به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی نێوان پۆلیسی ئیسڕائیل و نوێژخوێنانی فه‌ڵه‌ستینی له مزگه‌وتی ئه‌قسا (قودس) له ئۆرشه‌لیم، به‌لایه‌نی كه‌م 152 كه‌س برینداربوون و گه‌یه‌نراوه‌ته نه‌خۆشخانه.
له شه‌وی ڕابردووه‌وه هاووڵاتییه‌كی زۆری فه‌ڵه‌ستینی له‌نێو مزگه‌وتی قودس مابوونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌وێ به‌شداریی له نوێژی هه‌ینیدا بكه‌ن، به‌ڵام نوێژكه‌ران پێش نیوه‌ڕۆ ڕووبه‌ڕووی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پۆلیسی ئیسڕائل بوونه‌وه و به‌هۆیه‌وه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و توندوتیژی له‌نێوانیاندا ڕووی دا.
لای خۆیه‌وه مانگی سووری فه‌ڵه‌ستینی ئاشكرای كرد: تا ئێستا 152 هاووڵاتی فه‌ڵه‌ستینی كه به‌هۆی گوله‌ی پلاستیكی و بۆمبی ده‌نگی و توندوتژییه‌كانی سوپای ئیسڕائیل بریندار بوون، گه‌یه‌نراونه‌ته نه‌خۆشخانه.
حكوومه‌تی فه‌ڵه‌ستین له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هێرشكردنه سه‌ر هاووڵاتییان له‌لایه‌ن پۆلیسی ئیسڕائیله‌وه له‌نێو مزگه‌وتی ئه‌قسا به مانای ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ دێت و هه‌رگیز ئه‌مه قبووڵ ناكه‌ن.
نه‌بیل ئه‌بو ردێنه گوته‌بێژی حكوومه‌تی فه‌ڵه‌ستین ڕایگه‌یاند: پێویسته به په‌له لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕووداوه هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه له‌ده‌ست ده‌رنه‌چێت.
لای خۆشییه‌وه پۆلیسی ئیسڕائیل ئاشكرای كرد كه به‌هۆی ڕووداوه‌كانی ئه‌مڕۆی ئۆرشه‌لیم زیاتر له 300 كه‌سیان ده‌ستگیركردووه.
نه‌فتالی بینیت سه‌رۆكی حكوومه‌تی ئیسڕائیل ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه كار ده‌كه‌ن بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه و سه‌قامگیركردنه‌وه‌ی كه‌شی نێو مزگه‌وتی ئه‌قسا و ته‌واوی وڵات.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له وه‌زیری ئاسایشی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیس و فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سنوور قسه‌ی كردووه و هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.