Erbil 38°C سێشەممە 03 ئازار 05:58

ساڵێك بەسەر كۆچی دوایی دڵزاری شاعیر  تێپەڕ دەبێت

کوردستان TV
100%

ئەحمەد دڵزار، شاعیر و تێكۆشەری ناسراوی كوردستان لە تەمەنی 101 ساڵیدا  لە10-4-2021لە شاری  هەولێر كۆچی دواییكرد..
ئەحمەد دڵزاری شاعیر، ساڵی 1920 لە كۆیە لە دایكبووە و لە چلەكانی سەدەی رابردووەوە تا دوا تەمەنی، گەنجینەی پڕ لە سەروەری و شیعرو ورەی بەرزو خۆڕاگری خستە سەر ئەدەبیاتی كوردی.
دڵزاری شاعیر، جگە سەدان بەرهەمی شیعری بە زمانی كوردی و عەرەبی و نووسین و بیرەوەرییەكانی فەرهەنگی بابا تاهیری هەمەدانی، كە بەزاراوەی لوڕیە وەریگێڕاوەتە سەر زاراوەی سۆرانی. تاكە شاعیری كوردە 101 ساڵ تەمەنی تەواو كردووە، لە رووی تەمەن درێژیشەوە دووەم شاعیری‌ ‌سەر ئاستی جیهان بوو.
ژیاننامەی دڵزاری شاعیر:
دڵزار كە ناوی تەواوی، ئەحمەد مستەفا محەمەد ئاغای حەوێزییە، لە ساڵی 1920 لە شاری كۆیە و لە بنەماڵەیەكی ناسراو لە دایكبووە.
لە تەمەنی 7 ساڵیدا باوكی ڕادەستی مەلا ئەسعەدی كردووە و فێری نووسین و خوێندنەوە بووە، ماوەی دوو ساڵێك لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی.
لە ساڵی 1929 و لە تەمەنی 9 ساڵیدا دەچێتە بەر خوێندنی سەرەتایی لە كۆیە، دوای ئەوەی لە ساڵی 1937 بۆ یەكەمجار قوتابخانەی ناوەندی لە كۆیەدا دەكرێتەوە، ئەویش دەچێتە ناوەندی و دواتر دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت.
ساڵی 1959 بە ئەندامی یەكێتی ئەدیبانی عێراق وەرگیراوە. لە ساڵی 1970ش بە ئەندامی یەكەم دەستەی بەڕێوەبەری یەكێتی نووسەرانی كورد هەڵبژێردرا.

لەنێوان ساڵانی 1974 بۆ  ساڵی 1979 نوێنەری بەرەی نیشتیمانی بووە لە لیژنەی هەولێردا، لەپاڵ ئەمەدا ئەندامی دەورەی یەكەمی ئەنجومەنی یاسا دانان بووە لە هەرێمی كوردستان. لە ساڵی 1975 بە ئەندامی ئەنجومەنی هاوكاری عێراقی ئاشتی وەرگیرا.

نموونەی شیعرەكانی..

شیعرێك دەربارەی ژیانی خۆی

هەشتی یەكی هەزار و نۆسەد و نەوەت و دوو
حەفتا و دوو ساڵی ڕەبەق لە تەمەنم تەواو بوو
وەك كەسانێكی ئازاد، ژینی ئاسایی نەژیاین
دوای بەندی و پارتیزانی ئێستاش وا لە غوربەتاین
بەڵام ئەوەی كە مایەی سەربەرزی و شانازییە
سەرشۆرنەكردنمان و خەبات و گیانبازییە

شیعری "تاكەی "..
كەوا لەلایەن هونەرمەند ناسر ڕەزازی كراوەتە سروود.
ئەی كوردە تاكەی خەریك تاڵانی
خەریكی ماڵی خوێش و خزمانی

تاكەی حەز ئەكەن بە زللەی یەكتر
تاكەی هەر تینوون بە كەللەی یەكتر
تاكەی تێناگەن تاكەی پێناگەن
تاكەی بەپەندو بێژی كەس ناكەن
تاكەی فەسادی تاكەی كەسادی
هەتاكەی تیژن لەسەر عینادی
تاكەی مەی نۆشی تاكەی بێ هۆشی
تاكەی وڵات و میللەت فرۆشی
تاكەی خەریكی ڕامی و پۆكەری
تاكەی مەراقی و كاری جۆكەری
تاكەی حەق نێژی تاكەی خوێنڕێژی
گڵۆڵەی ژینت وا كەوتە لێژی
تاكەی لە وەقتی مەینەت چەقیوون
لەناو میلەتان هەر وەك هەتیوون
تاكەی مەحكومی تەكیەو خانەقان
تاكەی بۆ وەتەن بێ وەعدو بەقان
تاكەی هەر ڕازین بە نیری ملتان
تاكەی هەست ناكەن بە زامی دڵتان
ئا- كامران
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.