌ند وه‌ک هه‌رمنداڵێکی ئاسایی، له‌گه‌ڕه‌که‌یان ژیانی منداڵی به‌سه‌ر بردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی باوکی باری ئابووری تاڕاده‌یه‌ک باش بووه‌ و خاوه‌ن دو‌کان بووەو که‌سێکی کاسب و  ڕوو خۆش و ڕۆشنفکر و کۆمه‌ڵایه‌تی بووه‌‌، به‌رده‌وام بۆدابینکردنی پێداویستیه‌کانی دوکانه‌که‌ی ، ڕووی له‌شاری سلێمانی و به‌غداد کردووه‌ و کاڵای بۆ دوکانه‌که‌ی هێناوه‌، ئازادی کوڕی زۆر خۆشویستووه‌ و هه‌رجارێک گه‌ڕابێته‌وه‌ بۆشاره‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ دیارییه‌کی نایابی بۆ کوڕه‌ شیرینه‌که‌ی هێناوه‌ ، له‌سه‌رده‌مانێکدا پایسکیلی سێ تایه‌ی بۆ کڕیوه‌‌ ، که‌ زۆر ده‌گمه‌ن بووه‌ و منداڵانی هاوڕێی گه‌ڕه‌ک ئاواتیان بۆ خواستووه‌ که‌ئه‌وانیش وه‌ک ئازاد ساڵح به‌خته‌وه‌ر بن ، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی خاڵه‌کانی مامۆستا و ڕۆشنبیر بوون، به‌رده‌وام چاودێری و ڕێنوێنیان کردووه‌ که‌ خۆی به‌شی لاوه‌کیه‌وه‌ سه‌رقاڵ نه‌کات و هه‌موو کات هۆش و بیری له‌لای قوتابخانه‌ وگرنگی به‌ خوێندنه‌که‌ی بدات ،خاڵه‌کانی زۆریان خۆشویستووه‌ و له‌ژیانیدا کاریگه‌ری زۆری خاڵه‌کانی له‌سه‌ربووه‌.
هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح ، له‌ساڵی (1961) ده‌خرێته‌ به‌رخوێندن، له‌قوتابخانه‌ی( ئاشتی ) دوای  هاتنی به‌عسییه‌کان بۆ سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات ناوی قوتابخانه‌یه‌که‌یان ده‌گۆڕدرێت بۆ ( انتصار) ، کاتێک  هونه‌رمه‌ند قوتابی پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی ده‌بێت ، مامۆستایه‌کیان هه‌بووه‌ به‌ناوی ( حه‌مه‌ی ڕه‌عنا) ، ئه‌م مامۆستا به‌ڕێزه‌ ده‌رچووی به‌شی شێوه‌کاری په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌کانی به‌غداد بووه‌و ، هه‌روه‌ها شاره‌زایی له‌ژه‌نینی ئامێری ڤیۆلۆن هه‌بووه‌، له‌ناو قوتابییه‌کان چه‌ند قوتابییه‌ک هه‌ڵده‌بژێرێت، تیپێکی کۆرس بۆ سروود خوێندن دروست ده‌کات و مۆسیقای سرووده‌کانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌یان بۆ ده‌ژه‌نێ و له‌پاڵ ئه‌و کارانه‌شدا زانیارییان له‌سه‌ر هونه‌ری مۆسیقا و ئه‌و سروودانه‌ پێ ده‌به‌‌خشێت، 
له‌م قۆناغه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند هه‌ست و هۆشی بۆ لای دنیای هونه‌ر هه‌نگاو ده‌نێ و، حه‌زو خولیا و ئاره‌زووی بۆ مۆسیقاله‌ناخیدا چرۆ ده‌کات،  له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌  باوکی خاوه‌نی ڕادیۆ بووه‌ و به‌رده‌وام له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه‌ گوێبیستی ئاواز و میلۆدی و ده‌نگی خۆشی هونه‌رمه‌ندانی کورد و عه‌ره‌ب بووه‌.
هونه‌رمه‌ند بیره‌وه‌رییه‌کانی منداڵی و ده‌نگ و ئاوازه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ڕادیۆی کوردی به‌غدا مان بۆده‌گێڕێته‌وه‌(هەر لە منداڵیەوە گوێ بیستی دەنگی مامۆستا تاهیر تۆفیق بووم ، کاتێ مەڵاشووی هزرم کرایەوە بە گۆرانی و موزیک ، لە سه‌ره‌تای ساڵانی شەستەکانەوە بە هۆی ڕادێوی کوردی بەغداوە کە ساڵی (1939) دامەزراوە ،گوێ بیستی دەنگی هونەرمەندان (عەلی مەردان ،ڕەسوڵ گەردی ، حه‌سه‌ن زیره‌ک ، شه‌ماڵ سائیب، .حه‌سه‌ن جزیری و محه‌مه‌د عارف جزیری،  نه‌سرین شیروان ، گوڵبه‌هار ، عیسی به‌رواری، فه‌خری بامه‌ڕنی ، فوئاد ئه‌حمه‌د ، که‌ریم کابان) ، دوای ئەوانیش حه‌سه‌ن دڵسۆز، خه‌لیل مرادوه‌ندی، و چەندین مەقام و گۆرانی بە و دەنگانە ئاشنا بووم ،کە لە ماڵەوە کە ڕادێویەکی (سیرا) ی ئەڵمانی و پاشانیش (فلێبس)ی هۆڵەندی و لە دوکانی باوکیشم کەڕۆژانە میللی ڕادیۆیەکه‌ی دوکانی باوکم ئەگێڕا بۆ ئیزاعەی کوردی و کە به‌یانیان بە دەنگی بولبولێک ئەکرایەوە و پاشانیش گۆرانیەکانی بەیانیانی ڕادێۆکە لە خەو خەبەری ئەکردمەوە و بەدەنگی گوڵبەهار (بولبول سپێدە بخوێنە هەر بخوێنە وبەری بەیانە ، زیڕه‌ی فنجانه‌که‌ی کەریم کابان وئازیز بەهارەی شه‌ماڵ سائیب  و کراس زەردێی تاهیر تۆفیق) لەگەڵ نان خواردنی نان و ماست و چای بەیانیانی هەڵەبجە پێشوازی ڕۆژێکی نوێم ئەکردو دوایش خۆم ئەگوڕێ و ئەچووم بۆ قوتابخانە، ئەوە یادەوەری و فلاش باکی مناڵێمە لە گەڵ ئەو دەنگانە ) (1)
 باوکی هونه‌رمه‌ند له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی ده‌نگێکی خۆش بووه‌ و ئه‌و هه‌سته‌ پڕ ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا له‌کوڕه‌که‌یدا به‌دی کردووه‌، ڕێگری لێنه‌کردووه‌ و به‌ڵکو هاوکاریشی بووه‌.
دوای ته‌وابوونی قۆناغی سه‌ره‌تایی ، له‌ساڵی ( 1967) هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح  ده‌چێته‌ناوه‌ندی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و درێژه‌ به‌خوێندن ده‌دات ، له‌م قۆناغه‌دا هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح و هاوڕێ قوتابیه‌کانی ڕووبه‌ڕووی گرفتێکی زمان ده‌بنه‌وه‌، خوێندن و خوێندنه‌وه‌ پێشتر به‌زمانی دایک خوێندوویه‌تی  و ئێستا له‌قۆناغی ناوه‌ندی ده‌بێت خوێندن و خوێندنه‌وه‌ به‌عه‌ره‌بی بخوێنن، ئه‌وه‌ش کاریگه‌رییان له‌سه‌ر داده‌نێت و ئه‌وساڵه‌ سه‌رکه‌وتوو نابن و له‌خوێندن دواده‌که‌ون، 
له‌ساڵی (1970) له‌پۆلی دووه‌می ناوه‌ندی ده‌بێت، له‌لایه‌ن مامۆستای (وێنه‌) به‌ناوی ( حه‌مه‌فه‌ره‌ج ئه‌حمه‌د مراد) زۆر گرنگی به‌ هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح ده‌درێت و زیاتر چاوی ده‌کرێته‌وه‌ و ئاشنا ده‌بێت به‌دنیای  هونه‌ر.
شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ، له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ ڕۆڵ و کاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وتی ( نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری و هونه‌ری)  له‌ ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان و شاره‌زوور  و ته‌نانه‌ت کوردستانیش هه‌بووه‌، له‌م شاره‌دا به‌ده‌یان ئه‌دیب و نووسه‌ر و شاعیر و ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندی تێدا درووست بووه‌، که‌ کارو به‌رهه‌مه‌کانیان به‌ته‌واوی کوردستاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و پێگه‌ گرنگه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌درێژایی مێژوو هه‌یبووه‌ ، تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌مه‌به‌ستی نمایشکردنی کار و چالاکیه‌ هونه‌رییه‌کانیان و ئاشناکردنیان به‌ دانیشتوانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ڕێکه‌وتی ( 1/9/1971) بۆماوه‌ی (2) دوو شه‌و له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌ تیپی مۆسیقای سلێمانی ئاهه‌نگی مۆسیقا و گۆرانی سازده‌که‌ن، هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح لاوێکی خوێن گه‌رمی ته‌مه‌ن (16) ساڵ ، زۆر سه‌رسام ده‌بێت به‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی ژه‌نیاره‌ به‌تواناکانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و ده‌نگی خۆش و به‌سۆزی هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌ن گه‌رمیانی و تۆفیق عه‌لی) ئه‌و ئاهه‌نگه‌ دووشه‌وه‌ لێوڕێژه‌ له‌ سۆزی مۆسیقا و میلۆدی خۆشی کوردی و ده‌نگی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ، کاریگه‌ری زۆر له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح داده‌نێ .
هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خولیای مۆسیقای هه‌بووه‌، هه‌ست و ده‌ست و په‌نجه‌ی خستۆته‌ کار، له‌ته‌خته‌ ئامێری ( سه‌نتور) ی دروستکردووه‌ ، هه‌روه‌ها حه‌زی ئه‌وه‌نده‌ زۆر بووه‌که‌ له‌قابله‌مه‌ ئامێری جومبوشی دروستکردووه‌.
 
هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح  و تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌..!
ئه‌گه‌ر به‌ووردی باس له‌ژیانی هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ باوه‌ڕبه‌خۆبووه‌ و عاشقی مۆسیقا بکه‌ین،  هیچ گومانی تێدانیه‌ ئه‌و ژیانه‌ پڕ هه‌ورازو نشێوه‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌بێت له‌ په‌رتوکێکی قه‌باره‌ گه‌وره‌دا بنوسرێته‌وه‌و بخرێته‌ به‌ردییه‌ی خوێنه‌ران، هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح  چه‌ند به‌شێکی ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ری  له‌واڵه‌که‌ی خۆیی له‌تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوک زۆر به‌وردی و به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و مێژووه‌ی خستۆته‌ به‌ردییه‌ی هاوڕێیان و خوێنه‌ران، 
تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌،  بیرۆکه‌ی سێ که‌سایه‌تی بووەکه‌له‌خه‌می مۆسیقادا بوون ،مه‌به‌ستیان بووه‌ وه‌ک شاره‌کانی تری کوردستان له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌ تیپێکی مۆسیقا دامه‌زرێنن و ڕه‌وتی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی به‌ره‌وپێش به‌رن، ئه‌و سێ که‌سایه‌تیه‌ ( ئازاد ساڵح مه‌لا سابیر ، مسته‌فا که‌مال خه‌فاف و ئومێد نوری) له‌ڕێکه‌وتی ( 26/4/1973) بڕیار له‌سه‌ر دامه‌زراندنی تیپێکی مۆسیقا ده‌ده‌ن و ناوی ده‌نێن ( تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌ ) و هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح ده‌که‌ن به‌سه‌رۆکی تیپه‌که‌ ، هه‌رسێ که‌سایه‌تی خولیاو ئاره‌زوویه‌کی زۆریان هه‌بووه‌ بۆ مۆسیقا، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌لای هیچ مامۆستایه‌ک وانه‌ی مۆسیقا بخوێنن و ده‌رچووی ئه‌کادیمیا یان په‌یمانگایه‌کی هونه‌ری بن ، هه‌ر سێ هونه‌رمه‌ند پێکه‌وه‌ بڕیارده‌ده‌ن که‌له‌سه‌ر پێ خۆیان ڕاوه‌ستن و ئه‌و خه‌ونه‌ بهێننه‌دی له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ریه‌که‌یان به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک بێت ئامێری مۆسیقا په‌یداده‌کات.  
ڕۆڵ و پشتیوانی و هاوکاری خانه‌واده‌ چه‌ند گرنگه‌ بۆ منداڵه‌کانیان که‌ خولیای مۆسیقا بن و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک هاوکاری بن له‌سه‌رخستن  و ڕۆشنکه‌ره‌وه‌ی
ڕێگای هونه‌ر ، وه‌ک له‌سه‌ره‌تا ئاماژه‌م پێدا خانه‌واده‌ی هونه‌رمه‌ند زۆر پشتیوانی بوون ، هونه‌رمه‌ند له‌ده‌فته‌ری یاده‌وه‌رییه‌کانیدا به‌وشێوه‌یه‌  چۆنیه‌تی دابینکردنی پاره‌ و کڕینی ئامێری ( که‌مانچه‌که‌ی ) نوسیوه‌ :
( دایکم یه‌ک لیره‌ی ڕه‌شادی بۆ فرۆشتم به‌ (5) پێنج دینار، باوکیشم (5) پینج دیناری دامێ ، پاره‌که‌ بوو به‌ (10) ده‌ دینار، ئه‌گه‌ڕام بۆ که‌مانچه‌ ، له‌مانگی (5 ی 1973) دابوو ، (ئه‌حمه‌دی مسگه‌ر ) که‌مانچه‌یه‌کی چیکی و ئۆکۆردیۆنێکی هه‌بوو، من و ئومێد چوین بۆماڵه‌که‌یان  که‌مانچه‌که‌ی به‌ (10) ده‌دینار پێ فرۆشتم ، که‌مانچه‌یه‌کی ڕه‌شی چیکی بوو، زۆر دڵم پێی خۆشبوو)(2)
ئه‌و سێ که‌سایه‌تیه‌ ده‌بنه‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و ده‌نگۆی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ناو شاردا بڵاوده‌بێته‌وه‌، هه‌ندێک که‌سایه‌تی دیکه‌ وه‌ک موزیکژه‌ن و گۆرانیبێژ  ده‌چنه‌ ناو تیپه‌که‌وه‌ و ئه‌ندامه‌کانیان زۆرده‌بن ( شازاد شێخ که‌ریم ، عه‌زیز مسته‌فا به‌گ ، سه‌روه‌ت حه‌مه‌ که‌ریم کوردستانی ، سه‌رکۆ ئه‌حمه‌د و سیروان عه‌لی ڕه‌زا هاواری وه‌ک گۆرانیبێژ) هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح به‌شه‌و  به‌ ڕۆژ سه‌رقاڵی خۆفێرکردن و پرۆڤه‌کردن ده‌بێت به‌ئامێره‌ شیرینه‌که‌ی تا ماوه‌ی (2) مانگ ، به‌بێ ئه‌وه‌ی نۆته‌ بزانێت، 
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( عوسمان محه‌مه‌د ئه‌مین ) ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی سه‌ردانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌کات  و له‌نزیکه‌وه‌ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ لاوه‌ پڕ ووزه‌ و عه‌شقه‌ بۆ مۆسیقا ده‌بینێ ، باسی مۆسیقا و نۆته‌ی مۆسیقایان بۆده‌کات و چه‌ند ئاوازێکی گۆرانیان بۆ
ده‌ژه‌نێ، به‌م کاره‌ی مامۆستا عوسمان زیاتر ده‌بێته‌ هانده‌ر و پشتیوانی که‌ به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی.
 هونه‌رمه‌ند ، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ست و په‌نجه‌کانی له‌سه‌ر ژێ کانی که‌مانچه‌که‌ی ڕاده‌هێنێ و به‌شێوه‌ی گوێگرتن ( سه‌ماعی) خۆی فێرده‌کات، یه‌که‌م ئاوازێک به‌شێوه‌ی سه‌ماعی ژه‌نیویه‌تی یه‌کێک له‌گۆرانییه‌کانی هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ک) بووه‌ به‌ناوی ( لایه‌ لایه‌ت بۆده‌که‌م) .
له‌دوای دوو مانگ زیاتر له‌ دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقا و پرۆڤه‌کردن ،بڕیارده‌ده‌ن که‌ ئاهه‌نگێک سازبکه‌ن، له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگی گۆرانی و مۆسیقا شانۆگه‌رییه‌کیش پێشکه‌ش بکرێت، دوای ماندوبوون و هه‌وڵدانێکی زۆر و پرۆڤه‌کردن له‌ هۆڵی سانه‌وی هه‌ڵه‌بجه‌ و خۆئاماده‌کردن بۆ ئه‌و ئاهه‌نگه‌، تا له‌ڕێکه‌وتی ( 14/7/1973) یه‌که‌م نمایشی هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی ئاهه‌نگه‌که‌ بریتی بوون له‌ : ( ئازاد ساڵح  ، فوئاد محه‌مه‌د مه‌حمود، مسته‌فا که‌مال ئامێری ( که‌مانچه‌ ) ، ئومێد نوری ئامێری ( ئۆکۆردیۆن) ، حیکمه‌ت تۆفیق ئامێری (شمشاڵ) ، عه‌زیز بابان ئامێری ( ده‌ف سنجار) ، شازاد نه‌قشبه‌ندی ئامێری ( ئیقاع) ، به‌هاوکاری چه‌ند گۆرانیبێژێک ، بۆماوه‌ی (5) شه‌و، ئه‌و ئاهه‌نگه‌ و شانۆگه‌رییه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت ، دڵ و هه‌ست و نه‌ستی ئاماده‌بووان خۆش ده‌که‌ن ، له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ پێشوازییه‌کی گه‌رمیان لێده‌کرێت ، دوای ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باش و ده‌ستخۆشی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌، له‌ڕێکه‌وتی ( 20/7/1973) تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌ ،  له‌شارۆچکه‌ی ( ته‌وێڵه‌) بۆماوه‌ی (2) شه‌و ئاهه‌نگی مۆسیقا و گۆرانی و شانۆگه‌رییه‌که‌ پێشکه‌ش ده‌که‌ن ، دواتر لە( خورماڵ) و پاشان یه‌ک شه‌و له‌ شارۆچکه‌ی ( پێنجوێن) ئه‌و نمایشه‌ هونه‌رییه‌
پێشکه‌شی دانیشتوانی پێنجوێنی ‌ده‌که‌ن.
تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ گه‌شه‌ده‌که‌ن و گرنگی زیاتر به‌ کاره‌ هونه‌رییه‌کانیان ده‌ده‌ن، وه‌به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر گه‌شه‌کردنی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌،هونه‌رمه‌ندان له‌ده‌وریان کۆده‌بنه‌وه‌، ئاهه‌نگێکی دیکه‌ی  تیپی ناوبراو به‌بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی  ( پارتی دیموکراتی کوردستان) سازده‌که‌ن ، له‌ڕێکه‌وتی ( 16/8/1973) له‌ گۆڕه‌پانی سانه‌وی هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌ند سروودێک پێشکه‌ش ده‌که‌ن،  بۆیه‌که‌مجار هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ زوڵاڵ و قوتابی قوتابخانه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ( سه‌یدعه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی 1882_4/2/1937 ) هونه‌رمه‌ند (عومه‌ر میرزا نه‌سروڵڵا، ناسراو به‌  عومه‌ر خه‌زان 1929_12/1/2008)  به‌شدار ده‌بێت له‌گه‌ڵیانداوسه‌ره‌تا مه‌قامێک ده‌خوێنێ ،
 ( ناوی کورد وه‌ک مانگ له‌ئاسمان دیاره‌ ئه‌دره‌وشێته‌وه‌ 
وابه‌ده‌وری ڕۆژی ئازادیی گه‌لا ئه‌خولێته‌وه‌
هه‌وری چڵکن چۆن ئه‌توانێ بێت به‌ری بگرێته‌وه‌
چۆن به‌واته‌ی ده‌م ، گه‌لی وا ناوه‌که‌ی ئه‌سڕێته‌وه‌
کورد خه‌ڵاتی ناوێ ، مافی خۆی ده‌وێ بێ چه‌ند و چوون
مافی کورد فه‌رزه‌ له‌سه‌ر ته‌ئریخ ئه‌بێ بدرێته‌وه‌ ) 
  دواتر ‌گۆرانی ( کۆچی یارم کۆچی سووره‌) له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌ هونه‌رییانه‌ی تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجەپێشکه‌ش به‌جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بووی ئه‌و یاده‌ ده‌کات‌.
هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح ، دوای ئه‌و کاره‌ هونه‌رییانه‌ی له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌کانی له‌شاری هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌ری ئه‌نجامیاندا و سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا، زیاتر ڕۆده‌چێته‌ نێو قوڵایی دنیا جوانه‌که‌ی هونه‌ری مۆسیقا و بیر له‌ دانانی ئاواز ده‌کاته‌وه‌، له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1974) ئاواز له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌کی شاعیر ( شێخ له‌تیف شێخ عارف قه‌رداخی 1936_ 20/6/2018) به‌ناوی  (  ئه‌و هیوای که‌پێی ژیام  ،،شه‌پۆلی مه‌رگ ڕاپێچی کرد) 
هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح باس له‌و ئاوازه‌ ده‌کات و کاریگه‌ری کێی له‌سه‌ر بووه‌ ( ئه‌و شیعره‌ له‌ڕۆژنامه‌ی (ژین) که‌ (کاکه‌ی فه‌لاح) سه‌رپه‌رشتی ده‌کرد به‌رچاوم که‌وت، شیعرێکی جوان بوو ، منیش زۆرجار گوێم له‌ ( حه‌مه‌ ئه‌مین عه‌بدولکه‌ریم  1903_ 15/2/1978، ناسراو به‌  مینه‌ی لوله‌کژه‌ن ) ئه‌گرت ، کاتێک شێلمی ئه‌فرۆشت خۆڕسکانه‌ شمشاڵی ده‌ژه‌ند، بایی چه‌ندت  بکڕیایه‌ زیاتری ده‌ژه‌ند، منیش سوود و ئیلهامم له‌و ئاواز و شیعره‌ وه‌رگرت) (3) 
هونه‌رمه‌ند به‌هاوکاری ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ جۆش و خرۆشێکی هونه‌ری به‌رزه‌وه‌ له‌ڕێکه‌وتی ( 18/2/1974)  ئاهه‌نگێکی قه‌شه‌نگ لێوان لێو له‌ ده‌نگی خۆش و سۆزی مۆسیقا سازده‌که‌ن، له‌م ئاهه‌نگه‌دا بۆیه‌که‌مجار کچانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌جلی ئاڵ و واڵای ڕه‌نگینی کوردیه‌وه‌ له‌سه‌رشانۆ به‌ کۆرس به‌شداربوون،له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ر و ئاماده‌بووانی ئاهه‌نگه‌که‌وه‌  هونه‌رمه‌ند چه‌ند خه‌ڵاتێکی پێده‌به‌خشرێت.
له‌یادی یه‌که‌م ساڵی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌ ( 26/4/1974) له‌باتی چه‌پکه‌ گوڵ و خه‌ڵاتکردنی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خۆنه‌ویست و دڵسۆزانه‌ی بواری مۆسیقا و گۆرانی،  به‌داخه‌وه‌ له‌و ڕۆژه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌ له‌شاری به‌غداوه‌ ناپاڵم و بۆمبی وێرانکه‌ری به‌دیاری به‌سه‌ردا باری ، به‌هۆی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی شۆرشی ئه‌یلول و بۆردومانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن فرۆکه‌کانی به‌عسی خوێنڕیژه‌وه‌، وێرانکردنی ئه‌و شاره‌ ، وه‌ک شاری قه‌ڵادزێ له‌ (24/4/1974) ، هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کان  خۆشی و ئارامییان لێستاندن و تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌ په‌رته‌وازه‌بوون ، زۆریان به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له‌به‌ر نائارامیی شاری هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌که‌، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح ، له‌به‌رئه‌وه‌ی قوتابی پۆلی شه‌شه‌می وێژه‌یی بووه‌ و تاقیکردنه‌وه‌ی به‌که‌لۆری هه‌بووه‌، بۆئه‌ومه‌به‌سته‌ ڕووده‌کاته‌ شاری سلێمانی و به‌یه‌که‌می وێژه‌یی له‌سلێمانی ده‌رده‌چێت. 
هونه‌رمه‌ند ئازادساڵح ، دوای ده‌رچوونی له‌قۆناغی ئاماده‌یی، له‌مانگی (10ی 1974) ڕووده‌کاته‌ شاری به‌غداد به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن له‌زانکۆ ، هونه‌رمه‌ند به‌حه‌زوو ئاره‌زوه‌ی که‌ له‌کۆلیژی هونه‌ر وه‌ربگیرێت، به‌ڵام له‌وکاته‌دا ئه‌وکۆلێژه‌ له‌زانکۆکانی به‌غداد دا نه‌بووه‌، چاره‌نووس به‌ره‌و کۆلێژێکی دیکه‌ی ده‌بات( لە مانگی شەشی ساڵی 1974  تاقیکردنه‌وه‌مان ئه‌نجامدا، من یەکەمی سلێمانی بووم لە به‌شی وێژه‌یی وە هەموو کۆلێژێک وەریدەگرتم ، من بەڕاستی حەزم لە بەشی موزیک بوو لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی بە غدا به‌ڵام ئەو کاتە ئەو به‌شه‌ نە بوو ،ناچار ووتیان کۆلێژی به‌ڕێوه‌بردن و ئابووریی هه‌ڵبژێره‌، دوای موزیک حەزم لە یاسا بوو ، ئیتر قەدەر و قسەی که‌س و کار وای کرد ئەو کۆلیجە هه‌ڵبژێرم ) (4) 
هونه‌رمه‌ند کاتێک له‌شاری به‌غداد ده‌خوێنێ و ڕۆژانه‌ تێکه‌ڵاوی زیاتری ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوڕێ قوتابیه‌کانی و زیاتر چاوی ده‌کرێته‌وه‌ و کاریگه‌ری زێده‌تر له‌سه‌ر هه‌ست و بیرکردنه‌وه‌ی داده‌نێ و به‌ڵام حه‌زو خولیاو ئاره‌زووه‌که‌ی بۆ مۆسیقا هه‌رله‌بره‌ودا ده‌بێت ، له‌به‌غداد هونه‌رمه‌ند ئامێرێکی که‌مانچه‌ ده‌کڕێته‌وه‌ و شه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی له‌وژووره‌ی که‌ به‌کرێ گرتبووی به‌ژه‌نین و پرۆڤه‌کردن و  خوێندنی وانه‌کانی  خۆی سه‌رقاڵ ده‌کات ، له‌هه‌مان کاتیشدا له‌به‌غداد ده‌چێته‌ خولی مۆسیقا بۆ فێربوونی ( نۆته‌) .
هونه‌رمه‌ند له‌پشووی هاویناندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاری هه‌ڵه‌بجه‌، له‌هاوینی ساڵی (1977) له‌زێده‌که‌ی خولێکی مۆسیقا ده‌کاته‌وه‌ و چه‌ندین فێرکار له‌خوله‌که‌دا به‌شدارده‌بن ، له‌هه‌مان ساڵدا هونه‌رمه‌ند کاتێک قوتابی پۆلی سێیه‌می کۆلێژ ده‌بێت، له‌به‌ر حه‌زو ئاره‌زوویه‌کی زۆری بۆ مۆسیقا ،  بۆ یه‌که‌م جار خامه‌ی ده‌خاته‌ کار و بابه‌تێک له‌سه‌ر مۆسیقا ده‌نوسێت و له‌ڕۆژنامه‌ی (هاوکاری) ئه‌وکات بڵاوی ده‌کاته‌وه‌، 
 له‌ساڵی (1978) بڕوانامه‌ی ( به‌کالۆریۆس) به‌ده‌ست دێنێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و ، له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کاره‌بای هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ک کارمه‌ند به‌ناونیشانی ( ژمێریار) داده‌مه‌زرێت.
تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌  به‌هه‌وڵ و تێکۆشانی بێ وچانی هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌کانی زیاتر گه‌شه‌ ده‌کات و چالاکی هونه‌ریی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و هونه‌رمه‌ندان زیاتر ڕووده‌که‌نه‌ تیپی ناوبراو، له‌ساڵی (1979) هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆشی شاره‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ( هوشیار حه‌مه‌فه‌ره‌ج) په‌یوه‌ندی به‌تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌کات و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌  به‌رهه‌مه‌کانی تۆمارده‌کات و ده‌بێته‌ ئه‌ندامی تیپ.

دوای حه‌وت ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ناوی تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌، ناوی تیپ ده‌گۆرێت بۆ ( تیپی مۆسیقای شنروێ ) و ناوی شنروێ ده‌بێته‌ نازناوی هونه‌رمه‌ند و له‌نێوه‌ندی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند به‌ ( ئازاد ساڵح شنروێ) ده‌ناسرێت. 
ئازاد ساڵحی هونه‌رمه‌ند له‌ده‌ستپێکی کاری هونه‌رییه‌وه‌ جیا له‌و ئاره‌زووه‌ بێ ئه‌ندازه‌ی بۆ مۆسیقا،مه‌به‌ستی بووه‌ له‌هه‌موو بواره‌کانه‌وه‌ زێده‌که‌ی گه‌شه‌بکات و به‌رده‌وام وه‌ک سه‌ربازێکی وون  
 تێکۆشاوه‌ ، هونه‌رمه‌ند به‌هاوکاری  مامۆستاو هونه‌رمه‌ند ( هه‌ڵکه‌وت شێخ محه‌مه‌د) تیپێکی مۆسیقا بۆ منداڵان له‌هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌مه‌زرێنن به‌ناوی (ماملێ) ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌هه‌مان ساڵدا (1980) ده‌بێت به‌سه‌رباز ، چالاکی و تێکۆشانی هونه‌ری تیپی مۆسیقای شنروێ تا ساڵی (1983) ڕاده‌ستێت.
هونه‌رمه‌ند ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی که‌هه‌موو ژیانی خۆی به‌خشیوه‌ له‌پێناو هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ، هه‌میشه‌ به‌ڕاستگۆیانه‌ کاره‌هونه‌رییه‌کانی ئه‌نجامداوه‌ ، یه‌کێک له‌خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌کانی هونه‌رمه‌ند له‌درێژه‌ی ژیانی هونه‌ریدا له‌هه‌ر قۆناغێکی ته‌مه‌نی هونه‌ریدا ڕۆژێک له‌ڕۆژان له‌گه‌ڵ هه‌رهونه‌رمه‌ند و که‌سایه‌تیه‌ک کاری کردبێت ، زۆربه‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ له‌بیره‌وه‌ریه‌کانیدا باسی ڕۆڵ و هاوکاری و پێگه‌ی کاره‌که‌ی کردووه‌، 
له‌ساڵی (1983) تیپی مۆسیقای شنروێ کاره‌ هونه‌رییه‌کانیان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ته‌له‌فزیۆنی که‌رکوک ، چوار گۆرانی بۆ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی هه‌ورامان و هه‌ڵه‌بجه‌ ( عوسمان کێمنه‌یی و محه‌مه‌د ئیبراهیم عه‌بدول ، ناسراو به‌حه‌مه‌ قوتوو) بۆهه‌ریه‌که‌یان دوو گۆرانی تۆمارده‌که‌ن ( که‌تانه‌ و کاڵه‌به‌ی) بۆ هونه‌رمه‌ند ( عوسمان کێمنه‌یی) ، گۆرانی ( قاسم خان و ئامین و ئامین) بۆ هونه‌رمه‌ند( حه‌مه‌ قوتوو) ، له‌پاش تۆمارکردنی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ ، له‌ساڵی (1984 و 1985) دوو ئۆپه‌رێت بۆ منداڵان ئاماده‌ده‌که‌ن و له‌ته‌له‌فزیۆنی که‌رکوک تۆماری ده‌که‌ن.
له‌دوای ئه‌و کاره‌ساته‌ پڕ تراژیدیایه‌ی خنکاندنی شارێک به‌ گازی کیمیایی و شه‌هیدکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی لێکه‌وته‌وه‌، هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح یه‌کێک بووه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌ی به‌چاوه‌کانی دیوه‌و  له‌و ڕووداوه‌ ترسناکه‌دا ژیاوەو کاریگه‌ری له‌سه‌ر داناوه‌‌،وه‌ک هاوشارییه‌ ڕزگاربووه‌کانی، ئامێری که‌مانچه‌که‌یی و چه‌لۆکه‌ی تیپی مۆسیقای شنرۆی به‌کۆڵیدا ده‌دات و، به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و له‌شاری ( سه‌قز) ده‌گیرسێته‌وه‌ ، له‌وبارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌دا ئازاد ساڵحی هونه‌رمه‌ند له‌ژێر خێمه‌یه‌کدا به‌خۆیی و که‌مانچه‌که‌یه‌وه‌ خه‌م و ئازاری ده‌روونی و هاوشارییه‌کانی و زێده‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ده‌وروبه‌ر و ئه‌و ئازاره‌ پڕ ژانەبه‌سوێیه‌‌ که‌م بکاته‌وە، له‌وژیانه‌ سه‌خته‌ له‌لایه‌ک مه‌رگی ئازیزانت بینیبێت و له‌لایه‌ک له‌زێده‌که‌ت دوور بیت، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند کۆڵ نادات له‌شاری سه‌قزو مه‌هاباد چالاکی هونه‌ری ئه‌نجام  ده‌دات‌.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌ی به‌هاری ساڵی (1991)  هونه‌رمه‌ند له‌شاری سلێمانی  ده‌ژی  و له‌ساڵی (1992) ه‌ وه‌ هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح و هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای شنروێ ، به‌هه‌ستی به‌رزی هونه‌ری و ده‌ست و په‌نجه‌ی زێڕینیان هه‌موو ساڵێک به‌شداری مه‌راسیمی یادی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌نه‌وه‌، 
هونه‌رمه‌ند هه‌میشه‌ به‌ڕۆحێکی گه‌ش و پیرۆزه‌و له‌ هونه‌ره‌که‌ی ڕوانیوه‌ ، به‌رده‌وام به‌شداربووه‌ له‌ ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و یاده‌ نیشتمانیه‌کان و ده‌یان به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی  له‌که‌ناڵه‌کان، هه‌روه‌ها وه‌ک تاک به‌شداری کردووه‌ له‌گه‌ڵ تیپه‌ مۆسیقیه‌کان.
هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح ، هه‌میشه‌ چرایه‌کی گه‌ش بووه‌، ده‌وروبه‌ری خۆی ڕوناک کردۆته‌وه‌و  چێژ و ئارامیی پێ به‌خشیون ، له‌وماوه‌ دوورو درێژه‌ی کاروانی خه‌بات و تێکۆشانی هونه‌ریدا ، به‌ده‌یان قوتابی له‌ کوڕو کچ به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌کادیمی زانستی مۆسیقا ، فێری مۆسیقاکردووەته‌نانه‌ت خودی منداڵه‌کانی خۆشی ‌،که‌واته‌ من هه‌رچه‌ندی بنووسم ناتوانم مافی ته‌واو بده‌مه‌ ڕه‌نج و ماندوو بوون  و تێکۆشانی هونه‌ری ئه‌م مامۆستا پێشه‌نگه‌ی بواری مۆسیقا ،چونکه‌ ئه‌و ده‌یان قوتابیه‌ی له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ست و میهره‌بانی هونه‌رمه‌ند پێگه‌یشتوون و بوونه‌ته‌ هونه‌رمه‌ندی به‌توانا ئه‌وان گه‌واهیده‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن، هونه‌رمه‌ند   خاوه‌نی ده‌یان ئاوازه‌ که‌بۆهه‌مونه‌رمه‌ندانی داناوه‌و به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌کانیان خوێندوویانه‌.
کاتێک که‌باسی مێژووی هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بکرێت ، ناو و نازناوی هونه‌رمه‌ند به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت و ده‌بێته‌ پێشه‌نگ له‌وبواره‌دا .
(  گەر بەویژدانەوە چاوێک بە مێژووی هونەری مۆسیقادا لە شاری هەڵەبجە دا بگێڕین، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت، گەر ئەم مامۆستا ڕابەرە لە مێژووی مۆسیقای شاری هەڵەبجەدا دەربکەین، ئەوکات مێژووی مۆسیقا لەشاری هەڵەبجەدا لاسەنگ دەبێت! ئەمەش بەو مانایە دێت ئەم مامۆستا ڕابەرە سەنگی هێندەی سەرجەم هاوڕێکانی دەبێت کەلەم بوارەدا کاریان کردووە، ئەم هونەرمەندە پێشەنگە هەموو ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی بەخشییە هونەری مۆسیقای شارەکەی. مێژوو شاهیدی ئەوەیە کە ئەم مامۆستا ڕابەرە بۆ هونەری چی کردووە .
تەنانەت مێژووی شانۆی هەڵەبجە قەرزاری ئەم مامۆستا پێشەنگەیە، زۆربەی ئۆپەرێت و مۆسیقای شانۆییەکان نەخشی دەستی ئەم مامۆستا پێشەنگە بوون) (5) 


فێرگه‌ی میوزیکی شنروێ ....! 
هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر ڕه‌وڕه‌وه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ڕێگا ده‌بڕێ و هه‌ربه‌رده‌وامه‌و چاو له‌ئاسۆیه‌، له‌ (44) ساڵی ته‌مه‌ن بێ ڕاوه‌ستان ، جارێکی دیکه‌ له‌خه‌می منداڵانی شاره‌که‌یه‌تی ( هه‌ڵه‌بجه‌) واز له‌ ژیانه‌ تایبه‌تیه‌که‌ی دێنێته‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  له‌زێده‌که‌ی به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی ته‌مه‌نی لاوی ( فێرگه‌ی میوزیکی شنروێ ، بۆ فێربوونی سه‌رجه‌م ئامێره‌کانی موزیک ، به‌هاوکاری هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( عادل حه‌سه‌ن) ده‌کاته‌وه‌،شه‌و و ڕۆژی خستۆته‌ سه‌ریه‌ک و به‌رده‌وام له‌ڕێگای هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ له‌ فێرگه‌ مۆسیقیه‌که‌ی خزمه‌ت به‌ منداڵان و لاو  گه‌نجی ئه‌و شاره‌ ده‌کات ( ئه‌م فێرگه‌یه‌ بیرۆکه‌ی مامۆستا ئازاد بوو، منی ئاگادار کردو داوای لێکردم که‌ هاوکاری بم ، منیش زانیم که‌ کاره‌که‌ پیرۆزه‌، بێ دوودڵی ڕه‌زامه‌ندیم دا، له‌ساڵی (2017) ئه‌م فێرگه‌یه‌مان دامه‌زراند ، سه‌ره‌تا خانوویه‌کمان گرت  له‌سه‌ر پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ، تاماوه‌ی (3) سێ ساڵ کرێی خانه‌وه‌که‌یان بۆ داین و ئێمه‌ش به‌ڕۆحیه‌تیکی به‌رزه‌وه‌ ده‌ستمان پێکرد، ئێستا بۆ ماوه‌ی (6) شه‌ش مانگه‌  ڕێکخراوی ( گۆته‌) ی ئه‌ڵمانی ئه‌وئه‌رکه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌منداڵ و گه‌نج وکچ و کوڕ و مامۆستا و پزیشک و یاریده‌ده‌ری پزیشک و  ئه‌فسه‌ری پۆلیس و ئاسایش و ته‌واوی پیشه‌وه‌ره‌کانی ناوبازاڕی هه‌ڵه‌بجه‌ ، هاتوون و به‌شێکی زۆر له‌ ( هاواری) یه‌کان ڕاهێنانیان پێده‌که‌ین ، ئه‌م فێرگه‌یه‌ بێ جیاوازی له‌بیرو ڕای ئایینی ، هه‌موو که‌سێ بۆی هه‌یه‌ بێته‌ فێرگه‌که‌و تائێستا چه‌ندین کاری جوانمان پێ ئه‌نجام داون) (6) 

تیپی مۆسیقای هه‌ڵه‌بجه‌ و ( شنروێ) ی ئێستا هه‌رله‌سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه‌، له‌خه‌می به‌ره‌و پێش بردنی ڕه‌وتی هونه‌ری ئاوازو مۆسیقادا بووه‌، سه‌ره‌ڕای له‌مپه‌رو ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیه‌ ، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و تێکۆشان و کۆششی دڵسۆزانه‌ی هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی خۆشه‌ویستی تیپی مۆسیقای شنروێ به‌بێ ماندووبوون مۆسیقا و گۆرانی یان بۆ ئارامی و جوانیه‌کانی ژیان چڕیوه‌، 
ئاشکرایه‌  که‌ تیپی مۆسیقای شنروێ ده‌رگای ئاوه‌ڵاکردوه‌  بۆ زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ  تا به‌هاوکاری ده‌ست و په‌نجه‌ پڕهه‌سته‌ هونه‌رییه‌کانیان هاوکاریان بن له‌تۆمارکردنی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌کانیان ، یه‌کێک له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و لێوڕێژه‌ له‌سۆزی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ( هوشیار حه‌مه‌فه‌ره‌ج) ه‌ که‌له‌ساڵی (1979) وه‌ ئه‌ندامی تیپی ناوبراو وه‌ ، سه‌باره‌ت به‌هونه‌رمه‌ندی موزیکژه‌ن و ئاوازدارنه‌ر ئازاد ساڵح  ده‌ڵێت ( له‌هه‌موو شارێکدا هه‌ندێ که‌س هه‌ن وه‌ک  چڵه‌گه‌نمێکی باڵابه‌رز دیارن له‌بواری شانۆ و وه‌رزش و شێوه‌کاری ، گه‌ر که‌سانێک دیاربن ئه‌وه‌  کاک ئازاد ساڵح ه‌ له‌بواری موزیک  باڵای له‌هه‌مووان به‌رزتره‌، پشکی شێری به‌رده‌که‌وێ له‌ خزمه‌تکردن  و کۆڵنه‌دان ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌  ده‌ستی منی گرت و هێنامیه‌ نێو دنیای گۆرانی ، زۆر به‌په‌رۆش و دڵسۆزانه‌ هانی ئه‌دام  بۆئاوازدانان، یارمه‌تی ده‌دام  و ئاوازه‌کانی بۆ ڕێک ده‌کردمه‌وه‌ به‌باش و خراپیمه‌وه‌، کاک ئازاد منی دروستکرد و منی کرده‌ گۆرانیبێژ هه‌رگیز نا‌توانم ئه‌و قه‌رزه‌ گه‌وره‌یه‌ی بده‌مه‌وه‌ ، کاک ئازاد  هه‌یه‌تی به‌سه‌ر من و هونه‌رمه‌ند عومه‌ر خه‌زان و حه‌مه‌قوتوو و ئازاده‌ ڕه‌ش ه‌وە‌و زۆرێک له‌هونه‌رمه‌ندانی تر ، جوانی کاک ئازاد ساڵح له‌وه‌دایه‌ له‌وه‌تی هه‌یه‌ هه‌رده‌به‌خشێ ) (7) 
له‌شاره‌که‌ی   حاجی قادر و دڵدار و ئه‌خته‌ر و سێوه‌ و خاڵه‌ تایه‌ر ، مه‌لائه‌سعه‌د ، هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مێژووه‌ جوان و پاک و بێگه‌رده‌ی خه‌ڵات ده‌کرێت ..! 
له‌یادی (34) ساڵ به‌سه‌ر تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ژیانئاوایی هونه‌رمه‌ندی گه‌ل ( تایه‌ر تۆفیق) له‌ (10/11/2021) له‌شاری کۆیه‌ ، تیپی مۆسیقای باواجی خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی به‌خشییه‌ (10) هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌که‌مان، له‌باره‌ته‌قای ساڵانێکی زۆر خزمه‌تکردنیان به‌  هونه‌ری ڕه‌سه‌نی ئاوازو گۆرانی کوردی، یه‌کێک له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر ( ئازاد ساڵح شنروێ)  خه‌ڵاتی ڕۆژی هونه‌ری له‌شاری کۆیه‌ پێ به‌خشرا. 
ده‌خوازم ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ڕابه‌ر و پێشه‌نگی مۆسیقا و گۆرانییه‌ هه‌ربه‌رده‌وام بێت له‌به‌خششی هونه‌ری به‌ته‌ندروستی باشه‌وه‌، ئه‌وئاڵا به‌رزه‌ی هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی و ئاوازی کوردی که‌ هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح شنروێ به‌رزی کردۆته‌وه‌هه‌رله‌شه‌کانە‌و لوتکه‌ی شکۆداری هونه‌ردا بمێنێته‌وه‌.  
جه‌مالی ده‌لاک  20/12/2021 هه‌ولێر 

سه‌رچاوه‌ :
(1    و 2 و3  و 4) تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوک ، واڵی هونه‌رمه‌ند ئازاد ساڵح شنروێ ، بیره‌وه‌رییه‌کانی هونه‌رمه‌ند.
(5) مامۆستا ئازاد ساڵح،، هونەرمەندێکی ڕابەر و پێشەنگی بواری هونەری مۆسیقا لە شاری هەڵەبجەدا. کۆچەر میرزا ئه‌نوه‌ر ،،،فه‌یسبوک 28/7/2021

(6)  په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ  هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( عادل حه‌سه‌ن) له‌ڕێکه‌وتی 5/12/2021 (ج،د)

(7) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌  به‌ هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش ( هوشیار حه‌مه‌ فه‌ره‌ج) له‌ڕێکه‌وتی (6/12/2021) ( ج،د) 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.