Erbil 38°C سێشەممە 01 تەمووز 11:30

مانچسته‌رسیتی و لیڤه‌رپول دوایین دوو بلیتی قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنس لیگیان به‌ده‌ستهێنا

کوردستان TV
100%

لە گەڕی هاتنی قۆناغی چارەگی كۆتایی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە یاریگای واندا میترۆ پۆلیتانۆ لە مەدرید میوانداری یانەی مانچستەرسیتی خاوەنی پلەی دووەمی وەرزی ڕابردووی خولەكەی كرد، لە ئەنجامدا هەردوو تیپ بێ‌ گۆڵ یەكسان بوون.
 لە یاریەكەدا یاریزانانی هەردوو یانە چەندین هێرشیان كردە سەر گۆڵی یەكتر، لە ڕیزی مان سیتی هەریەك لە ئێلكای گۆندوگان و جۆن ستۆنزو ڕیاز موحریزو كیڤن دی بروین چەند جارێك خۆیان لە گۆڵی تیپی میواندار نزیك كردەوەو چەند دەرفەتێكیان لەدەستدا.
 لەو لاشەوە هەریەك لە ئەنتوان گریزمان و جیفری كۆندۆگبیاو ماركۆس یۆریێنتی و ڕۆدریگۆ دی پاول چەند هێرشێكیان كردە سەر گۆڵی مان سیتی، بەڵام هێرشەكانیان بێ‌ ئاكام بوو، لە دواساتەكانی یاریشدا، ناوبژیوان بە كارتی سوور، فێلیپی بەڕازیلی و بەرگریكاری ئەتلەتیكۆی كردە دەرەوەی یاریگا، لە ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەكەدا هەردوو یانە بێ‌ گۆڵ بەرامبەر بوون.
 بەم ئەنجامەش مانچستەرسیتی بە سوود وەرگرتن لە بردنەوەی لە یاری گەڕی چوون بە گۆڵێكی بێ‌ بەرامبەر گەیشتە قۆناغی پێش كۆتایی و لەم قۆناغەش ڕووبەڕووی یانەی ڕیال مەدرید دەبێتەوە، ئەتلەتیكۆ مەدریدیش ماڵئاوایی لە چامپیۆنس لیگ كرد .

لە یاریەكی دیكەی گەڕی هاتنی قۆناغی چارەگی كۆتایی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاو لە ڕووبەڕوو بوونەوەیەكی پڕ گۆڵدا، هەردوو یانەی لیڤەرپول و بەنفیكا بە سێ‌ گۆڵ بۆ هەریەكەیان یەكسان بوون، یاریەكە لە یاریگای ئانفیڵد لە شاری لیڤەرپول بەڕێوەچوو.
 لە خولەكی بیست ویەكدا، بەرگریكاری فەڕەنسی، ئیبرهیما كۆناتێ‌ گۆڵێكی بۆ لیڤەرپول به‌ لێدانی سه‌ر تۆماركرد، پاشان یاریزان جوانكالۆ ڕامۆس گۆڵی بەرامبەری بەنفیكای لە خولەكی سیی و دوو بەدەستهێناو ئەنجامەكەی لە گێمی یەكەم یەكسان كردەوە.
 لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجاوپێنجدا، ڕۆبێرتۆ فێرمینۆی بەڕازیلی گۆڵی دووەمی میواندارەكانی تۆماركرد، دواتر هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی تیپەكەی لە خولەكی شەست و پێنج بەدەستهێنا.
 لەو لاشەوە هێرشبەری ئۆكرانی ڕۆمان یارێمچوك گۆڵی دووەمی بەنفیكای لە خولەكی حەفتاوسێ‌ تۆماركرد، بەدوای ئەویش، هێرشبەری ئۆرگوایی، داروین نونێز گۆڵی سێیەم و بەرامبەری تیپە پۆرتوگالیەكەی لە خولەكی هەشتاودوو بەدەستهێناو ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەكەی یەكسان كردەوە، لە یاری گەڕی چووندا، لیڤەرپول لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە سێ‌ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك سەركەوتنی بەدەستهێنابوو، بۆیە بە كۆكردنەوەی ئەنجامی هەردوو گەڕی چوون و هاتن، یانە ئینگلیزیەكە بە شەش گۆڵ بەرامبەر بە چوار گۆڵ پێش بەنفیكا كەوت و گەیشتە قۆناغی پێش كۆتایی و لەم قۆناغەش یاری لەگەڵ یانەی ڤیاریال  دەكات.

 


                                                          
 

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.