Erbil 38°C پێنجشەممە 14 تشرینی دووەم 05:28

تاڵیبان چاندن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان قەدەغە دەکات

کوردستان TV
100%

حکوومەتی کاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە سەرانسەری وڵاتدا، بەتەواوی چاندنی خەشخاشی قەدەغە کرد.

حکوومەتی تاڵیبان، بە بڕیاری سەرکردەی تاڵیبان، مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە لە سەرانسەری وڵاتدا بەکارهێنان، بازرگانیکردن بەو ماددانەی دەبنە هۆی سەرخۆشی وەک مەی، هیرۆین، حەبی هۆشبەر، ماریجوانا و ئەو کارگانەی قەدەغە کرد کە هەر جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر بەرهەم دەهێنن، هەر کەسێکیش ئەو بڕیارە پێشێل بکات دادگایی دەکرێت و سزا دەدرێت.

بەپێی بڕیارەکە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، چاندنی خەشخاش ئەنجام نادرێت.

لە لایەکی دیکەوە، هەرچەندە لە پێش تاڵیباندا، واتە لە سەردەمی ئەشرەف غانی-دا مەی خواردنەوە قەدەغە بوو، بەڵام لە هەموو لایەکی وڵات بەنهێنیی دەفرۆشرا.

ئەفغانستان یەکێکە لە وڵاتانی سەرەکی جیهان لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی رووەکەکانی وەک خەشخاش و شەدانە بەنایاسایی کە ماددەی هۆشبەریان لێ دروست دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە ھۆشبەرەکان و تاوان لە ساڵی 2020دا زیاتر لە سەدا 85ی ئەو ئەفیۆنەی لە خەشخاش بەدەستهاتووە لە جیهاندا لە ئەفغانستان کراوە.

هەر بەپێی راپۆرتی نووسینگەکە کە لە تشرینی دووەمی2021دا بڵاویکردووەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی ئەو ماددەیە بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەفیۆن بووە، بەڵام لە 2021دا بە بەراورد بە ساڵێکی پێشتری بەرهەمهێنانی ئەفیۆن سەدا هەشت زیادی کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە لە ساڵی 2021دا لە ئەفغانستان شەش تۆن و 800 کیلۆگرام ماددەی ئەفیۆن بەرهەمهێنراوە، بەوەیش نزیکەی 320 تۆن هیرۆینی پوخت دەستەبەر دەکرێت.

دوای ئەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتە دەست و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو وڵاتە راگیران، قەیرانی ئابووری تیایدا قوڵ بووەوە و ژمارەیەکی زۆر کەس روویان لەو کەرتە کرد بەهۆی ئەوەی قازانجی زۆرە.

هاوکات نەبوونی پیشەی یاسایی، وشکەساڵی و کێشەی دابینکردنی خۆراک هۆکارن کە خەڵکێکی زۆر روو دەکەنە ئەو بوارە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.