Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 11:18

بله‌ی سه‌عه‌ كه‌ڕ .. به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ناسرا، به‌ڵام هونه‌ر سوودی بۆی نه‌بوو ..؟!

ئیبراهیم سه‌عید  ( بله‌ی سه‌عه‌ كه‌ڕ 1942_ 1/9/2010)
کوردستان TV
100%

كه‌م نین ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌ خاوه‌نی چه‌ندبه‌هره‌یه‌كن و له‌ڕێی ئه‌و به‌هرانه‌وه‌ خزمه‌ت به‌فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و قسه‌خۆش و نوكته‌بازو خۆش مه‌شره‌ب، هه‌روه‌ها دۆبلاژی فیلمی كارتۆن و لاسایكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ڕادیۆ و ته‌یاره‌ ، هونه‌رمه‌ندێكی دێرینه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ( ئیبراهیم سه‌عید) كه‌ به‌ ( بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ ) ناسراوه‌، كاتێك كه‌باسی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ له‌ڕووی به‌سه‌رهات و خۆش مه‌شره‌بی و كه‌یف و زه‌وق و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان كه‌ هه‌میشه‌ خه‌نده‌و دڵگه‌شیی به‌به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌خشیوه‌ ، له‌پاڵ ناوهێنانی بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ  چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی تر ده‌بێت ناویان بهێندرێت چونكه‌ ئه‌وانیش هاوشێوه‌ و هاوشان و هاوڕێی بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ بوون له‌ قسه‌ی خۆش و نوكته‌و به‌سه‌رهاتی ڕاسته‌قینه‌ كه‌به‌سه‌ریاندا هاتووه‌ ، ئه‌وانیش ( فه‌ریقه‌ كوێر ، عیزه‌ت یه‌ك پارچه‌ ، خاڵه‌ ڕه‌جه‌ب ، به‌كری حاجی سه‌عه‌ڕه‌ش و ڕه‌حیمی وه‌ستا مه‌حمودی ناڵبه‌ند، ناسراو به‌ڕه‌حیمه‌ فشه‌و  ....چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیكه‌)

ئه‌گه‌ر باس له‌به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و بواری هونه‌ری گۆرانیگوتنی بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ بكرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت ناوی  هونه‌رمه‌ندان كه‌ هاوڕێی كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و باده‌نۆشین بوون  ( ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ  و تالیب مه‌جید ، ناسراو به‌ته‌له‌) بهێندرێت.

بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ ، گۆرانیبێژ ، قسه‌خۆش وبه‌شێك له‌ته‌مه‌نی به‌خشیوه‌ به‌ بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان و پێشمه‌رگه‌یه‌كی  دڵسۆزو به‌وه‌فای  كوردایه‌تی و سه‌رده‌مێكیش ئاواره‌ بووه‌ .

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ بێ نازه‌ ماوه‌ی (68) ساڵ ژیاوه‌ ، به‌ڵام ماوه‌ی نیوسه‌ده‌ی به‌ته‌نیا بردۆته‌ سه‌ر ، هه‌میشه‌ له‌دانیشتن و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كاندا به‌ده‌نگ و ‌به‌هره‌ی قسه‌ و نوكته‌و به‌سه‌رهاته‌ خۆشه‌كانی كۆڕ گه‌رم كه‌رو زه‌وق و شه‌وق و چێژ و خه‌نده‌ی به‌خشیوه‌، تا ده‌نگی له‌بره‌ودا بوو ، پیری و نه‌خۆشیی و جه‌سته‌ لاوازی ته‌نگی پێهه‌ڵنه‌چنیبوو،  زۆر له‌ده‌وری بوون و شه‌وه‌ سووره‌كان  و پێكه‌كان له‌چاوی كاك برایمه‌وه‌ هه‌ڵدراون ،  هه‌روه‌ك چۆن  بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر

( حه‌سه‌ن زیره‌ك) زۆر ڕاستبێژانه‌ ئه‌و ده‌رده‌ دڵه‌ی كردووه‌ و له‌هه‌ستێكی بێكه‌سیدا كاتێك كه‌كه‌وتۆته‌ زیندان كه‌سێك نه‌بووه‌ لێی بپرسێ فه‌رموویه‌تی :

( تاله ‌ده‌ربووم دۆست به‌ملیۆن ڕێی نه‌بوو بكات سڵاو

گه‌ر گیرام و كه‌وتمه‌ زیندان وه‌ك ئاوری ئاو پیا كراو )

به‌داخه‌وه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌بۆته‌ كه‌لتوور بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد بۆ هونه‌رمه‌ندان و كه‌سایه‌تیه‌كانی ، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید ئه‌ویش ژیانی به‌وشێوه‌یه‌ گوزه‌را تادواساته‌كانی ژیانی هه‌رده‌ست له‌ئه‌ژنۆ بووه له‌ژێر بنمیچێكی كرێنشینیدا‌.

( خۆشه‌ویستی گۆشه‌كه‌ی ته‌نیایی هه‌رئه‌ژنۆكه‌مه‌

بۆیه‌ ڕۆژ و شه‌و وه‌ها گرتوومه‌ته‌ نێو باوه‌شم ( ( هێمن)

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ میللییه‌ ده‌نگخۆش و قسه‌ خۆشه‌ با له‌زاری خۆیه‌وه‌ به‌م هۆنراویه‌ بیناسین..!

( مێژوو هاوڕێی ژینمه‌ ، كه‌یادی ده‌كه‌م ده‌وای برینمه‌

ناوم ئیبراهیم كوڕی سه‌عیده‌،  كوڕی مسته‌فا نه‌وه‌ی ڕه‌شیده‌

ساڵی 1942 له‌سلێمانی  ، وه‌كو كوڵه‌ وه‌یباب سه‌رم ده‌رهانی

ساڵی گرانی و جه‌نگی جیهانی ، دایكیشم دایناباری گرانی

له‌وساته‌ی به‌رگی لاویم پۆشیوه‌، هیچ كه‌سی خۆم به‌چاو نه‌دیوه‌

نه‌دایك و باوك و خوشك و برا ،بێ سه‌رپه‌رشتی بۆمن دانرا

هه‌روه‌ك شیعره‌كه‌ی خواجه‌ شیرازی ، حاجی سه‌عه‌كه‌ڕ خوا لێیبێت ڕازی ) ( 1)

ئیبراهیم سه‌عید مسته‌فا ڕشید ، ناسراو به‌ ( بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ) ، باوكی خاوه‌نی دوو هاوسه‌ر بووه‌ ( فاتمه‌ خان و ئامینه‌ خان) له‌به‌ره‌ی هه‌ردوو هاوسه‌ر سه‌عید مسته‌فا خاوه‌نی (  پێنج كوڕ و پێنج كچ) ، له‌ساڵی (1942) له‌گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ی شاری سلێمانی  بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ له‌دایك ده‌بێت، ماڵیان دراوسێی ماڵی حاجی تۆفیق ( پیره‌مێرد 1867_1950) ی شاعیر بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیبراهیم منداڵێكی چوست و چالاك و زیره‌ك بووه‌ ، پیره‌مێردی شاعیر زۆری خۆشویستووه و چاوێری هه‌ڵس و كه‌وت‌ و ڕێنمایشی  كردووه‌ ‌، له‌ته‌مه‌نی (7) ساڵیدا واته‌ ساڵی (1949) پیره‌مێرد بردوویه‌تیه‌ له‌چاپخانه‌ی ( ژین) كاری پێكردووه‌ ، ئیبراهیم سه‌عید و مه‌حمود خاكی هه‌ردووكیان ڕۆژانه‌ ، ڕۆژنامه‌ی ژین یان له‌ناوبازاڕی سلێمانی به‌شێوه‌ی  ده‌ستگێڕ  فرۆشتووه‌، حاجی تۆفیق ( پیره‌مێرد) دركی به‌ده‌نگ خۆشیی ئیبراهیم كردووه‌، له‌یادی جه‌ژنی نه‌ورۆزی ساڵی (1950) له‌گه‌ڵ خۆیدا بردوویه‌تی بۆ گردی مامه‌ یاره‌و له‌گه‌ڵ چه‌ند منداڵیكی دیكه‌دا كۆرسێكی درووستكردووه‌، ئیبراهیم سه‌عید یه‌كێك بووه‌ له‌و كۆرسانه‌كه‌ سروود و گۆرانییان بۆ ئاماده‌بووان و ئاهه‌نگێڕانی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز  وتووه‌،  ئیبراهیم سه‌عید له‌قه‌له‌نده‌رخانه‌كه‌ی پیره‌مێردی شاعیر ده‌مێنێته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی پیره‌مێردی فه‌یله‌سوف كۆچی دوایی ده‌كات( 19/6/1950).

( ئه‌وه‌بوو شه‌ش  ، حه‌وت مانگێك به‌رده‌وام له‌و قه‌له‌نده‌رخانه‌یه‌دا كارم ده‌كرد ئیدی پیره‌مێرد، وه‌فاتی كرد  و من بێ سه‌رپه‌رشت مامه‌وه‌، دواجار دایكم بردمی كردمی به‌شاگر دارتاش لای خوالێخۆشبوو وه‌ستا ( ئه‌وه‌ڕه‌حمانی گورون) دوكانه‌كه‌ی لای جاده‌ی مه‌وله‌وی بوو) (2) .

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید ، له‌ته‌مه‌نی (9) ساڵیدا خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن ، واته‌ له‌ساڵی (1951) له‌قوتابخانه‌ی ( فه‌یسه‌ڵییه‌) ده‌وامی ئێواران خوێندوویه‌تی ، به‌ڕۆژ شاگری دارتاش بووه‌ و ئێواران خوێندوویه‌تی ، له‌به‌ر هه‌ژاری و دابینكردنی بژێوی ژیانی  هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1956) ده‌ست به‌رداری خوێندن  و شاگرد دارتاشییه‌كه‌ی ده‌بێت، ڕووده‌كاته‌ كرێكاری له‌لای وه‌ستا باشییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شاری سلێمانی، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌كرێكاری  تا خۆی ده‌بێت به‌وه‌ستای كاشی ، له‌ساڵی (1959) له‌لایه‌ن ( به‌كری سه‌عید قه‌ساب) ئه‌وكاته‌ سه‌رۆكی نه‌قابه‌ی كرێكارانی سلێمانی بووه‌ ، مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردنی وه‌ك وه‌ستای كاشی پێده‌ده‌رێت.

سه‌ره‌تای هاتنه‌ نێو دنیای هونه‌ری گۆرانی گوتنه‌وه‌..؟!

 ئیبراهیم سه‌عید هه‌رله‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ هه‌ست به‌ده‌نگ خۆشیی و توانای گۆرانی گوتنی كراوه‌ ، له‌وسه‌رده‌مه‌شدا له‌شاری سلێمانی سینه‌ما هه‌بووه‌، كه‌وتۆته‌ ژێركاریگه‌ری فیلمه‌ هیندی یه‌كان  ، هه‌روه‌ها ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك  و محه‌مه‌دی ماملێ ) گوێی له‌گۆرانییه‌كانی  ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ گرتووه‌ و لاساییكردونه‌ته‌وه‌، ئێویسته‌ ئاماژه‌ به‌توانای چرینی مه‌قاماتی فارسی ئیبراهیم سه‌عید بده‌م ، هه‌رله‌و سه‌ده‌مه‌دا ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و مه‌قامبێژانی فارس وه‌ك ( مه‌رزیه‌  ، دلكه‌ش ، ئیره‌ج خواجه‌میری و گوڵپایگانی) زۆر باوی بووه‌ و له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ئه‌و كاتی سلێمانی به‌ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ سه‌رسام بوون و چێژییان لێوه‌رگرتوون، ئیبراهیم سه‌عید كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری ده‌نگی خۆش و مه‌قامه‌ چێژبه‌خشه‌كانی ( ئیره‌ج خواجه‌میری) ئه‌و كاریگه‌رییه‌ بۆته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ ئیبراهیم سه‌عید له‌چڕینی مه‌قامدا خۆی له‌قوتابخانه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی (ئیره‌ج) دا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ، له‌بواری به‌سته‌ بێژیدا قوتابییه‌كی دڵسۆزو به‌ئه‌مه‌كی قوتابخانه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ) بووه‌، له‌ژێر كاریگه‌ری ده‌نگ و هونه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌كدا،گۆرانییه‌كانی ئه‌و بلیمه‌ته‌ نه‌مره‌ی وتۆته‌وه‌ و عاشقی هونه‌ره‌كه‌ی بووه‌ ، ئه‌وهه‌سته‌ی بۆ زیره‌كی نه‌مر هانده‌ری بووه‌ كه‌ بۆیه‌ك جار بچێته‌ دیداری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك  له‌چایخانه‌كه‌ی ( كانی مه‌لائه‌حمه‌دی بانه‌)  .

له‌شاری سلێمانیدا گۆرانیبێژ و ده‌نگخۆش هه‌بوون، بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش له‌گه‌ڵ هاوڕێیكانیان ، یان چوونیان بۆ سه‌یران ئه‌و كاته‌ چه‌ند شوێنێكی دیاریكراو هه‌بوون وه‌ك ( كانی با  ، چه‌می تانجه‌رۆ ، وه‌یس  ، قۆریه‌ شكاو و كارێزی وه‌ستا شه‌ریف ...تاد) ئه‌م ده‌نگخۆشانه‌ له‌وێ كه‌یف و سه‌فایان كردووه‌، ڕۆژێك ئیبراهیم سه‌عید وه‌ك هه‌رگه‌نجێكی ئه‌و شاره‌ ڕووده‌كاته‌ كانی با، ده‌بینێ دوو كه‌س گۆرانی پێكه‌وه‌ ده‌ڵێن و هه‌ردوكیان ده‌نگیانخۆشه‌و خه‌ڵك له‌ده‌وه‌رییان كۆبوونه‌ته‌وه‌ و به‌هونه‌ره‌كه‌یان سه‌رسامن ، دوای پرسین له‌و خه‌ڵكانه‌ی كۆڕی زكریان به‌ستووه‌ له‌ده‌وه‌ری ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ ، ئینجا ده‌زانێ ئه‌و دووكه‌سه‌ ناویان  ، هونه‌رمه‌ندان  ( ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ و تالیب مه‌جید _ ته‌له‌) یه‌ ، ئیبراهیم سه‌عید یش دوای وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی لێیان به‌چه‌ندگۆرانییه‌ك به‌شدارده‌بێت ، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( شه‌ماڵ و ته‌له‌) سه‌رسام ده‌بن كه‌ كوڕه‌ لاوێك خاوه‌نی ئه‌وده‌نگه‌ خۆشه‌یه‌وه‌ و له‌وڕۆژه‌وه‌ ده‌بێته‌ هاوڕێی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند.

له‌ساڵی (1960) ئیبراهیم سه‌عید بانگهێشت ده‌كرێت بۆ سه‌ربازی و ڕه‌وانه‌ی باشووری عێراق ، شاری (  عه‌مماره‌) ی ده‌كه‌ن ، دوای ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ربازی ، ئیبراهیم سه‌عید له‌گه‌ڵ دووهاوڕێی خۆی به‌ناوی ( نه‌وزادی عه‌لی قادر ، ناسراو به‌نه‌وزادی حه‌پسه‌ و عه‌بدوڵڵا عومه‌ری مه‌لا سووره‌، ناسراو به‌عه‌به‌ چاوشین، له‌شاری عه‌ماره‌وه‌، به‌دزییه‌وه‌ ڕاده‌كه‌ن و سه‌ربازی به‌جێ دێڵن و خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌وه‌ سلێمانی ، پاش ماوه‌یه‌ك، هه‌رسێكیان له‌ڕێكه‌وتی (1/1/1962) خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌، له‌سه‌ر چیای ئه‌زمه‌ڕ  په‌یوه‌ندییان پێوه‌ ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ پێشمه‌رگه‌. هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید له‌ناوڕیزی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان درێژه‌ به‌خه‌بات ده‌دات و به‌شداری چه‌ندین نه‌به‌ردیی  و داستان و قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات  وه‌ك كه‌سێكی ده‌نگخۆش و قسه‌خۆش و نوكته‌زان و پێشمه‌رگه‌ ماوه‌ی چه‌ندساڵێكیش ئاواره‌بووه‌ له‌ئێران ،  ( ساڵی 1964 هاتینه‌ سه‌رشاخی كۆڕه‌ك، شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد،  من له‌شه‌ڕه‌كه‌ به‌جێمام ،براده‌ره‌كانم وایانزانی بوو شه‌هیدكراوم ، ئه‌وكاته‌ش (ته‌ته‌ر ) هه‌بوو  هه‌واڵ و زانیارییان له‌شاره‌كانه‌وه‌ ئه‌هێنا بۆ ناو شۆڕش، له‌ڕێی ئه‌و ته‌ته‌رانه‌وه‌ هه‌واڵی شه‌هیدكردنی من گه‌یشتبۆوه‌ سلێمانی ، ئیتر دایكم وای زانیبوو كه‌ من كوژراوم ، به‌بیستنی ئه‌و هه‌واڵه‌ دایكم به‌جه‌ڵته‌ی دڵ ئه‌مری خوای كردبوو) هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید سه‌باره‌ت به‌هه‌ست و هه‌ڵوێستی كه‌ماوه‌یه‌كی زۆر ژیانی به‌خشیوه‌ به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌شۆرشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێدا به‌شداربووه‌، به‌وشێوه‌یه‌ ئه‌و هه‌یته‌ ده‌رده‌بڕێت ( من پێشمه‌رگه‌و شۆڕشگێڕبووم، حه‌قم به‌هیچ حیزبێكه‌وه‌ نه‌بوو، هه‌ركه‌س شۆڕشی بكردایه‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ بووم، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا سوودمه‌ندنه‌بووم له‌هیچ شتێ ، له‌به‌رئه‌وه‌ش په‌شیمان نیم ، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ی خاك و میلله‌ت بووم تاگه‌له‌كه‌م نه‌چه‌وسێته‌وه‌)  (3).

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید  تابه‌یانی (11ی ئاداری ساڵی 1970) ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی و  ، درێژه‌ به‌ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ری ده‌دات و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی یارانی به‌نوكته‌و قسه‌خۆشه‌كانی گه‌رمتر به‌جۆش و خرۆشتر ده‌كات.

ئیبراهیم سه‌عید وه‌ك ده‌نگخۆشێك ، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی ) به‌شداری ده‌كات له‌چه‌ند بۆنه‌و ئاهه‌نگێك له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی ، دیارترینیان ئاهه‌نگی رێكه‌وتی ( 25/9/1970) هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ئاهه‌نگی یانه‌ی مامۆستایانی سلێمانی به‌شداربووه‌، دواتر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی ، به‌شی گۆرانی مۆسیقا،  له‌ساڵی (1973)  له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا گۆرانی ( ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی له‌وباڵایه‌) تۆمارده‌كات.له‌هه‌مانكاتیشدا هونه‌رمه‌ندان ( حه‌مه‌ی نێرگز ، عوسمان عه‌لی و سه‌لاح مه‌جید) گۆرانی ( ئامۆزاگیان) تۆمارده‌كه‌ن.

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید، به‌شداری چه‌ندین ئاهه‌نگ و دانیشتن و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی ئازیزان و خۆشه‌ویستاندا ده‌كات، چه‌ند به‌هۆی ده‌نگخۆشییه‌كه‌یه‌وه‌ ناسراوه‌ ، دووهێنده‌ی تر به‌ قسه‌ خۆش و به‌سه‌رهات و نوكه‌ته‌كانییه‌وه‌، خاوه‌نی چه‌ندین كاسێته‌ كه‌ به‌سه‌رهات و نوكته‌و لاسایكردنه‌وه‌یه‌.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ساده‌و ساكاره‌ ده‌نگخۆشه‌ به‌هۆی ڕووخۆشیی و  سیما هه‌میشه‌ خه‌نده‌ لێباریوه‌كه‌یه‌وه‌، خۆشه‌ویستی نێو هونه‌رمه‌ندان و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌، تا دواساته‌كانی ژیانی هه‌ربه‌ڕه‌به‌نی مایه‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین به‌رهه‌می هه‌یه‌ ، به‌ڵام ناودارترین گۆرانی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید گۆرانی  ( عاشق شێته‌) یه‌

( پرچت ماری گرێ گرێ ، سه‌ره‌ڕێ له‌ڕێبوار ده‌گرێ

دێوانه‌ی خاڵی ڕووتم ، پێی بڵی ڕیگام لێنه‌گرێ

بۆده‌ڵێی عاشق شێته‌؟ بێ گوناحه‌و مه‌یلی لێته‌

له‌ته‌واوی زینده‌گی نۆكه‌ری  ده‌وری پێته‌  )

( هونه‌رمه‌ند تاساڵی 2010 زیاتر له‌ بیست كاسێت بڵاوده‌كاته‌وه‌، زیاتر له‌ (30) گۆرانی بۆ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی ناوخۆ تۆمارده‌كات، جگه‌ له‌وكورته‌ فیلمانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( عومه‌رچاوشین و حه‌مكۆ) كاری تێداكردووه‌ ) (4)

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید به‌هره‌ی هۆنراوه‌ دانانیشی هه‌بووه‌، به‌هۆنراوه‌ باسی یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی شاری سلێمانی ، گه‌ڕه‌كی ( قه‌ره‌ج ئاوا)  ده‌كات  و نوسیویه‌تی :

( ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی وائێستا خه‌باته‌ ، جێی بازرگان  و وه‌ستای خه‌یاته‌

جاران مه‌شهور بوو به‌قه‌ره‌ج ئاوا ، ئێسته‌ش ئه‌و ناوه‌ له‌سه‌ر زار ماوه‌ 

خێڵی قه‌ره‌جه‌كان په‌نجا ماڵ ده‌بوون، له‌وجێگایه‌دا نیشته‌جێ بوو بوون

مام قیراجێك بوو گه‌وره‌ی قه‌ره‌جه‌كان ، ته‌مه‌ن هه‌شتا ساڵ  ڕیش درێژو پان  )

له‌هه‌مان هۆنراوه‌دا باس له‌ پۆلیسێكی توركمان ده‌كات به‌ناوی  ( سه‌لیمه‌ فه‌ندی) كه‌ زۆر ئازاری چه‌شتووه‌ به‌ده‌ست سه‌لیمه‌ فه‌ندییه‌وه‌، بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ  له‌ به‌شێكی هۆنراوه‌كه‌دا نوسیویتی :

( ڕقی له‌من  و فه‌ریقه‌ كوێر بوو ، دایم خه‌ریكی بگره‌و به‌رده‌ بوو

كه‌ئه‌مر قه‌بزی ئێمه‌ی ده‌رده‌كرد ، ئا به‌وشێوه‌یه‌ ڕه‌فتاری ده‌كرد

صه‌ببه‌ح ساعه‌ت ئۆن شرطه‌جماعه‌ت له‌ر، صادر ئه‌مرقه‌بز بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ

هه‌م فه‌ریقه‌كۆر  عیزه‌ت یه‌ك پارچه‌ ، قۆنداغه‌ تفه‌نگ یوزه‌نه‌ن ئاڵته‌

مه‌فره‌زه‌ ته‌شكیل ئۆن بێش شرطه‌ له‌ر ، ته‌حه‌ڕی بیكه‌ن ماڵی سه‌عه‌ كه‌ڕ

ماڵی سه‌عه‌كه‌ڕ  به‌م خه‌ریته‌یه‌ ، ڕه‌قه‌می شازده‌ له‌سه‌ر حه‌ڤده‌یه‌

ماڵ فه‌ریقه‌ كۆر و عیزه‌ت یه‌ك پارچه‌ ، مقابل ماڵی حه‌مه‌ سه‌رپاچه‌

محاصر بیكه‌ن دۆرت ئه‌طرافی ماڵ ، به‌ئیشراف ڕه‌ئیس عوره‌فا حه‌مه‌ تاڵ

مقه‌یه‌د ئۆڵو فیرار نه‌كردن ، تفه‌نگ له‌ده‌ستی شرطه‌ نه‌بردن

كه‌له‌پچه‌ بیكه‌ن دوو سه‌ر سه‌ری له‌ر

عیزه‌ت و فه‌ریق بله‌ی سه‌عه‌ كه‌ڕ )

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ له‌شاری هه‌ولێر درێژه‌ی به‌ژیان داوه‌، له‌ساڵی (2005) له‌ ( داره‌توو) له‌خانوویه‌كی گڵی كرێنشینیدا تا دواساته‌كانی ژیانی به‌سه‌ربردووه‌.

بۆ نازناوی ( سه‌عه‌كه‌ڕ) بۆته‌پاشگری ناوه‌كه‌یی و، ئایا باوكی گوێی گران بووه‌ ..؟!

هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید ، كه‌ به‌ بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ ناسراوه‌ ، تاله‌ژیاندابووه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆرجار ئه‌و پرسیاره‌ی ئاراسته‌كرابێت، له‌یه‌كێك له‌ به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا به‌وشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی ئه‌وپرسیاره‌ی دایه‌وه‌  :

( من هێشتا له‌دایك نه‌بوو بووم، باوكم وه‌ستای بیناسازی بوو ، باوكم خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی گه‌وره‌ بووه‌ له‌به‌رزنجه‌، پیاوێكی زۆر وریا و چالاك بووه‌، باوكم ( كه‌ڕ ) نه‌بووه‌ ، به‌ڵكو گوێی زۆر سوك بووه‌ ، له‌ماڵێك كار ده‌كات ، له‌كۆندا وه‌ستاو كرێكار كه‌له‌ماڵێكدا كاریان ده‌كرد ، بۆنانخواردن خاوه‌ن ماڵ لێ نه‌ده‌گه‌ڕان بڕۆن له‌ده‌ره‌وه‌ نان بخۆن ده‌بێ له‌و ماڵه‌ كه‌نانیان بۆ ئاماده‌كردوون نان بخۆن، وه‌ستای قه‌دیمی كه‌ته‌نافی لێداوه‌  له‌سه‌ر و ئه‌وسه‌ری دیواره‌كه‌، تا ته‌واوی نه‌كات پێی عه‌یبه‌ بێته‌ خواره‌وه‌، ژنی خاوه‌ن ماڵ دێت بانگی باوكم ده‌كات و ده‌ڵێ وه‌ستا سه‌عید وه‌ره‌ خواره‌وه‌ نان بخۆ ، باوكیشم گوێی لێ ده‌بێ ، به‌ڵام ئه‌و مه‌به‌ستیه‌تی دیواره‌كه‌ ئه‌وڕیزه‌ چه‌نی ماوه‌  ته‌واوی بكات و ئینجا ده‌ست هه‌ڵگرێت، ژنه‌كه‌ش چه‌ند جارێكی دیكه‌ ئه‌ڵێت وه‌ستا سه‌عید ، وه‌ستا سه‌عید ، وه‌ستا سه‌عید ، ئه‌ویش هه‌روه‌ڵامی ناداته‌وه‌ و ژنه‌كه‌ش به‌ده‌نگی به‌رز هاوارئه‌كات  و ئه‌ڵێ ( سه‌عه‌ كه‌ڕ ، سه‌عه‌ كه‌ڕ ، سه‌عه‌ كه‌ڕ) هه‌رچی خه‌ڵكی ده‌رو دراوسێی ئه‌وماڵه‌یه‌ كه‌له‌ده‌وری كاره‌كه‌ی باوكم كۆبوونه‌ته‌وه‌  و گوێیان له‌و ژنه‌یه‌ كه‌چی ده‌ڵێت، هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌لێن سه‌عه‌ كه‌ڕ ، سه‌عه‌كه‌ڕ، به‌وشێوه‌یه‌  ئه‌و ناوه‌ به‌سه‌ر باوكم دابڕاوه‌ ، به‌ڵام  گۆڵمه‌ز و نه‌گبه‌تییه‌كه‌ بۆمن ماوه‌ته‌وه‌ ، باوكم ( پێنج كوڕو پێنج كچی ) هه‌بووه‌، له‌ناوخوشك و براكانمدا ته‌نها به‌من ئه‌ڵێن بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ ، واته‌ له‌ناو خانه‌واده‌كه‌مدا ته‌نها من هه‌ڵگری ئه‌و نازناوه‌م) (5)

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه‌هه‌موو ته‌مه‌نی ، خۆشیی و شادی به‌خشیوه‌ به‌ڕووخسار و ناخی مرۆڤی كورد، به‌ده‌نگی خۆش و قسه‌ی خۆش و نوكته‌و لاسایكردنه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی له‌شاری به‌غدا و له‌سلێمانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هاوڕێی دێرینی ( به‌كری حاجی سه‌عه‌ ڕه‌ش و ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ) وهه‌روه‌ها له‌ شاری هه‌ولێر و وه‌له‌سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیدا، بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ خێر و سوودی له‌ هونه‌ره‌كه‌ی نه‌چنییه‌وه‌، به‌ڵكو زۆر به‌نه‌هامه‌تی و دژواری  و كوله‌مه‌رگی كۆتا ڕۆژه‌كانی به‌ته‌نیا به‌سه‌ربرد ، به‌داخه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 1/9/2010) له‌ناو ئه‌و خانووه‌ی له‌داره‌توو تێیدا ده‌ژیا بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێكده‌نێ و ڕۆژی دواتر ته‌رمه‌كه‌ی ده‌بنه‌وه‌ زێده‌كه‌ی شاری سلێمانی و له‌گۆڕستانی ( شێخ محێدین) به‌خاكی پیرۆزی كوردستانی ئه‌سپێرن.

ڕۆحی شاد و ئارام بێت ، یادو یاده‌وه‌ریی و ده‌نگ و قسه‌خۆشه‌كانی هه‌موو كات به‌رزو به‌ڕیزبێت.

جه‌مالی ده‌لاك  ( 10/2/2022) هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌ :

(1 و3) دیدار له‌گه‌ڵ بله‌ی سه‌عه‌ كه‌ڕ ، دیمانه‌ ( هێمن ئاری ) ، گۆڤاری هه‌رێمی كوردستان  ، ژماره‌ ( 514) له‌ 7ی ته‌مموزی 2009، لاپه‌ڕه‌ (15)

(2) ده‌ستنوسێكی چه‌ندلاپه‌ڕه‌یی ، به‌پێنووسی هونه‌رمه‌ند بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ ، باس له‌ژیانی خۆی ده‌كات تا ساڵی (2010) به‌داخه‌وه‌ ژیاننامه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردووه‌، له‌لای خۆم پارێزراوه‌ ( ج،د)

(4) كتێبی ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی  تاهیر كرمانج ، چاپی یه‌كه‌م  هه‌ولێر 2017 ، لاپه‌ڕه‌ ( 225).

(5) به‌رنامه‌ی (52خوله‌ك) كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس ، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم له‌ساڵی (2008 یان 2009) په‌خشكراوه‌.

 سوپاس و پێزانینم بۆ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا

( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی ) وێنه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕی به‌خشی به‌بابه‌ته‌كه‌م ، هه‌روه‌ها سوپاس و ستایشم بۆ كاك ( تاهیر كرمانج) هه‌ندێ زانیاری سه‌باره‌ت به‌هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو پێ به‌خشیم .(ج،د)

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.