Erbil 38°C سێشەممە 03 ئازار 20:52

دانیمارک ده‌یه‌وێت بەزۆر خێزانێکی کورد دیپۆرت بکاتەوە

کوردستان TV
100%

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی هاوسەری ئەو خانمە کوردەیان کرد کە دانیمارک بە زۆر ویستیان دیپۆرتی بکەنەوە

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە دانیمارک سەردانی هاوسەر و منداڵەکانی قەدەم خەیر حەقانی زادەی کرد کە هەفتەی رابردوو ئەو وڵاتە لە رێی تورکیاوە بە زۆر دەیانویست لەگەڵ دوو منداڵیدا دیپۆرتی ئێرانی بکەنەوە، هاوکات بەشداری گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیشیان لەگەڵ پارتێکی ئەو وڵاتە دژ بەو کارە کرد.

ناوەندەکە ڕایگەیاند کە خێزانێکی کوردی ڕۆژهەڵات کە پێكهاتوون لە دایك و باوك و سێ كوڕ، کە دوانیان یانزە ساڵن و دووانەن، (جمکن)، وە کوڕە بچووکەکەیان تەمەنی یەک ساڵ و نیوە، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە کۆبنهاگن سەردانی ئەو خێزانەی کرد و چاوپێکەوتنی لەگەڵ باوك و منداڵە یانزە ساڵەکانی کرد، ئەو خێزانە کوردی ڕۆژهەڵاتن و هەشت ساڵە لە کەمپی (Asylcenter Avnstrup) لە دانیمارك دەژین و مافی مانەوەیان رەتکراوەتەوە.

باوکەکە بە ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی راگەیاندووە: پۆلیسی دانیمارک کاتژمێر چواری بەرەبەیان دەرگایان کردۆتەوە و باوك و منداڵە تەمەن ساڵ و نیوەکەیان لە ژوورێك و دایك و دوو مناڵە یانزە ساڵەکەیان لە ژوورێکی دیکە داناون، ئەوەش دوای ئەوەی کە بڕیاریانداوە ئەو خێزانە لێک جیا بکەنەوە، ئەوەش بە ناردنەوەی دایك و دوو کوڕە یانزە ساڵیەکە بۆ ئێران و مانەوەی باوك و منداڵە بچووکەکە.

هەروەها هاوسەری قەدەم خەیر حەقانی زادە، سیروس عەزیززادە، بۆ ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی روونیکردەوە: دوای ئەوەی هاوسەر و دوو منداڵە دووانەکەی دەبرێنە فڕۆکەخانەی تورکیا، تا لەوێوە دیپۆرتی ئێرانیان بکەنەوە، هاوسەرەکەی زۆر بەرگری کردووە و نەیویستووە بگەڕێتەوە و بە شووشەیەک دەموچاوی خۆی بریندار کردووە، ئیدی پۆلیسی تورکیا لە فڕۆکەخانە، هەستیان پێکردووە و گوتوویانە کە ئەوان ناتوانن لە ڕێگای وڵاتەکەیانەوە ئەو دیپۆرتکردنەوەیە ئەنجام بدرێت. بۆیە ناچار گەڕێندراوەتەوە دانیمارک و ئێستا لە نەخۆشخانە دەست بەسەرە.

ئەو دوو منداڵە دووانە، بە ناوەکانی یوسف و یونس، ئەوەیان بۆ ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی باسکردووە کە لە فڕۆکەخانەی تورکیا پۆلیسی دانیمارک ئازاری زۆری دایکیان داوە و تەنانەت قژیان راکێشاوە و خستوویانەتە سەر زەوی و رایانکێشاوە و پاڵیشیان بەم منداڵانەوە ناوە، منداڵەکانیش لە ترساندا دەستیان بە گریان کردووە.

هەروەها ئەم خێزانە کوردە جەختیان لێی کردەوە، لە ڕاستی دا زۆر ئەستەمە بتوانن بچنەوە ئێران، لەبەر ئەوەی کێشەی سیاسیان هەیە و، لە هەمانکاتیشدا خۆیان بە کرستیان (مەسیحی) لە دانیمارك لە قەڵەم داوە.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوە دا کە کونسڵی ئێرانیش هاتۆتە سەر خەت و قسەی لەگەڵ لایەنی دنیمارکی کردووە، ئەوەش زیاتر کێشە بۆ ئەو خێزانە دروست دەکات.

ئاماژەی بەوەش دا کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 02/04/2022 شاندێکی ناوەندی کوردستانی لە کۆپنهاگن، بەشدارییان لە ڕێ و ڕەسمی خۆپیشاندان کرد لەگەڵ حزبێكی دانیمارکی بە ناوی F.G، ئیدانەی ئەو کارەیان کرد، کەوا لەگەڵ ئەو خێزانە کوردە کراوە و وەك ناوەند پاڵپشت و پشتیوانیان دەکرێت.

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.