Erbil 38°C سێشەممە 03 ئازار 06:00

کچە قوتابییه‌كی زانکۆ كتێبێكی شیعریی بڵاوکردەوە

کوردستان TV
100%

کچە قوتابییەکی زانکۆ کە لە قۆناخی چوارەمی بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی سۆران کتێبی شیعری بڵاوکردەوە.

خەڵات زرار ئەو کچە قوتابییەی یەکەمین کتێبی شیعریی خۆی به‌ ناونیشانی: "نۆتەی چاوەڕوانی" چاپ و بڵاو کردۆەتەوە، لەمبارەیەوە و سەبارەت بە ئەزموونی شیعری خۆی بە زانکۆی سۆرانی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2010ـەوە دەستم بە نووسین کردووە؛ سەرەتا نووسینەکانم سادە و کلاسیک بوون و زیاتر گرنگیم بە فۆڕم و ڕووخساری شیعر دەدا، بەڵام دواتر شێوازی خۆمم گۆڕێ ئەمەش بەهۆی چەند وەرچەرخانێک لە خودی خۆمدا. دواتر بەوە گەیشتم کە شیعری سەربەست زیاتر من وەک خۆمی ڕاستەقینە دەگەیەنێت."

خەڵات زرار هەروەها جەختی کردەوە کە "کتێبەکە پێناسەیەکە بۆ دۆخی هەنووکەیی من وەک کچێکی نوسەر."

سەبارەت بە نۆتەی چاوەڕوانی، خەڵات، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: نۆتەی چاوەڕوانی  پێکهاتووە لە شیعر و قەسیدە، شیعر و قەسیدەکان سەر بە بابەت و فۆڕم و تەکنیکی جیاوازن. جیا لەوەش تێکەڵەیەکن لە شیعری کلاسیک و مۆدێرن. نۆتەی چاوەڕوانی بۆ من پێویستییەکی ڕۆحی و سایکۆلۆژی بوو. سەرەڕای بەرهەمێکی ڕۆشنبیری، وەکو دوایین نوسخەی خۆم کە بەم دواییانە پێی گەیشتووم؛ وەکو مرۆڤێکی سەردەمی ئاڵۆز کە خۆی گونجاندووە لەگەڵ ئاڵۆزییە بە ناویەکداچووەکانی ئەم سەدەیە و پێناسەیەکی وردە بۆ دۆخی هەنووکەیی من وەک کچێکی نوسەر.

 خەڵات دەڵێت: ئەمە ئەزموونێکی سەرەتایی منە و هیوادارم ئەمە ببێتە هەنگاوی یەکەم بۆ دەستپێکی گەشتێکی دوورودرێژ بۆ ناو قووڵاییەکانی ئەدەبیات و نووسین. دەشڵێت کە باوەڕم بە هەنگاوی یەکەمی خۆم هەیە و بە تاسەوەش گوێ بۆ ڕەخنەگرانی شیعر و ئەدەب دەگرم، تا بەرهەمەکەم هەڵبسەنگێنن.

جێی باسە لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێوڕەسمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبەکە لە شاری سۆران بەڕێوە دەچێت. هاوکات بڕیارە بەشی کوردیی فاکەڵتیی ئاداب پانێڵێک بۆ ئەم بەرهەمە شیعرییە ڕێک بخات و تیایدا سەرەڕای خوێندنەوەی شیعرەکان بە دەنگی خودی شاعیر، چەند مامۆستایەکیش خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ دەقە شیعرییەکان پێشکەش بکەن.

کوردستان کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.