Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 00:46

شاندێکی کۆمکاری عەرەبی بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی ئۆکراینا سەردانی رووسیا و ئۆکراینا دەکات

کوردستان TV
100%

شاندی کۆمکاری عەرەبی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبوویەوە.

شاندی کۆمکاری عەرەبی تایبەت بە قەیرانی ئۆکراینا و وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لەبارەی ئەو ھەوڵانەی کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست و چارەسەرەکردنی قەیرانەکە خراونەتە گەڕ، گفتوگۆیان کرد.

لە 24ی مانگی ئاداری رابردوو، کۆمکاری عەرەبی بە ئامانجی بەشداریکردن لە ھەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا-رووسیا شاندێکی پێکھێنا.

شاندەکە بە سەرۆکایەتی ئەمنیداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غێت، ھەروەھا بە ئەندامێتی ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی میسر، سامح شوکری و وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئەیمەن سەفەدی و وەزیری دەرەوەی جەزائر، رەمەزان لیعمامرە و وەزیری دەرەوەی سوودان، عەلی سادق پێکھاتووە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردەوە کە شاندەکە سەردانی مۆسکۆی کردووە و لە میانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ کۆبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەیش داوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی ئەو ھەوڵانەی کە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست و چارەسەرەکردنی قەیرانەکە و گێرانەوەی ئاشتی و ئاسایش گفتوگۆکراوە.

باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، شاندی کۆمکاری عەرەبی جەختی کردووەتەوە لە روانگەی پەرۆشی بۆ ئاسایش و ئاشتی، ھەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانەکە دەدات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، ئەو ھەوڵانەی کە بە ئامانجی کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکە و رەنگدانەوەی لەسەر بوارە ئەمنی، سیاسی، مرۆیی و ئابوورییەکان خراوەنەتەگەڕ، تاوتوێ کراوە و لەوبارەیەوە شاندی کۆمکاری عەرەبی نیگەرانی خۆی بۆ بەردەوامی قەیرانەکە نیشان داوە و رایگەیاندووە کە پاڵپشتی لە گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەکات بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست و چارەسەری سیاسیی بۆ قەیرانەکە.

ئاماژەی بەوەیش داوە کە وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ شاندی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی گفتوگۆی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا ئاگادار کردووەتەوە، ھەروەھا ھەڵوێستی رووسیای لەبارەی قەیرانەکە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی خستووەتەڕوو.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی کۆمکاری عەرەبی جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ھەماھەنگیی و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی رەوەندی عەرەبی لەو ناوچانەی کە ئێستا شەڕ و پێکدادان تیایاندا روودەدات و رایگەیاندووە کە گرنگە ئاسانکاری بۆ ئەو ھاووڵاتییانە بکرێت کە دەیانەوێت لە ئۆکرایناوە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

پێشتر وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاندبوو کە شاندێکی کۆمکاری عەرەبی بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی ئۆکراینا سەردانی رووسیا و ئۆکراینا دەکات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.