Erbil 38°C دووشەممە 02 ئازار 12:21

دەست بە گۆڕینی ماستەر پلانی هەولێر دەكرێت

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ پێنجشەممە (14/4/2022) یەكەم كۆبوونەوەی كۆمیتەی ڕێكخستنی هاوبەش (JCC) بۆ هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوە چوو.
دوای ئەوەی سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) لێكتێگەیشتنی پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێریان بەشێوەی مینحە واژوو كرد كە پایتەختی هەرێمی كوردستان دەخاتە قۆناغێكی نوێی گەشەسەندنەوە، یەكەم كۆبوونەوەی JCC بەڕێوە چوو.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گرنگیی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێری خستە ڕوو، بۆ ئەوەی گەشەی شارەكە بە شێوەی زانستی بێت و جارێكی دیكە سوپاسی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە لێكتێگەیشتنی پرۆژەی ماستەرپلانی شارەكەیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار واژوو كردووە. هەروەها دووپاتی كردەوە، كار بۆ هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان كراوە و ئەو دەڤەر و شوێنانەش كە تا ئێستە ماستەرپلانیان نییە، خراونەتە ناو پرۆژە ستراتیجییەكانی حكوومەت و كاریان لەسەر دەكرێت.
كۆبوونەوەكە پێكهاتبوو لە بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، جێگری پارێزگاری هەولێر، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی ئاو و ئاوەڕۆ، وەزارەتی كارەبا، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دەستەی وەربەرهێنان، دەستەی ژینگە،  ئەنجوومەی باڵای وەبەرهێنان، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەڕێوەبەر.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر شێوازی كاری تیمەكانی JCC درا كە پێكهاتوون لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە لەگەڵ تیمی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كارەكانیان بكەن و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لێ كردن، ئەو تیمە دەبێت بەوپەڕی هەستی بەرپرسیارییەتی كارەكانیان بكەن، چونكە دانان و هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەر شارێك، شێوازی گەشەسەندنی ئەو شارە بۆ چەندان دەیە ڕێك دەخات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.