Erbil 38°C سێشەممە 03 ئازار 20:44

مەسرور بارزانی: حکوومەتی هەرێم لە کارکردن بۆ پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا درێخی ناکات

کوردستان TV
100%


سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی  لە بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی کردەوە کە کاری لەپێشینە و ئێستای حکوومەت دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، لەم ڕووەشەوە هیچ کات حکوومەتی هەرێم لە کارکردن لەپێناو پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا درێخی ناکات.

بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران:-

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کورتەیەکی دەربارەی سەردانی هەفتەی ڕابردووی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی ( ئیمارات ) و بەشداریکردن لە کۆڕبەندی وزەی جیهانی و لوتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی و کۆبوونەوە و دیدارەکان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە و بەرپرسانی وڵاتان لە پەراوێزی لوتکەی جیهانی حکوومەتەکان خستەڕوو.

لەو دیدار و کۆبوونەوانەدا، سەرۆک وەزیران هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی دەربارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان بەتایبەتی دەرفەتەکانی پێشخستنی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان ڕوونکردەوە، هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەولەتی ئیمارات واژۆ کرا بۆ برەودان بە توانای مرۆیی و بەرەوپێشبردنی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری حکوومەتی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان.

دواتر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، باسی  لە بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی کردەوە کە کاری لەپێشینە و ئێستای حکوومەت دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، لەم ڕووەشەوە هیچ کات حکوومەتی هەرێم درێخی ناکات لە کارکردن لەپێناو پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا، لە دوای خستنەڕووی داتاکانی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆی وەزارەت ودامەزراوەکانی هەرێم لە مانگی ئاداری ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی وئابووری بۆ دەستکردن بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار لە ڕۆژی یەکشەممە 4/10.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ئامادەسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە ئابوورییە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگی ڕوسیا-ئۆکراینا کرا، بەتایبەتی لە بواری هاوردەکردنی گەنم و بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ئامادەسازی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت کردەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تاوەکو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکیيەکان یان گرانبوونیان لە سەر هاووڵاتییان دروست نەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجوومەنی وەزیران، پێشنیاری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسەند کرد سەبارەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی بۆ ماوەی 2 مانگ لە سەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکانی وەک ( ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستووی ڕووەکی وئاژەڵیی ، چای ڕەش ، شەکر ، پاقلەمەنی وشک ( نۆک، نيسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش)، شيری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە.لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی لە درێژەدان بە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی کردەوە.

هەروەها بەردەوامبوونی کاروبارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن لە ( پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان) کە بە بەشداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ پێکهێنراوە بەمەبەستی چاودێریکردنی نرخ وبازاڕ و هەڵسەنکاندن و پێداچوونەوە بە ئەنجامی ڕێکارە پێشنیارکراوەکان دوای دوو مانگ لە جێبەجێکردنیان.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن دەربارەی ( پڕۆژە یاسای پشتیوانیی فریاگوزاری بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان - مشروع قانون الدعم الطارئ للأمن الغذائي و التنمية) کە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە بۆ تەشریعکردنی، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد لەسەر وردەکاریی پڕۆژە یاساکە و ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەکە، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە داکۆکیکردن لە ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک شایستەی دەستووری خۆی، داواش لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرا کە لە چوارچێوەی دەستوور و بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی ماف وشایستەکانی هەرێم، مامەڵە لەگەڵ ئەو پڕۆژە یاسایە بکەن،  لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی ڕاسپارد کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ وەزارەتە فیدڕاڵییە هاوتاکانیان بەشداربن لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2022.

 ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریشدا لە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەکی باڵا بنێرێت بۆ بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدڕاڵیی بۆ برەودان بە هەماهەنگیی لە بواری نەوت و وزە لەسەر بنەمای دەستوور وبە ڕەچاوکردن و پاراستنی دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم لەم بوارە.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی ئەنجامی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 76 تایبەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی هەردوو ماددەی 9 و 10 لە یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خرایەڕوو.  دوای گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە لایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە بەرزکرابوونەوە ، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە یاسای چاکسازیی لە پێناوی زامنکردنی ماف وشایستەی دارایی مووچەخۆرانی شایستەیە و نابێت ببێتە هۆی زیانلێکەوتنی کەسانی شایستە،  ئامانج لە دەرکردنی یاساکەش لە بنەڕەتدا ڕێگرتنە لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە بودجەی گشتی وڕێکخستنەوەی بواری وەزیفەی گشتییە بەو ئاراستەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.