Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 10:55

به‌هادین نه‌وروزی : گۆرانیبێژه‌ دێرینه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی ئه‌رده‌ڵان و شاری سنه‌ ..!

  ( 1934_ 16/3/2014)
کوردستان TV
100%

هه‌ر ده‌ڤه‌رو شارو شارۆچكه‌و پارچه‌یه‌كی كوردستان ، بگه‌ڕێیت بێگومان له‌هه‌موو بواره‌كانی  فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و  ئه‌ده‌ب وهونه‌ر دا هه‌ر پارچه‌یه‌ك به‌ئه‌ندازه‌ی پێگه‌و جوگرافیاكه‌ی ده‌وڵه‌ومه‌نده‌‌، به‌هۆی بارودۆخی نائارامیی كوردستان و نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت ،نه‌مان توانیوه‌ به‌ته‌واوی ئاشنا بین به‌ كار و چالاكیه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی  خۆشخوان و ئاوازدانه‌ر و ژه‌نیار ، له‌سه‌رده‌مانی تێكۆشانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌م ده‌نگ و سه‌داو  هونه‌ری هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند سنووری جوگرافیای شار و پارچه‌ كوردستانییه‌كه‌ی تێپه‌ڕاندبێت، دیاره‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی ڕاگه‌یاندنێكی گشتگیر ، یان ئه‌و زاراوه‌و  نیمچه‌ زاراوه‌یه‌ی كه‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ هونه‌ره‌كه‌ی پێ خوێندووه‌، لێره‌دا به‌ڵگه‌یه‌ك دێنمه‌وه‌ كه‌هه‌میشه‌ جێی پرسیاره‌ ، هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان  خاوه‌نی ده‌نگی ئه‌فسوناوی ( سه‌یدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی) زاده‌ی ناوچه‌ جوانه‌كه‌ی ئه‌رده‌ڵانه‌ و به‌ زاراوه‌ی ئه‌رده‌ڵانی ئاخاوتووه‌، به‌ڵام كاتێك ده‌نگ و سه‌داو چریكه‌ی به‌سۆزی خستۆته‌ خزمه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، به‌ زمانێك تێیچریكاندووه‌ و هۆنراوه‌ی شاعیرانی كلاسیكی خوێندووه‌، له‌كوێستان و گه‌رمێنی كوردستان لێیی تێده‌گه‌ن و چێژ له‌ده‌نگ و  ئه‌داو هونه‌ره‌كه‌ی وه‌رده‌گرن، ده‌بێت ئه‌و هۆكاره‌ چی بووبێت كه‌ هونه‌رمه‌ند ( سه‌ی ئه‌سكه‌ر)  مه‌به‌ستی بووه‌ به‌و دیالێكته‌ سۆرانییه‌ گۆرانیه‌كانی خوێندبێت؟!

زۆر هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و خاوه‌ن به‌هره‌ی جوانمان هه‌یه‌ كه‌ خزمه‌تێكی زۆرییان به‌ هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی كوردی كردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وه‌ك پێویست ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان نه‌گه‌یشتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ی  زێده‌كه‌ی و به‌ڵكو له‌و جوگرافیایه‌دا قه‌تیس بووه‌، ئه‌مڕۆ به‌هۆی ته‌كنه‌لۆجیا و دنیای سۆشیاڵ میدیاوه‌، خۆش به‌ختانه‌ ڕۆژانه‌ ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كه‌مێژوویه‌كی به‌نرخیان هه‌یه‌ ده‌بیسترێن.

بابه‌ته‌كه‌مان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی شاری سنه‌ی ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵانه‌، ئه‌وشاره‌ی لێوان لێوه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌رمه‌ندی هه‌موو شێوه‌كانی هونه‌ر به‌گشتی و  هونه‌ری ئاواز و خۆشخوانی تێدا به‌رجه‌سته‌ بووه‌و به‌رهه‌م و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان به‌ته‌واوی وڵاتدا بڵابۆته‌وه‌ و ناسراون وه‌ك ( سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، حه‌سه‌نی كامگار ، حه‌سه‌ن و حسێنی یوسف زه‌مانی ، گریشا میكائیل زاده‌ ،  دكتۆر عابدسه‌ڕاجه‌دینی ،مه‌هدی حوجه‌ت سادات ، شه‌هابی جه‌زائیری ، شه‌ریفی وه‌لیدی، عه‌باس نیرومه‌ند، غوڵام عه‌لی ڕۆمی، حیكمه‌ت نوبه‌ری، مه‌زهه‌ری خالقی ، عوسمان ئه‌حمه‌دی، شكروڵڵای بابان، عه‌باسی كه‌مه‌ندی ، په‌روینی موشیر وه‌زیری، عه‌لای باباشه‌هابی، جه‌لال مه‌له‌كشا، محێدین حه‌قشوناس، مزه‌فه‌ری كامگار، شه‌ریف حسێن په‌ناهی ، جه‌مشیدی عه‌نده‌لیبی، مه‌له‌ك محه‌مه‌دی ( مه‌ڵێ) ،هۆشه‌نگ شگرف،  ناسری ڕه‌زازی ، نه‌جمه‌دینی غوڵامی ،ئیقبالی حاجبی،ئیره‌جی عه‌نده‌لیبی، یه‌دوڵڵای یه‌خچاڵی، سه‌دیقه‌ی محه‌مه‌د نه‌ژاد،حه‌مه‌ی ته‌هماسبی،  به‌رات عه‌لی نورانی ،عه‌بدوڵلای شه‌ریعه‌تی، به‌هرۆزی ته‌وه‌كولی، فه‌تانه‌ی وه‌لیدی،ئیقبالی دیهزه‌نی، شه‌هێن تاڵه‌بانی، مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی، حسێنی شه‌ریفی، كاڵێ ، یه‌دوڵڵای محه‌مه‌دی ، هادی زیائه‌دینی و بورهانی مفتی زاده‌ و  ...تاد )   

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ دێرینانه‌ی شاری سنه‌، كه‌ خاوه‌نی ده‌یان گۆرانییه‌ و به‌رهه‌مه‌كانی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌وه‌ دووپاته‌ كراونه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك جار ئاماژه‌ به‌خاوه‌ندارێتی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌كراوه‌‌ ، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ر

 ( به‌هادینی نه‌وروزی) یه‌ .

له‌مێژبوو گه‌ره‌كم بوو زانیاری له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی په‌یدابكه‌م، لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ تا ناو و هونه‌ره‌كه‌ی به‌ هۆگرانی مۆسیقا و ئاوازو گۆرانی ئاشنابكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌وتۆم ده‌ست نه‌كه‌وت تا هانام برده‌ به‌ر دووبرای هونه‌ردۆست له‌شاری تاران و شاری سنه‌،

 هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی گۆرانیبێژی ڕادیۆی سنه‌ بووه‌، به‌ڵام جێی پرسیاره‌ بۆ به‌رهه‌مه‌كانی له‌ڕادیۆ كرماشاندا بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ڕێی ڕادیۆی كرماشان  ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی بڵاوكرابایه‌ته‌وه‌، بێگومان له‌باشووری كوردستان هۆگرانی ئه‌و ڕادیۆ ئازیزه‌ پێی ئاشنا ده‌بوون، یان ده‌بێ گۆرانییه‌كانی بڵاوكرابێته‌وه‌ و به‌نده‌ لێی بێ ئاگابوبێت.

 هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی ، له‌یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی شاری سنه‌ به‌ناوی ( جه‌وراوا) له‌ساڵی

 (1934) ی زاینی چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌. به‌داخه‌وه‌ زانیاریم له‌سه‌ر خانه‌واده‌و پله‌ی خوێنده‌واریی ده‌ست نه‌كه‌وت، به‌ڵام چۆته‌ قوتابخانه‌و به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی هونه‌رمه‌ند له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی دا به‌ده‌ركه‌وتووه‌، هونه‌رمه‌ند به‌فه‌رمانبه‌ر له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دامه‌زراوه‌ و به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ تا كاتی خانه‌شین بوونی.

له‌ناوه‌ڕاستی چله‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، له‌لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه‌ڕادیۆیه‌كی بێسیم  له‌شاری سنه‌ داده‌مه‌زرێنن، هونه‌رمه‌ندی مۆسیقاژه‌ن ( سه‌روان نازری) سه‌رپه‌ر‌شتی گروپی به‌شی مۆسیقاو گۆرانی ئه‌و ڕادیۆیه‌ بووه‌، هێشتا  هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی قوتابی بووه‌، له‌لایه‌ن سه‌روان نازری یه‌وه‌ بانگهێشت ده‌كرێت بۆ ئه‌و ڕادیۆیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆشه‌و توانای چڕینی گۆرانی هه‌یه‌، هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی (5) ساڵ، واته‌ له ساڵی (1946 تا 1951) گۆرانی به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ خوێندووه‌ و له‌وڕادیۆ بێسمه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌م كاری هونه‌ری و هاندانی بۆ نێو دنیای هونه‌ری گۆرانی ، به‌هادینی نه‌وروزی له‌دیدارێكدا به‌زمانی فارسی ده‌ڵێت ( یه‌كه‌م ئاهه‌نگ كه‌ خوێندم و گوتیان ده‌نگتان خۆشه‌، له‌لا‌یه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ به‌ناوی ( بوبان) هۆنراوه‌و ئاوازی فێركردم و گۆرانیم چڕی و دواتر منی به‌ڕادیۆ ناساند، له‌ڕادیۆی سنه‌ یه‌كه‌م گۆرانیم به‌ناوی ( باران بارانه‌) بوو..!(1)

ئه‌وه‌سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت كه‌له‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری هونه‌رمه‌نده‌ مۆسیقاژه‌نه‌كانی شاری سنه‌ وه‌ك ( حه‌سه‌ن كه‌مانگه‌ر ، حه‌سه‌ن یوسف زه‌مانی وگریشا میكائیل زاده‌ و عه‌باس نیرومه‌ند) شادبێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی باس له‌و ڕۆژگاره‌ ده‌كات كێ له‌ته‌كیا بووه‌ له‌ڕادیۆی سنه‌ و هاوكاری بوون ( ئێمه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ڕادیۆ سنه‌ كارمان ده‌كردو ژماره‌یه‌كی زۆر ژه‌نیارمان هه‌بوو(17_18) كه‌س بوون،به‌ڕێز حه‌سه‌ن كامگار دواتر هاته‌ لای ئێمه‌ ، كاره‌كانی ئێمه‌ی ڕێك ده‌خست، سوپاسگوزاری ئه‌وین ئێستا منداڵه‌كانی به‌ڕاستی له‌ده‌ره‌قه‌ت ئاوازه‌كوردییه‌كان هاتوون ( هۆشه‌نگ و بیژه‌ن كامگار) ئێستاش سپاسیان ده‌كه‌م هونه‌رمه‌ندی باشن، زۆربوون ئه‌وانه‌ی هاوكارییان ده‌كردین ، به‌ڕێز( جاوید) به‌رێز ( حسه‌ین فه‌لسه‌فی) ، مایسترۆی یه‌كه‌م گروپمان سه‌رهه‌نگ ( نازری ) بوو، دواتر گواسترامه‌وه‌ بۆ ( تاران) و خه‌ریكی كاری فه‌رمانبه‌ری بووم) (2)

دوای تۆماركردنی گۆرانی ( باران بارانه‌) ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌  شێوه‌زاری ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان ، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن كامگار) ، گۆرانی ( كوردستان خۆشه‌) له‌هۆنراوه‌ی ( عه‌بدوڵڵا گۆران) تۆمارده‌كات و پێشكه‌شی هه‌واداران و هۆگرانی ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ده‌كات ، ئه‌م گۆرانییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ناودارترین گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند، هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ندان

( نه‌جمه‌دینی غوڵامی ،  غوڵام عه‌لی ئاته‌شی _ ناسراو به‌كاڵێ ، گروپی كامگاره‌كان)  ئه‌و گۆرانییه‌یان خوێندۆته‌وه‌ به‌شێوازی خۆیان.

(كوردستان خۆشه‌ خاكی دڵگیره‌

چه‌مه‌ن فراوان جێگای نه‌چیره‌) .

دوای ئه‌و گۆرانییه‌ ، گۆرانی ( كاروانه‌) كه‌له‌نێو خه‌ڵكیدا ده‌نگ وسه‌دایه‌كی باشی هه‌بووه‌ ،  دیاره‌ هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی ئه‌م گۆرانییه‌ی  به‌هه‌ردوو زمانی ( كوردی و فارسی ) خوێندووه‌،هونه‌رمه‌ند سه‌باره‌ت به‌و گۆرانییه‌  ده‌ڵێت( هه‌ڵبه‌ت ئه‌م گۆرانییه‌ هۆنراوه‌ فارسییه‌كه‌ی هی ( پژمان به‌ختیاری ) یه‌ ، خوالێخۆشبوو ( حه‌سه‌ن كامگار) ته‌نزیمی كردبوو، هۆنراوه‌ كوردییه‌كه‌ش هی  خۆجێی بوو، پێموایه‌ ده‌نگێك و به‌رهه‌مێك كه‌به‌كه‌ڵك بێت و هی ئه‌وه‌ بێت گوێی لێبگیرێت ) (3)

هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی ، به‌هاوكاری  و پشتیوانی هه‌ریه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندان( حه‌سه‌ن كامگار ، عه‌باس نیرومه‌ند، حسێن یوسف زه‌مانی  و گریشا میكائیل زاده‌) له‌شاری سنه‌ گروپێكی هه‌ڵپه‌ڕكێ درووست ده‌كه‌ن، به‌شداری ده‌كه‌ن له‌چه‌ندین ئاهه‌نگ و فیستڤاڵ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ئێران، نموونه‌ی ئه‌و ئاهه‌نگانه ‌كه‌ هونه‌رمه‌ند به‌ گۆرانی ئاواز به‌شداری تێداكردووه‌ ، ئاهه‌نگی گۆرانی و مۆسیقاو هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌تارانی پایته‌ختی ئێران له‌ساڵی (1961) به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند ( عه‌لای باباشه‌هابی) ، هه‌روه‌ها به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند نه‌وروزی ئاهه‌نگی گۆرانی و مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی له‌ وڵاتی (پاكستان) له‌ساڵی (1971) ئه‌نجامدراوه‌.(4)

هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی له‌ ساڵی (1956) ی زاینی یه‌وه‌ شاری سنه‌ به‌جێ دێلێ و له‌شاری تاران نیشته‌جێ ده‌بێت زۆربه‌ی كاته‌كانی  ژیانی له‌تاران دا  به‌سه‌رده‌بات ، تادواساته‌كانی ژیانی، هونه‌رمه‌ند به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و فارسی گۆرانی خوێندووه‌ به‌و شێوازه‌ تایبه‌ته‌ ده‌نگییه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای هونه‌ره‌جوانه‌كانی تاران ، جیا له‌كاری گۆرانی خوێندن ، هونه‌رمه‌ند ئاوازدانه‌ر و ژه‌نیاری چه‌ند ئامێرێكی مۆسیقا بووه‌، ( من سه‌ره‌تا گۆرانیبێژ بووم ، به‌ڵام دوای ساڵانێك ئامێری ڤیۆلۆن  و سه‌نتوورم ده‌ستكه‌وت ، پێوه‌یان سه‌رقاڵ بووم ، دواتر ئامێری  سێ تار ، تار ، عود و زه‌رب ، ده‌ژه‌نم ئه‌موو ئه‌مانه‌ش بۆدڵی خۆم ده‌ژه‌نم ناڵێم مامۆستام ، به‌ڵام خۆم حه‌زم له‌ژه‌نینه‌) (5)

كۆی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی ، ده‌گاته‌ نزیكه‌ی (70) گۆرانی ، گۆرانییه‌كانی  هونه‌رمه‌ند :

( باران بارانه‌ ، كوردستان خۆشه‌ ، كه‌ویار ، سه‌رت به‌رزه‌وكه‌ ، نازدارگیان ، هه‌رمانگێ نه‌و بۆ حاڵم په‌شێوه‌ ، كیژۆڵه‌ی كوردی ، شیرین  شیرین گیان چاومه‌ست گیان، خۆشه‌ویستی نیشتمان ، شه‌رته‌ هه‌تا هه‌م ، لاله‌و نه‌سرین و یاسه‌مین، ئه‌ی نازه‌نین ، نازدار نازداران، ئه‌ی مانگ ، هه‌رزاڵی، شیرینه‌ سه‌وزه‌، هه‌رخۆم به‌قوربان، كانی و سه‌ركانی ، خالۆ ڕێبوار،  باڵابه‌رز و  هه‌رخۆم به‌قوربان ،،،تاد)

هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی ، له‌سه‌رده‌مانێكدا گه‌شه‌ی به‌هونه‌ره‌كه‌ی دا له‌شاری سنه‌، چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ له‌و كاته‌دا ئه‌وانیش هاتوونه‌ته‌ نێو كۆڕی خه‌باتی هونه‌ری و  گه‌شه‌یان به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی داوه‌، هونه‌رمه‌ند یه‌كێك بووه‌ له‌هاوڕێ كانی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك  له‌شاری سنه‌و  هه‌روه‌ها ئه‌وكاته‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌تاران بووه‌ ، نه‌وروزی  خوێندنه‌وه‌ی بۆ بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌وشێوه‌یه‌ و ده‌ڵێت(  هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌نه‌خوێنده‌واربوو، به‌ڵام به‌باشترین شێوه‌ ئاواز و هۆنراوه‌ی بۆبه‌رهه‌مه‌كانی ئاماده‌ ده‌كرد و ده‌یچڕی، له‌سه‌رده‌می خۆیی ناوازه‌ بوو ده‌توانین بڵێین مامۆستای ئه‌م بواره‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زه‌مانه‌ چاكه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بوو..! من هاوكاریم  له‌گه‌ڵ هه‌بووه‌ له‌ڕادیۆ ، له‌ته‌له‌فزیۆن، هه‌م خۆی هه‌م هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌ردوكیان هونه‌رمه‌ند بوون،حه‌سه‌ن زیره‌ك زۆر ئاره‌زووی مۆسیقا بوو ، زۆر ماندوونه‌ناس بوو) .(6)

هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی  زیاتر له‌نیوسه‌ده‌ ، وه‌ك گوڵێكی جوانی گه‌شاوه‌ له‌نێو گوڵستانی دنیای مۆسیقاو گۆرانی كوردی خزمه‌تی به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌، سه‌ره‌ڕای سوپاسگوزاری بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ پڕبه‌خششه‌ی كه‌ به‌مۆسیقاو گۆرانی به‌خشی ، ده‌بێت سپاسگوزاری هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیار و تیپه‌ مۆسیقیانه‌ بین كه‌ له‌پشت كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی یه‌وه‌ بوون و، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی بێ ووچانیان ئه‌رشیفی ده‌نگ و هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی كوردییان ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگبێژ و ئاوازدانه‌ر و ژه‌نیاره‌ی شاری سنه‌ ، له‌ ته‌مه‌نی (80) ساڵیدا ، له‌ڕێكه‌وتی

( 16/3/2014)  له‌شاری تاران خۆری ته‌مه‌نی ئاواده‌بێت و بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و ماڵئاوایی له‌شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی سنه‌و  ئاویه‌ر و كوچكه‌ڕه‌ش و ئازیزانی ده‌كات، ته‌رمی هونه‌رمه‌ند له به‌شی هونه‌رمه‌ندانی‌ گۆڕستانی ( به‌هه‌شتی زه‌هرا) به‌خاك ده‌سپێردرێت.

دروود و سڵاو بۆ ده‌نگ و هونه‌ری شیرینی هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی .

جه‌مالی ده‌لاك  16/12/2021


سه‌رچاوه‌ :

و 2و3و5و6) به‌رنامه‌ی گه‌نجان ، له‌ڕادیۆیه‌كی ئێران ، ئه‌م دیداره‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی دا ئه‌نجام دراوه‌  ، له‌چواره‌مین فیستڤاڵی به‌رگریی پیرۆز ، له‌ (1370) ی هه‌تاوی ، (1991) ی زاینی.

كتێبی تاریخ موسیقی سنندج ، مه‌سته‌فا زارعی ، لاپه‌ڕه‌ ( 147).

به‌پێویستی ده‌زانم ، سوپاس و ستایشی به‌ڕێزان

( عه‌تای حه‌واری نه‌سه‌ب ، له‌شاری تاران ،ڕه‌شاد ئه‌مانی له‌شاری سنه‌ ، هاوكارم بوون له‌ پێدانی زانیاری له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند به‌هادینی نه‌وروزی ، هه‌روه‌ها نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر ( فه‌رزین كه‌ریم) كه‌ ده‌قی دیداری به‌رنامه‌ی گه‌نجان ، له‌فارسیه‌وه‌ وه‌ریگێڕا بۆ زمانی شیرینی كوردی _ جه‌مالی ده‌لاك)

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.