ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێشبینیی ڕوودانی گۆڕانکاریی کرد لەم حەفتەیەدا و دەشڵێت، ئەگەر ھیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نەدات پارتی بۆ ئەو ڕەوشەی ئێستا لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ھەڵوێست و دەرچەی دیکەی لە پێشە.
لیزا کاکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دوای ھۆشدارییەکەی داومانە بە سەرۆکی پەرلەمان و تا ئێستا ڕەوشەکە هەروەک خۆیەتی، داواکارین دەست بە کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت و مافی خەڵکی کوردستان زەوت نەکرێت، چونکە ڕاگرتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کاریگەریی لەسەر ئابووریی کوردستان و بازاڕ و بژێوی ھاووڵاتییانیش ھەبووە، ھەتا لە ڕووی دەروونییەوە کاریگەریی ھەبووە.
دەشڵێت: پێشبینی دەکرێت لەم حەفتەیەدا ھەندێ گۆڕانکاری ڕوو بدات و ڕەوشەکە لەو چەقبەستووییەی هەیە، دەربازی ببێت، جارێ دیاریش نییە گۆڕانکارییەکان تا چ ڕادەیەک دەبن، بەڵام ئەو ڕەوشەی ئێستا بەم شێوەیە نامێنێت و گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، ھەموومان تەمەننای ئەوە دەکەین ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغە تێ پەڕێت و لایەنەکان بگەنە ئەنجامێک.
لەبارەی ئەوەی دەگوترێت ئەگەر پەرلەمان پەک بخرێت، پارتی نیەتی بەکارھێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی ھەیە، لیزا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: پارتی نیەتی زۆرینەی نییە، بەڵام ئەگەر ڕەوشەکە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، بەڵێ، پارتی لەپێناو خەڵکی کوردستان و بۆ بەرژەوەندیی گشتی ھەڵوێست و بەدیلی ھەیە و دەرچەیەک دەبێت بۆ ڕزگاربوون، ئەوانەی باسی زۆرینە دەکەن بۆچی چاو لە کۆبوونەوەی23ی حوزەیران ناکەن، کە ئەوان زۆرینەیان بەکار ھێنا، ئەگەر ئێمە زۆرینە بەکاریش بێنین، بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.