ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبووەوە و گفتوگۆی لەبارەی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی حکوومەت بۆ یۆنان، سەردانیکردنی شاندی حکوومەت بۆ دانوستان لەسەر دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم، بەردەوامیدان بە گفتوگۆکردن لە سەر پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەیەکی باشتر تەوەرێکی دیکە کرا، هەروەها چەند بڕیارێکیش لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان درا.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یۆنان و بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووری دێلفی و دیداریان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای یۆنان خستەڕوو. ئاماژەی بەوەدا كە حكوومەتی یۆنان، ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ھەماھەنگیكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان لەبوارە جیاكاندا، بەتایبەت لە گەشتوگوزار و وەبەرھێنان، گوتیشی: بڕیارە شاندێكی باڵای یۆنان سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، خاليد شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، باسی لە سەردانی ئەم حەفتەیەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کرد.
لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، وێڕای دەستخۆشیکردنمان لە شاندەکە و ڕاسپاردنیان بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، جەختیشی کردەوە لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داکۆکی لێکردنیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق. لەو ڕوانگەیەشەوە، حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر دۆسیەی نەوت و گاز کە بەرژەوەندی گشتی هەمووان لەخۆ بگرێت، کۆبوونەوە و گفتوگۆکان تا ئێستا بەردەوامن و ڕێککەوتنی کۆتایی ئەنجام نەدراوە. لە هەمانکاتدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە، لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەبینێتەوە وەک لە دەستووردا هاتووە و حکوومەتی هەرێم، پابەندبوونی خۆی لە بەرامبەر کۆمپانیا نەوتییەکان دووپات دەکاتەوە تا گەیشتن بە ڕێکەوتنی کۆتایی بەگوێرەی دەستوور، کە مافی هەموو لایەنەکانی تێدا پارێزراو بێت.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بەردەوامیدان بوو بە گفتوگۆکردن لە سەر پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارکردن لە ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی برەودان بە باشتر ڕاییکردنی کارەکانی حکوومەت و پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەت و نەهێشتنی ڕۆتین و لێکۆڵینەوە لە داواکاریی و پێداویستی وەزارەتەکان لە پێناوی چارەسەرکردنیان، بە ئامانجی برەودان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی، بە شێوەیەکی باشتر بە هاووڵاتیيان و بەدەنگەوەچوونی داخوازیی و داواکانیان.
لە بڕگەی سێیەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەشنووسی ( پەیڕەوی ناوی بازرگانی و تۆمارنامەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان) پەسەند کرد لە بەر ڕۆشانیی یاسای ژمارە 14 ساڵی 2021 کە ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکانی بەدەستهێنانی ناوی بازرگانی و تۆمارکردنی لە تۆمارنامەی بازرگانی و دەستنیشانکردنی لایەنی پەیوەندیدار کە وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی حکوومەتی هەرێمە، ئەویش بە ئاراستەی ئاسانکاریی بۆ بازرگان وخاوەنکاران و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیای زانیاری و پێدانی ژمارەی بێ هاوتا بە بازرگانەکان بە ئاراستەی ئاسانکاریی لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و کەمکردنەوەی ڕووتین وبرەودان بە چالاکی بازرگانیی.
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پەسەندکردنی (پڕۆژەیاسای نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان) کە لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار خرایەڕوو، وەک لە هۆکارەکانی گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاساکە هاتووە، مەبەست لەم یاسا نوێیە ئەوەیە، وەزارەت بتوانێت وەڵامدەرەوەی پێشکەوتن و فراوانبوونی شار وشارۆچکەکانی هەرێم بێت و لە ئاستی داخوازیی وپێداویستیيەکانی هاووڵاتیان بێت، لە پڕۆژە یاساکەدا پێکهاتەی نوێی وەزارەت، لە فەرمانگە وبەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانی شارەوانی وگەشتوگوزار لە پارێزگا وئیدارە سەربەخۆکان وقەزا و ناحیەکان بەجۆرێک ڕێکخراوەتەوە کە لە ئاست ئامانج و چالاکیيەکانی وەزارەت بن ، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دە ساڵی جێبەجێکردنی یاسای ئێستا و بڕیاردرا پڕۆژەکە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی.
پاشان ئەنجوومەنی وەزیران، پێشنیاری بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی پەسەند کرد، سەبارەت بە هەڵگرتنی ڕەسمی باج و گومرگی لە سەر ئاژەڵی هاوردەکراو لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێم.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.